هونەرمەند یەدوڵا محەمەدی لە تەمەنی 70 ساڵیدا كۆچی دواییكرد
ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێكەوتی 26/2/2026 هونەرمەندی دیاری كورد و ڕۆژهەڵاتی كوردستان (یەدوڵا محەمەدی) لە تەمەنی 70 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە كۆچی دواییكرد.
هونەرمەند یەدوڵا محەمەدی ساڵی 1956ی زاینیی لە شاری (سنە)ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە,بەهرەی هونەریی ئەم كەسایەتییە لە تەمەنێكی بچووكدا دەركەوت كاتێك لە قوتابخانە خەریكی خوێندن بوو دەستی كرد بە گۆرانی چڕین,یەدوڵا محەمەدی بۆ گرنگیدان بە بەهرەكەی و فێربوونی موزیك,بۆ ماوەی 20ساڵ دەبێتە قوتابی حەسەن كامكار,كە بەم جۆرە فێری موزیك دەبێت و شارەزایی دەبێت لە دانانی ئاواز.
هەروەها لە تەمەنی لاوێتیدا لەگەڵ هونەرمەندی كۆچكردوو مەلەك محەمەد محەمەدی ناسراو بە (مڵێ دۆم) چەندین دانیشتنی كردووەو پێكەوە گۆرانییان چڕیوە,هونەرمەند یەدوڵا محەمەدی لەماوەی تەمەنی هونەرییدا 78ئاواز و گۆرانی ناوازەی تۆماركردووە كە بەرهەمەكانی گوێگری زۆری هەیە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
