میدیا مەعروفی بۆ گوڵان:سیناریۆ بڕبڕەی پشتی فیلمە، كە خوار بێت جەستەیەكی جوان لەسەر ئێسكێكی سەقەت دروست دەكەن

میدیا مەعروفی بۆ گوڵان:سیناریۆ بڕبڕەی پشتی فیلمە، كە خوار بێت جەستەیەكی جوان لەسەر ئێسكێكی سەقەت دروست دەكەن

لە نێو دڵگیرترین دیمەنەكانی كوێستانەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كچە سیناریستێك بە پێنووسەكەی تابلۆی ژیان دەكێشێت، ئەو تەنیا وشە نانووسێت، بەڵكو دەنگی ئەو ئازار، هیوا و ئەو جوانییانەیە كە لە نێو چیا سەركەشەكان و كۆڵانە دێرینەكانی ڕۆژهەڵاتدا شاردراونەتەوە.

سیناریۆكانی میدیا مەعروفی ئاوێنەی ڕاستەقینەی ئافرەتی كوردن، ئەو ژنەی لە نێوان دابونەریت و مۆدێرنێتەدا، بۆ سەلماندنی ناسنامە و خەونەكانی دەجەنگێت. كاتێك ئەو دەست دەداتە پێنووسەكەی، بێدەنگیی شەقامەكان دەگۆڕێت بۆ دیالۆگێكی پڕ لە مانا و سێبەرەكان دەكاتە ڕووناكی لەسەر پەردەی سینەما،گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ میدیا ئەنجام دا سەبارەت بە ڕۆڵی گرنگی سیناریۆ و كەموكووڕییەكان لە كوردستان.

*هەڵسەنگاندنت بۆ ئاستی ئێستای سیناریۆ كوردییەكان چییە؟

-سیناریۆ بڕبڕەی پشت و بەردی بناغەی هەر فیلمێكە، بۆیە گەر بناغە بە دروستی و لە چوارچێوەی ستاندارد دانەمەزرابێت، ئەوە بێ شك دەبێتە هۆی ڕووخان و تێكشانی فیلم.

لاوازی و شكستی سیناریۆی كوردی لەوە دایە كە: كەسایەتییەكان هێمان نەك مرۆڤ، بیرۆكە لە شوێنی درام داندراوە دەستپێك باشە، بەڵام هەنگاو بە هەنگاوە تێك دەشكێت، دیالۆگ لاوازە، كۆتایی فیلم درووشمن یان لەپڕ وكڵێشەین، سیناریۆ ئاراستە بە فیلم دەدات، گرژی و كارەكتەر دروست دەكات، كۆتایی حەتمی نەك چەسپاو دادەنێت، ئەگەر ئەم چوار شتە نەكات فیلمێك هەرچەندە پڕ خەرجیش بێت، ناوبەتاڵە.

*لە نێوان نەبوونی دەقێكی باش و نەبوونی دەرهێنەرێكی تێگەیشتوودا، كامەیان زیاتر زیانی بە ئاستی بەرهەمە هونەرییەكانمان گەیاندووە؟

-نەبوونی دەق و دەرهێنەری باش هەر كامیان بە تەنیا دەتوانێت فیلمێك لەناو ببات. سیناریۆیەكی خراپ بەمانای ئەوەیە فیلم پێش لەدایكبوون كوژراوە و تەنانەت گەر ئەكتەر و دەرهێنەری باشی هەبێت، لەبەر ئەوەی كەسایەتییەكان بێمانا و درام دەستكرد پیشان دەدرێن، ڕەنگە دەرهێنەر بتوانێت هەندێك ڕۆڵ گێڕان و ڕیتم باش بكات، بەڵام ناتوانێت لۆژیكی دەروونی چیرۆكەكە بگۆڕێت.

دەرهێنەرێكی خراپ بە واتای هەنگاوبەهەنگاو كوشتنی فیلمێكە. كەوایە گەر سیناریۆ باش بێت و دەرهێنەر خراپ ڕیتم تێك دەشكێت، ڕۆڵگێڕانەكان پوخت نایەنەدەر و ساتە دەگمەنەكانی فیلم بێسوود و كاریگەر دەكات، بەڵام دیسانیش بیرمان نەچێت كە سیناریۆیەكی خڕاپ زۆر زۆرتر لە دەرهێنەرێكی خراپ دەتوانێت فیلمێك تێك بشكێنێت، كە باشترین دەرهێنەریش ڕەنگە نەتوانێت ڕزگاری بكات.

