بــەیــان نـــایــف: كاركردنی سەربەخۆی ئافرەتان بووەتە نیشانەی گۆڕانكارییەكی قووڵ لە هۆشیاری و بیركردنەوەی كۆمەڵگە
بەیان نایف چالاك لە بواری مافەكانی ئافرەت لە دیمانەیەكدا باس لە ڕڵ و ئەرك و مافەكانی ئافرەت بە گشتی دەكات و تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی هەنووكەیی پەیوەست بە دۆخی خانمان و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە فشارە كۆمەڵایەتییەكان، ترسی قسەی خەڵك، داخستنی بابەتی توندوتیژی، و هێشتنەوەی قوربانی بەبێ دەنگی، هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن بۆ بەردەوامیدان بە تاوان.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* هۆكاری بەردەوامی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرتان و كوشتنیان بە پاساوی جیا جیا بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟
- هۆكارگەلێك هەن بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ئافرەتان و لەم چەند خاڵەدا پەنجە لەسەر هۆكارەكانی پشت ڕوودانی كردە توندوتیژییەكان دادەنێین.
1- كلتوور و بیركردنەوەی كۆن و دواكەوتووانە، بەداخەوە تاوەكو ئێستاش لە هەندێك ناوچەدا هێشتا ئافرەت بە كەسێكی ناتەواو یان بە پاشكۆی پیاو دەبیندرێت، نەك وەك مرۆڤێكی سەربەخۆ و كامڵ، لەنێو هەموو ئەو بیركردنەوە و تێڕوانینانە ئەنجامدانی توندوتیژی بە «مافی پیاو» پەسەند دەكرێت.
2- پاساوكردنی توندوتیژی بە ناوی نامووس،كوشتن یان لێدان بە ناوی «نامووس» زۆرجار هەوڵێكە بۆ شاردنەوەی تاوان، چونكە نامووس دەكرێت ببێتە پاساوی سڕینەوەی ماف و ژیانی ئافرەت.
3- لاوازی یاسا و جێبەجێنەكردنی وەكو خۆی، هەر كاتێك تاوانبار سزای ڕاستەقینە نەبینێت، توندوتیژی دووبارە دەبێتەوە و سزانەدانی تاوانباران هۆكاری سەرەكی بەردەوامی كردە توندوتیژییەكانە.
4- ناهۆشیاری تاك بە مافەكانی، ئەو مافانەی بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافەكانی مرۆڤ بۆ هەر تاكێك بەرجەستە كراوە، زۆر كەس نازانن ئافرەت وەك هەر مرۆڤێك مافی ژیانێكی شایستە و تەژی لە ئازادی هەیە و، هیچ كەس مافی ئەوەی نییە توندوتیژی بەرامبەری ئەنجام بدات.
5- فشارە كۆمەڵایەتییەكان، ترسی قسەی خەڵك، داخستنی بابەتی توندوتیژی، و هێشتنەوەی قوربانی بەبێ دەنگی، هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن بۆ بەردەوامیدان بە تاوان.
6- بارودۆخی ئابووری و دەروونی، هەژاری و بێكاری، توندوتیژیی دەروونی و نەبوونی ڕێنمایی دروست، زۆرجار دەبنە هۆكاری توندوتیژی لە ناو خێزان.
كورتەی قسە، توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان كێشەی تاكەكەسی نییە، بەڵكو كێشەی كلتووری، یاسایی و كۆمەڵایەتییە، چارەسەریش تەنیا بە یاسا ناكرێت، بەڵكو بە هۆشیاری، گۆڕینی بیركردنەوە و پاراستنی ڕاستەقینەی مافی ئافرەتان ئەو دیاردەیە بنبڕ دەبێت.
* ئایا لە ئێستادا دۆخی خانمانی كوردستان چۆن دەبینیت و تاچەند خانمان توانیویانە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی سەردەم خۆیان بگونجێنن؟
- خانمانی كوردستان لە ئێستادا لە ئاستێكی مامناوەندن هەنگاوی گەورەیان ناوە، بەڵام هێشتا ڕێگەیەكی دووریان لە پێشدایە. ئەگەر پشتگیری یاسایی، هۆشیاری كۆمەڵایەتی و گۆڕینی بیركردنەوە هەوڵی زیاتر و كاری باشتری بۆ بكرێت، خانم دەتوانێت نەك تەنیا خۆی بگونجێنێت، بەڵكو دەتوانێت سەردەمی خۆی بگۆڕێت.
لە ماوەی ساڵانی دواییدا، بە خۆشحاڵییەوە خانمان لە چەند بوارێكدا گەشەیان كردووە، نموونەی خوێندن، كاركردن و بەشداری كۆمەڵایەتی، ئێستا زۆر خانم دەبینرێن كە وەك مامۆستا، پزیشك، پارێزەر، كارمەند و بازرگان كار دەكەن. ئەمە نیشانەیەكی باشە، بەڵام هێشتا ئەم گەشەیە هاوسەنگ نییە و لە هەموو چین و شوێنێكدا یەكسان نییە.
* كاركردنی ئافرەتان چۆن هەڵدەسەنگێنیت، لە ئێستادا بەشێكی زۆری خانمان لە ماڵەكانیان دەستیانداوەتە ئەو كارەی كە دەیزانن و دواتر پڕۆژەكانیان گەورە تر كردووە؟
- لە ئێستادا، كاركردنی سەربەخۆی ئافرەتان بووەتە نیشانەی گۆڕانكارییەكی قووڵ لە هۆشیاری و بیركردنەوەی كۆمەڵگە، ئافرەت ئەمڕۆ چیتر چاوەڕێی كەرتی حكومی یان دامەزراندنی فەرمی ناكات بۆ ئەوەی دەست بە كار بكات، بەڵكو خۆی باوەڕی بە تواناكانی خۆی هەیە و لە ماڵەكەیەوە دەست پێدەكات.
زۆرێك لە ئافرەتان پڕۆژەكانیان لە شتێكی زۆر بچووكەوە دەستپێكردووە، لە هونەرێك، پیشەیەك، یان كارێكی سادە كە لە دڵیاندا بووە. بە بەردەوامی پێدان، ئەزموون و متمانە بە خۆیان، ئەم پڕۆژانە گەورەتر بوون و بوونەتە سەرچاوەی داهات و سەربەخۆیی ئابووری.
كاركردنی سەربەخۆی ئافرەت تەنیا بۆ بەدەستهێنانی پارە نییە، بەڵكو هۆكاری دروستكردنی متمانە بە خۆبوون و هەستكردنە بە بەها و سەنگی خۆی لە كۆمەڵگەدا، كاتێك ئافرەتێك سەركەوتوو دەبێت، ئەو سەركەوتنە تەنیا بۆ خۆی نییە، بەڵكو پاڵنەرێكە بۆ هاندان و هیوابەخشین بۆ ئافرەتانی دیكە و بۆ نەوەی داهاتووش.
بەم شێوەیە، كاركردنی سەربەخۆی ئافرەتان بووە ڕێگایەك بۆ شكاندنی چاوەڕوانی و دروستكردنی ژیانێكی پڕ لە ڕێز، بۆ سەربەخۆیی و بەشداریی ڕاستەقینە لە پێشكەوتنی كۆمەڵگە.
