ڕاژان عەبدولڕەحمان پیرۆ: قوتابخانەی یەكەمی مرۆڤ لە خێزانەوە دەست پێدەكات و دایكیش یەكەم مامۆستایە

ڕاژان عەبدولڕەحمان پیرۆ:   قوتابخانەی یەكەمی مرۆڤ لە خێزانەوە دەست پێدەكات و دایكیش یەكەم مامۆستایە

 

ڕاژان عەبدولڕەحمان پیرۆ نووسەر و چاودێری سیاسی، لە دیدارێكدا باس لە چەند پرسێكی پەیوەست بە دۆخی هەنووكەیی خانمان دەكات و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئافرەت لە ڕابردوودا هەم پێشمەرگەی ناو سەنگەر بووە هاوشانی پیاوان و هەمیش ڕۆڵی بەخێوكردن و پێگەیاندنی منداڵەكانی لە ئەستۆ گرتووە، بۆیە نابێت ڕۆڵ و تێكوشانی ئافرەت فەراموش بكرێت و پێویستە مێژووی كوردستان و ئازادیی خانمان بە شێوازێكی سیستماتیك پێناسە بكرێتەوە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

* كاتێك باسی بیری نەتەوەیی هەر نەتەوەیەك دەكرێت، باس لە زمانی دایك، پەروەردەی دایك دەكرێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە قوتابخانەی یەكەم بۆ بیری نەتەوەیی ئەو دایكەیە كە رۆڵەكەی چۆن پەروەردە دەكات، خوێندنەوەت لەسەر ئەوە چییە؟

- قوتابخانەی یەكەمی مرۆڤ لە خێزانەوە دەست پێدەكات و دایكیش یەكەم مامۆستایە لە پەروەردەكردنی مرۆڤدا، كەواتە زمانی دایك گرنگترین لایەنە و پێوەرێكی سەرەكییە لە پەروەردەكردنی مرۆڤدا لە هەموو ڕویێكەوە بەبیری نەتەوایەتیشەوە.

زمانی دایك لە پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی هەر نەتەوەیەكدا ڕوڵێكی زۆر گرنگ دەبینێت، هاوتەریب لەگەڵ زمانی دایك هۆشیاری نەتەوەیی بۆ پەروەردە كردنی مرۆڤ لەسەر بنەمای بەهێز كردنی هەستی نەتەوایەتیدا پێویستییەكی حاشا هەڵنەگرە، تاوەكو دایكان بتوانن بە شێوەیەكی باش ڕۆڵەكانی خۆیان پێبگەیێنن و لە داهاتودا ببن بە كەسانێك كە خۆشەویستی بۆ خاك و نەتەوە وزمان لە ناخیاندا بەهێز ببێت و ڕۆحی بەرگری كردن لە ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان تێیدا بەرجەستە ببێت، لەگەڵ پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی لە هەمان كاتدا، كەواتە دایكان وەك یەكەم مامۆستا لەسەر ئاستی مرۆڤایەتیدا بە شێوەیەكی گشتی ڕۆڵێكی سەرەكیان هەیە.

* كە ئەمە گرنگی ئافرەت بێت بۆ بیری نەتەوەیی، ئایا لەناو بیری نەتەوەیی كوردستانیدا پڕۆژە بۆ ئازادی ئافرەت دەبێت چۆن بیت؟

- سەبارەت بە چۆنیەتی بوونی پڕۆژە بۆ ئازادی ئافرەت لە نێو بیری نەتەوەییدا ئەمە پرسێكە پێویستە لە هەرێمی كوردستاندا بەهەند وەربگیرێت، چونكە بەهێز بوونی هەستی نەتەوایەتی لە ناخی تاكی كورد، لەوانەش ئافرەت كە ئەركی پەروەردەكردنی مرۆڤی لە سەرشانە وەك یەكەم مامۆستا زەرورە پڕۆژەیەك هەبێت بۆ ئافرەتان لە ڕووی هۆشیاری نەتەوایەتییەوە، تاوەكو بتوانن بە شێوەیەكی باش ڕۆڵەكانی خۆیان پەروەردە بكەن لەم ڕوانگەیەوە و ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی لە ناخی ڕۆڵەكانیاندا پتەو بكەن، چونكە بۆ مانەوەی هەر نەتەوەیەك بوونی پڕۆژەی لەم چەشنە بۆ گەلێكی وەك گەلی كوردستان پێویستییەكی حەتمییە، كە تاكو ئێستا خاوەن قەوارەیەكی سیاسی سەربەخۆ نییە و مانەوەی وەك نەتەوە پێویستییەكی حاشا هەڵنەگرە، ئازادی ئافرەتیش لە هەرێمی كوردستاندا پاڵنەرێكی تری گرنگە و دەبێت ئافرەت ئازاد بێت، چونكە گەر مرۆڤ بێ بەش بكرێت لە ئازادییە سیاسی و مەدەنییەكان ناتوانێت هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت و بەربەست دروست دەبێت لە بەردەم ئەو ئامانجەدا كە ئەویش بەهێز بوونی هەستی نەتەوایەتییە.