*ئەدەبیاتی كوردی زۆر دەوڵەمەندە، بۆچی تا ئێستا كەمترین سوودی لێ بینراوە بۆ نووسینەوەی سیناریۆ، كێشەكە لە سیناریستدایە یان لە مافی خاوەندارێتی؟

-ڕەنگە زۆر جار ئەو پرسیارە بێتە پێش، ئێمەی كورد كە خاوەنی ئەدەبیاتێكی دەوڵەمەند و سەركەوتوو و ناسراوین، بۆچی لە بواری سیناریۆدا ئاوا لاوازین؟ بە بڕوای من ئەمە دوو بابەتی تەواو جیاوازن، نووسەر دەنووسێت كە بخوێندرێتەوە، بەڵام سیناریست دەنووسێت كە ببینرێت، هەر ئەم جیاوازییە بووەتە هۆی دروستبوونی كەلێنێكی گەورە لە نێوان بەهرەی ئەدەبی و ئەزموونی سینەماییمان. لە سینەمای كوردیدا زۆرجار دیالۆگ و دیمەنەكان ڕەخنەی ڕاستەقینە و شیكاری كارەكتەر و تەوەریان تێدا نییە، بۆیە من دەڵێم سیناریۆ لە كوردستان زۆرتر لێدوانە نەك درام، یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی ئەمەش نەبوونی ڕاهێنان و سەڕچاوەی دروستە بۆ نووسینی سیناریۆی پیشەیی، ئێمە نە قوتابخانەی تایبەتمان هەیە و نە كتێبی پێویست لەوبارەوە. زۆر جاریش نووسەر خۆی سانسۆر دەكات و فشارە كەلتورییەكانیش زیاد دەكرێن.

*بۆ ئەوەی سیناریۆی كوردی لە چوارچێوەی لۆكاڵی دەربچێت، پێویستە كار لەسەر چ گۆڕانكارییەك لە گەشەپێدانی كارەكتەرەكاندا بكرێت؟

-سینەمای كوردی پڕپتانسێلە، بەڵام هێشتا هەر كاڵ و بەڕبڵاوە. هەر چەند خاڵی بەهێزی زۆری تێدایە و لەسەر زۆر بابەتی تایبەت وەكو شەڕ و ژن و سنوور و نەتەوە و چەوسانەوە فیلمی باش و بەرچاومان هەیە كە توانیویانە خۆیان بخزێننە ناو سینەمای جیهان و سینەمای كوردی بناسێنن. سینەماكەمان هێشتا شایستەیی و توانای پیشاندانی هونەری ڕاستەقینەی هەیە، بەڵام كاتێك بیرۆكەكان درووشمن، كارەكتەرەكان هێمان، پەیامەكە پێش چیرۆكەكە دەڕوات، دەرئەنجام هەموو فیلمەكان بە یەك دەچن، ترس لە ڕەخنە و دروستكردنی فیلم بۆ فێستیڤاڵەكان نەك بۆ خەڵك كە گەورەترین شكستە بۆ فیلم. بە بڕوای من ئەگەر نەوەی نوێ لە نوێنەرایەتی ئازارەوە بچێتە شیكاری ئاڵۆزییەكان، ئەوا سینەمای كوردی دەتوانێت بازدانێك بكات.

*چۆن سوود لە ئەزموونی وڵاتانی دراوسێ وەربگرین بۆ تێپەڕاندنی سانسۆر و بەكارهێنانی سیمبوڵ لە سیناریۆدا، بە جۆرێك كە ڕەسەنایەتیی خۆمان بپارێزین و بەرهەمێكی سەردەمییانە پێشكەش بكەین؟

-دەربازبوون لە سانسۆر لە شارەزایی تەكنیكییەوە دەست پێناكات، بەڵكو لە پێگەیشتنی دراماوە دەست پێدەكات.

