دایكایەتی بۆ ئافرەت جوانترین دیارییە
ئەگەرچی زوو بە شوودانی كچانی كەم تەمەن (ژێر تەمەنی یاسایی 18 ساڵ) زۆر مەترسیدارە، بەڵام ڕێگریكردن لە هاوسەرگیریی كچانی بە تەمەنیش لە لایەن باوانەوە بە هەمان ئاست و بگرە زیاتریش مەترسیدارە، بۆیە زۆرن ژمارەی ئەو كچانەی كە كەزی سپی دەهۆننەوە و شوو ناكەن، یان شوو بە پیاوی بەساڵاچوو دەكەن و دواتر بۆ هەموو تەمەنیان لە ناو پەشیمانی و خەمۆكیدا دەژین. دەیان چیرۆك و بەسەرهاتی وا ڕوویان داوە و كەمتریان تۆمار كراون، بۆیە بە شاراوەیی ماونەتەوە، لێرەدا بەسەرهاتی خانمێك كە قوربانی دەستی خێزانەكەیەتی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەخەینەڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
شەونم ئافرەتێكی باڵابەرزی ئەسمەرە وەك خۆی باسیكرد، تەمەنی لە 46 ساڵ تێپەڕیوە و لە كاتی پێگەیشتنییەوە دەیان خوازبێنی بۆ هاتووە، بەڵام هەر جارەو باوك و براكانی بە بیانووی جۆراوجۆر ڕەتیان كردووەتەوە. ئەو بەمجۆرە بەسەرهاتی خۆی دەگێڕێتەوە: «كاتی خۆی كە گەنج بووم، زۆر داواكاریم دەهات، تەمەنم هێشتا 16 ساڵ بوو، لە خزمەوە بیگرە تا بێگانە بەردەوام خوازبێنییان دەكردم، بەڵام باوكم هەموو جارێك بە بیانووی جۆراوجۆر ڕەتی دەكردەوە، ئەوەندە خوازبێنیم دەهات، كە دواجار بڕیاری ئەوەیاندا لە خوێندنیش دەرمبهێن. دواتر براكانیشم هاتنە پاڵ باوكم و نازانم بۆچی هەموویان ئەوەی داوای منی بكردایە، وەك دوژمن سەیریان دەكرد. هەتا تەمەنم بوو بە 40 ساڵ شووم نەكرد، دوای ئەوەش خوازبێنیكارم نەما و خزم و بێگانە بە قەیرەكچ ناویان دەبردم. بەڕاستی باوكم و براكانم پیریان كردم، بۆیە بڕیارمدا، هەر كەسێك بێتە خوازبێنیم مێردی پێ بكەم، تەنانەت ئەگەر ئیفلیجیش بێت، ئەوە بوو شەش ساڵ پێش ئێستا ئەم پیاوەی كە ئێستا هاوسەرمە هاتە خوازبێنیم، فوول سبووغی كردبوو، پێیەوە دیار نەبوو تەمەنی حەفتا ساڵ زیاتر بوو، باری داراییشی باش نەبوو، ژنەكەی پێشووی نەخۆش بوو، بەڵام كچی بە مێرد و چوار بووك و حەوت هەشت نەوەشی هەبوو، دیسان باوك و براكانم ڕەتیان كردەوە، باوكم گوتی تەمەنی زۆر گەورەیە خۆت خەسار مەكە و لە جیاتی خزمەتی پیرەمێردی خەڵكی بكەیت وەرە خزمەتی من و دایكت بكە خواش خێرت دەنووسێت، بەڵام من زۆر ماندوو بووم لە قسەی خەڵك و رێگرییەكانی باوك و براكانم بۆیە شووم پێ كرد».
شەونم باسی ئەوەشی كرد: « لە ئێستادا ئەوەم بۆ دەركەوت تەنیا بۆ ئەوەی میراتی ماڵی باوكم وەرنەگرم، لە ڕابردوودا ئەو هەموو ڕێگرییەیان لێكردم و نەیاندەهێشت شوو بكەم، ئەوان داهاتووی منیان تاریك كرد».
گوتیشی: «خوا هەڵناگرێ مێردەكەم قەد بێڕێزی پێ نەكردووم، بەڵام ئەوەتا من 46 ساڵم و ئەو دوو ئەوەندەی من تەمەنیەتی و ئێستاش لە سەرەمەرگدایە و زۆر نەخۆشە، بۆیە گەردنی ئازاد دەكەم و گلەییم لەو نییە. بەڵام داوا لە دایكان و باوكان دەكەم، ئەوەندە ڕێگری لە شووكردنی كچەكانیان نەكەن، كە ناچار بێت خۆی تووشی كێشەی زۆر و ژیانێكی ناخۆش بكات، ئێستا دەڵێم خۆزگە زووتر ئەو پێداگیرییەم بكردبایە و لەسەر مافی خۆم بهاتبامە دەنگ و لە گەنجێتیدا هاوسەرگیریم بكردبا و منداڵەكانی خۆمم لە باوەش گرتبا، كە بەهۆی زۆری تەمەنەوە لێی بێبەشم.
ئەمڕۆش هەقی خۆم داوەتە دەست خودا ئەو تۆڵەی منیان لێ بكاتەوە، هەر كەسوكارەكەی خۆم بوون لە نیعمەتی دایكایەتی بێبەشیان كردم و منداڵێكم نییە بە دایكە بانگم بكات».