* كاتێك سەیری مێژووی نەتەوەكەی خۆمان دەكەین، دەبینین بەراورد بە نەتەوەكانی دیكەی دەوروبەرمان، ئافرەتی كوردستان ئازادییەكی زۆر زیاتری هەبووە و، دەكرا لەو مێژووەوە ئازادی ئافرەتی كوردستان زیاتر پێناسە بكرایە، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوەیە كە ئەو مێژووە فەرامۆشكراوە، چی بكەین بۆ ئەوەی جارێكی دیكە مێژووی كوردستان ئازادی خانمان پێناسە بكاتەوە؟

- مێژووی سیاسی نەتەوەكەمان پێمان دەڵێت كە ئافرەتی كورد لە ڕووی ئازادییەوە ئازادتر بووە لە نەتەوەكانی دەوروبەرماندا، لەنێو بزووتنەوی ڕزگاریخوازی كوردستاندا ئافرەتی كورد ئەركێكی قورستری لەسەر شان بووە هەم ئەركی نەتەوەیی و نیشتمانی و هەمیش ئەركی كۆمەڵایەتی و لە یەك كاتدا دوو ئەركی گەورەی بە جێگەیاندووە.

واتە ئافرەت هەم پێشمەرگەی ناو سەنگەر بووە هاوشانی پیاوان و هەمیش ڕۆڵی بەخێوكردن و پێگەیاندنی منداڵانی لە ئەستۆ گرتووە بۆیە نابێت ڕۆڵ و تێكوشانی ئافرەت فەراموش بكرێت و پێویستە لە مێژووی كوردستاندا ئازادی خانمان بە شێوازێكی سیستماتیك پێناسە بكرێتەوە، واتە هەموو ئەو لایەنانەی كە پەیوەندیدارن بەم پرسە گرنگەوە ڕاگەیاندنی بینراو، بیستراو، نووسراو، ئەلكترونی، حكومەت و دامەزراوەكانی كومەڵی مەدەنی، نووسەران، ڕۆشنبیران، زانایانی ئایینی، ئەكادیمیستەكان بە دامەزراوەیی بكرێن و سیمای شۆڕشگێڕانە و قوربانیدانی ئافرەتی كورد لە قۆناغە جیاجیاكاندا پێناسە بكرێتەوە، پێشاندانی سیمای شارستانی خانمانی كورد و ئەو ڕۆڵەی كە لە گشت قۆناغەكاندا بینیویانە و لە پێناو پاراستنی كورد و ناسنامە نەتەوەییەكەیاندا ئەنجامیانداوە.

پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرەتای ساڵانی پەنجاكانەوە بڕیاری دامەزراندنی ڕێكخراوی «یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان»ی دا ئەمەش بۆ ئەوە بووە كە تێكۆشانی ئافرەتی كورد وەك نیوەی كۆمەڵگە لە ڕێكخراوێكی لەم چەشنەدا ڕێك بخرێت و بەشدار بێت لە بەرگریكردنی وڵاتدا لە سەر هەموو ئاستەكاندا.

لە قۆناغی ئێستاشدا دەتوانم بڵێم ئافرەتی كورد ڕوڵێكی مەزنی هەیە و بەشداریەكی كارای لەنێو پڕوسەی سیاسی و كۆمەڵایەتیدا هەیە، هەر وەك چۆن لە خەباتی شاخدا ڕۆڵی كاریگەری هەبووە، بۆیە پێویستە مێژووی كوردستان ئازادی ئافرەتی كورد وەك خۆی كە هەبووە پێناسە بكرێتەوە، وەك پرسێكی گرنگ دەبێت كاری لەسەر بكرێت و بە هەند وەربگیرێت.

 

Top