ڕۆڵی ئیسلام لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە

ڕۆڵی ئیسلام لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە

 


ئیسـلام دینی ڕێنماییە بۆ هەموو ژیانی مرۆڤەکان؛ نەک تەنها بۆ پەیوەندی نێوان تاک و خودا، بەڵکو بۆ پەیوەندی نێوان تاک و کۆمەڵگە بە گشتی. مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و پێویستی بە یەکترناسین هەیە. بۆیە ئیسلام پڕۆگرامێکی تەواوی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی پاک داناوە، لە یەکسان و دادپەروەر و یەکگرتوو بۆ مرۆڤ. لە ڕوانگەی ئیسلامدا چاکبوونی تاک پەیوەستە بە چاکبوونی کۆمەڵگە، و چاکبوونی کۆمەڵگەش پەیوەستە بە دەست پاکی و ڕاستگۆیی و بەرپرسیارێتی تاکەکان لەگەڵ یەکتردا.یەکێک لە بنەما سەرەکییەکان

١- برایەتی و یەکگرتوویی کۆمەڵگە.

خودای گەورە دەفەرموێت: “إِنَّمَا الْمُؤْمِنُونَ إِخْوَةٌ” واتە باوەڕداران برا و خوشکن بۆ یەکتر. ئەم پەیوەندییە بنەمایەکی بەهێز بۆ کۆمەڵگە دروست دەکات، چونکە کاتێک خەڵک یەکتر وەک خێزان بزانن، دڵیان لە کینە و دوژمنایەتی پاک دەبێتەوە و خۆشەویستی و هاوسۆزی جێگەی دەگرێتەوە.

٢_دادپەروەری یەکێک لە گرنگترین ستوونی کۆمەڵگەی ئیسلام. خوای گەورە فەرموویەتی: “إِنَّ اللَّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالإِحْسَانِ”.

دادپەروەری لە ئیسلامدا تەنها وشە نییە، بەڵکو کردارە. دەبێت لە دادگا و بازاڕ، و ماڵ و لە بەڕێوەبردنی وڵات پەیڕەو بکرێت. ئەگەر یەکسانی نەبێت، ستەم و ناهاوسەنگی دروست دەبێت و کۆمەڵگە لاواز و بێ توانا دەبێت. بەڵام کاتێک یەکسانی ھەبێت، ئارامی و متمانە لە نێوان خەڵک زیاد دەبێت.

٣_هاوکاری و یارمەتیدانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی پێشنگ باس کراوە: خوای گەورە فەرمویەتی: “وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى”، واتە: هاوکاری یەکتر بکەن لەسەر چاکە و خواناسی دا. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگەی ئیسلامی ھاوکار بێت بۆ مرۆڤەکان . هاوکات بەخشینی زەکات و سەدەقە پەیڕەوێکی دادپەروەرانەیە بۆ کەم بوونەوەی هەژاری و دروستکردنی هاوسەنگی لە کۆمەڵگەبەبێ جیاوازی تاکەکان.

٤_پاراستنی مافەکان لە کۆمەڵگە

لە ئیسلامدا مافەکان بنەمایەکی گرنگیان ھەیە. مافی دایک و باوک، مافی دراوسێ، مافی منداڵان و هەژاران هەموویان گرنگی تایبەتیان هەیە. پێغەمبەری خوا (ﷺ) گرنگی زۆری بە دراوسێ داوە و فەرموویەتی باشترین خەڵک ئەو کەسەیە کە باشترین بێت بۆ خەڵکی دەوروبەری خۆی. ئەمە دەردەخات کە کۆمەڵگە لە ئیسلامدا لەسەر بنەمای ڕێز و بەرپرسیارێتی دروست دەبێت.

٥_ڕاستگۆیی و ئەمانەتداری

ڕاستگۆیی و ئەمانەتداری ستوونی کۆمەڵگەی چاکتر دەکات. ئەگەر درۆ و خیانەت بڵاوبێتەوە، متمانە لەناو دەچێت و کۆمەڵگە تێکدەچێت. بۆیە ئیسلام ڕاستگۆیی بە نیشانەی ئیمان داناوە و درۆکردنی بە گوناهێکی گەورە ناساندووە.

لە کۆتاییدا پێویستە ئەو ڕاستییە بخەینەڕوو کە گرنگی کۆمەڵگە لە ئیسلامدا زۆر بەرزە، چونکە ئیسلام دەیەوێت مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا لەسەر بنەمای خۆشەویستی، دادپەروەری، یەکسانی، هاوکاری و ڕێزە بۆ ئەوەی پێکەوە بژین. کاتێک تاکەکان بە ڕەوشتی بەرز و باش پەروەردە ببن، کۆمەڵگەش بەهێز و سەربەرز دەبێت. بەم شێوەیە، ئیسلام تەنها دینی خوداپەرستی نییە، بەڵکو دینی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئارام و تەژی لە خۆشەویستییە لە نێوان مرۆڤەکاندا.


(د. عەبدولعەزیز مەنتك)

Top