ئێمە ناتوانین شتێكی وەك سانسۆر تێك بشكێنین، بەڵام دەتوانین بەبێ سەپاندن و كاریگەریی ڕاستەقینە، فیلم دروست بكەین كە پەیامەكەی خۆی بگەینێت، هەر ئەو شتەی كە دونیا پێی گەیشتووە. گەورەترین هەڵە كە ئێمە دەكەین ئەوەیە كە پێمان وایە تێپەڕاندن و خۆڕزگاركردن لە سانسۆر بە واتای هێما دێت، بەڵام وانییە، هێماسازی كاتێك كار دەكات كە ململانێكە ڕاستەقینەیە، بڕیاری كارەكتەر مەترسیدارە و دەرئەنجامەكانی ڕاستەقینەن. كەوایە ئەگەر ململانێ بێلایەن بێت، ئەوە هێما تەنیا دەمامكی ترسە. جابۆیە پێویستە ئێمە لە سینەمای جیهانی فێر بین و كارەكتەرەكان مرۆڤ و باوەڕپێكراو بخۆڵقێنین، دەبێت پاڵەوانی چیرۆك لە بابەتی قەدەغەكراو بەدوور ڕابگرین، بڕیاری پاڵەوان لەسەر ئەم بابەتە دامەزرێنین، بۆیە فیلم نابێت لە سەر بابەتێكی تابۆ بێت، بەڵكو دەبێ لەسەر بڕیار و هەڵبژاردنی كارەكتەرەكان بێت. شەڕێ سانسۆر لەگەڵ درووشم و حوكمدانە نەك پیشاندانی دەرئەنجام، دەبێت فیلم دوور بێت لە درووشم و ڕێگە بدات بینەر خۆی حوكم بدات و خۆی ئەزموون بكات، لە كۆتاییدا دووبارەی دەكەمەوە، سیناریۆ بڕبڕەی پشتی فیلمە، گەر بڕبڕەی پشت خوار بێت، تەنانەت باشترین دەرهێنەر و ئەكتەریش تەنیا جەستەیەكی جوان لەسەر ئێسكێكی سەقەت دروست دەكەن.

*سینەمای ئێران بە سادەیی و تێچووی كەم و قووڵیی ماناكانی دەناسرێتەوە؛ وەك كورد چ وانەیەكی سەرەكی لە قوتابخانەی سینەمایی ئێرانەوە فێر ببین كە لەگەڵ ژینگەی كۆمەڵایەتیی خۆماندا بگونجێت؟

-سینەمای ئێرانی بەهێز و جێگیرە و دەتوانین بڵێن خاوەن درامی ڕاستەقینەیە، بۆیە ئێمە دەتوانین زۆر كەڵكی لێ وەر گرین بەسودی خۆمان، نەك ئەوەی لاسایی بكەینەوە كە بەم شێوەیە سینەمای كوردی وێران دەكەین، كە چی بەداخەوە هێشتا لە زۆربەی فیلمە كوردییەكاندا ئەو بۆن و ڕەنگە سینەما ئێرانییە بەرچاوە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ سەر سینەمای خۆمان، بۆیە من لەوە دەترسێم كە ئەوەی بە ناوی سینەمای كوردی دروست دەكرێت، تەنیا وێنەیەك بێت لە سینەمای بیگانە، بەڵام بە زمانی كوردی. بەوەرگرتنی ئیلهام لە ئەزموون و هەڵەكانی سینەمای ئێرانی دەتوانین سینەمای تایبەت و سەربەخۆی خۆمان دروست بكەین، بۆیە جیاوازیی نێوان ئەم دوو بابەتە زۆر ڕوونە و پێویستە لە فۆڕم و ئەزموونە سەركەوتووەكانی سینەمای ئێرانی فێر بین، بەڵام لە هەمان كاتدا شوناس و داهێنەری خۆمان بپارێزین. فیلمە ئێرانییەكان فۆرم و ڕیزبەندی تایبەت بە خۆیان هەیە و دەبێت فیلمی كوردییش فۆڕم و ناسنامەی خۆی بپارێزێت، چونكە كەلتووری كوردی فۆڕم و بەهای خۆی هەیە.

Top