پاشەکشەی جوگرافی یان سازشی ناچاریی (خوێندنەوەیەکی جیۆپۆڵیتیکی بۆ ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران)
(*)
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا بە هەستیارترین و ئاڵۆزترین قۆناغەکانی مێژوووی خۆیدا تێپەڕ دەبێت کە ئەویش ململانێی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێرانە ، ئەم ململانێیە تەنها کێشەیەکی سیاسی یان ئابووری سادە نییە بەڵکوو جەنگێکی فرە ڕەهەندە هەروەک لە کاتێکدا دەنگی بزوێنەری کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا لە ئاوەکانی کەنداو و دەریای ناوەڕاستدا دەنگ دەداتەوە، پرسیارێکی جەوهەری لە ناوەندە سیاسییەکاندا دەکرێ : ئایا واشنتۆن خەریکی کڕینی کاتە بۆ دیپلۆماسی، یان خەریکی چاککردنی سەنگەرەکانە بۆ وەشاندنی لێدانێکی سەربازی یەکلاکەرەوە ، هەرچەندە دەبێ ئاماژە بەوە بدەین کە لە ماوەی ڕابردوودا سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە زۆری تێکەڵەیەک بووە لە دیپلۆماسی و گوشار و لە کاتە جیاوازەکاندا پێشینەی یەکێکیان بەسەر ئەوی دیکەیان دەگۆڕێت .
دەکرێ بڵێین ئەوەی لە گۆڕەپانەکەدا دەبینرێت تەنها جوڵەیەکی سەربازی سادە نییە بەڵکو ستراتیژییەکە کە دەکرێت ناوی بنێین کڕینی کات ، ئەمریکا بە هێواشی و بە بەرنامە پارچەکانی شەترەنجەکەی لە ناوچەکەدا دەچێنێت ، ئەم کڕینی کاتە سێ قۆناغی سەرەکی هەیە ئەوانیش بریتین لە :
یەکەم : قۆناغی جێگیرکردنی هێز و ئامادەکاری لۆجستی
ئەم قۆناغە بریتییە لە گواستنەوەی سیستەمە پێشکەوتووەکانی وەک (THAAD) کە ئەم سیستەمە بەرگرییە دەتوانێ مووشەکە بالیستییەکان تەنانەت لە دەرەوەی بەرگە هەواش تێکبشکێنێت و فڕۆکە جەنگییەکانی (F-35) کە ئەم فڕۆکانە توانای تێپەڕاندنی ڕاداریان هەیە ، هەموو ئەمانە پێویستی بە کاتە ، هەر بۆیە ئەمریکا کات دەکرێت تا هێزەکانی بگەنە ئەوپەڕی ئامادەباشی بۆ ئەوەی لە کاتی هەر پێکدادانێکدا کەمترین زیانی بەربکەوێت . هەروەها پەیامێکی ڕاستەوخۆشە بۆ ئێران و گروپەکانی لە ناوچەکەدا لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر ئیسرائیل یان بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی ئەوا بە تووندترین شێوە وەڵام دەدرێنەوە و سەرەڕای ئەوەش جۆرێکە لە دڵنیایی کە گەرووی هورمز و باب المندب بە کراوەیی دەمێنێتەوە ، هەروەها قەناعەت کردن بە بەرامبەرە کە هیچ ڕێگەیەک نییە جگە لە ڕێککەوتنێکی نوێ بە مەرجی قورسترەوە .
دووەم : قۆناغی تووندکردنی گەماڕۆ ئابوورییەکان و خنکاندنی دارایی :
کات تەنها بۆ سوپا نییە، بەڵکو بۆ گەمارۆکانیشە ، واشنتۆن دەیەوێت لە ڕێگەی کاتەوە بازرگانی نەوتی ئێران کۆنتڕۆڵ بکات و کەشتیگەلە نادیارەکان پەکبخات ئەویش بە ئامانجی وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران پێش ئەوەی هیچ فیشەکێک بتەقێنرێت ، ئەمە جگە لە گوشار خستنەسەر کەرتی بانکی بۆ ئەوەی بازرگانی نێودەوڵەتی بۆ ئێران زەحمەتتر بکات و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تێچووی بازرگانی بۆ ئێران زۆر گران بێت و کاریشی کردووەتە سەر کەمبوونەوەی کڕیاران ، تەنانەت کۆمپانیا چینیەکانیش لە ئێستا دا زۆر بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن تا نەکەونە بەر سزاکانی ئەمریکا ، ئەمەش حکومەتی ئێران لە ناوخۆدا تووشی کێشەی بودجە کردووە و تەنانەت توانای ناردنی پارەی بۆ گروپە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە وەک (حیزبوڵای لوبنان ، حوسییەکان) کەم بووەتەوە ، واتە سزا ئابوورییەکان دەرەفەتی زیاتریان لە ڕووی کاریگەرییەوە دەبێت .
سێیەم : بژاردەی کۆتایی
ئەمریکا بە پیشاندانی هێز لە لایەک دەیەوێ جۆرە ترسێک لای بەرامبەر دروست بکات لە لایەکی تریش دەیەوێ بە دیپلۆماسی زمانێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە سازشی زۆرتر بکات ، واتە لێرەدا بەکارهێنانی کات بۆ زیادکردنی گوشارە بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕووبدات ، بەڵام ئەمەش لەسەر ئەوە وەستاوە ئایا کارتی دیپلۆماسی و ئابووری دەگاتە ئەنجام ، بە پێچەوانەوە دواتر دۆخەکە بەرەو قۆناغی کۆتایی جووڵە دەکات .
واتە گەر کارتی دیپلۆماسی و گوشاریی ئابووریی نەبنە هۆی گۆڕینی ڕەفتاری ئێران ئەوا گۆڕەپانەکە بەرەو قۆناغێکی دیکە دەچێت واتە لێدانی سەربازیی و کە لە سەرەتادا (لێدانی ستراتیژی) دەبێت کە لێدانی بنکە ئەتۆمییەکان و ناوەندەکانی فەرماندەیی دەگرێتەوە ، لەگەڵ بورومانکردنی گروپەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە ، لەم قۆناغەدا ئەو کاتەی ئەمریکا کڕیبووی دەگۆڕێت بۆ هێزێکی ئاگرین کە ئامانجە هەستیارەکان دەپێکێت ، هەربۆیە ئەمریکا دەیەوێت هێزەکانی لە نزیک بن بۆ ئەوەی بتوانێ بە خێرایی دەستوەردان بکات . بەڵام ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە چەکەکان لە شوێنی خۆیان جێگیر بووبن و زانیارییە هەواڵگرییەکان کۆکرابنەوە و بنکەکان بە تەواوی ئامادە بن بۆ هەر ئەگەرێک ، ئیسرائیل و وڵاتانی تری ناوچەکەش خۆیان بۆ بەرگری یان هاوکاری سەربازیی ئامادە کردبێت .
(*)
پسپۆری بواری جیۆپۆڵیتیک

پ.ی . د . ساسان حکمت علی