ئیسلام چۆن دەڕوانێتە پێگە و مافی ئافرەت

ئیسلام چۆن دەڕوانێتە پێگە و مافی ئافرەت

 

ئایینی ئیسلام ڕێزێکی تایبەتی لە ئافرەت گرتووە، ھەموو ئەو مافانەی پێ بەخشیوە کە پێش هاتنی ئایینی ئیسلام نەیان بووە. لە ئایینی ئیسلام ئافرەت سەرپەریشتیار و بەخێوکەر و تەواوکەری کۆمەڵگایە و پێشەوایە و پرسی پێکراوە. یەکەم کەسیش کە ھاوکاری پێغەمبەری کردووە بۆ گەیاندنی پەیامەکەی، ئافرەت بووە کە حەزرەتی خەدیجەیە. لە قورئانی پیرۆزدا دوو سورەت بە ناوی ئافرەت ھاتووە. ئیسلام ئەو مافانەی بە ئافرەت بەخشی کە ئایینەکانی دیکە پێیان نەبەخشیوە.ئایینی ئیسلام بۆ ئەوە ھاتووە تەواوی مافەکانی ئافرەت دابین بکات ئەوانەی پێوستن بەخۆی و رێزیان لێ بگرین بە چاوێکی گەورە تەماشا بکرێت.

ئەگەر سەیری کۆمەلگای کوردی بکەین ئافرەت ڕێزێکی تایبەتی ھەبووە و رێزی لێ گیراوە، لە شۆڕشەکانی کوردستان بەشدار بووە بەردەوام ئافرەتانی کورد بەخێوکەر و پەروەردەکاری ماڵەوە بوون و دەورێکی باڵایان ھەبووە ھاوکار و ھەماهەنگ و پێشەنگ بوون، بۆ خزمەتی کوردستان لە ڕێزەکانی پیشەوە بوونە. لە پێش ھاتنی ئیسلام ئافرەت زیندەبەچال دەکرا بەبێ ھیچ تاوانێک ستەمیان لێ دەکرا و شانازیان پێوە نەکراوە .
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەرامبەر مافی ئافرەت دەفەرموویت: ( وَإِذَا الْمَوْءُودَةُ سُئِلَتْ بِأَيِّ ذَنْبٍ قُتِلَتْ) هه‌ندێك له‌ هۆزه‌كان له‌ پێش هاتنی ئیسلامدا كچیان زیندەبه‌چاڵ ده‌كرد له‌ ترسی برسێتی، یان له‌بەر گرێبەستی هاوسەرگیری له‌لای ئه‌وان شه‌رمه‌زاری بوو، بۆیه‌ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ زینده‌به‌چاڵیان ده‌كردن.

ئیسلام مافی یەکسانی لە قورئاندا بە ئافرەت بەخشیوە، وایکردوە لە مافەکاندا لەگەڵ ئەوانی دیکەدا یەکسان بێت.( وَلَهُنَّ مِثْلُ الَّذِي عَلَيْهِنَّ بِالْمَعْرُوفِ وَلِلرِّجَالِ عَلَيْهِنَّ دَرَجَةٌ وَاللَّهُ عَزِيزٌ حَكِيمٌ)و مافیان بەسەر پیاواندا هەیە هاوشێوەی ئەوەی پیاوان بەسەریاندا هەیانە.

ئایینی ئیسلام فەرمانی میهرەبانی بۆ ئافرەتان داوە و خەرجکردنی پارە بۆی ئەگەر خاوەنی مووچەو پارەی خۆشی بێت هەروەها مافی پێداویستییەکانی ژیانی پێ ببەخشی، لەوانە جل و بەرگ و خواردن و خانووبەرە.خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەرامبەر مافی ئافرەت دەفەرموویت: ( وعاشروهن بالمعروف)بە رەفتارێکی شیاو و جوان هاوکاریی ئافرەتان بکەن و مامەڵەتان چاک بێت لەگەڵیاندا، وەکو ئێوە چاوەڕوانى چاکە لەوانە دەکەن. لە قورئاندا پیاو لەگەڵ ئافرەت بە یەکسانی ناویان ھاتووە تەواوکەری یەکترن . وەکو خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا بەرامبەر مافی ئافرەت دەفەرموویت: (هُنَّ لِبَاسٌ لَّكُمْ وَأَنتُمْ لِبَاسٌ لَّهُنَّ) ئەم یەکسانییە کە لە نێوان پیاوان و ئافرەتان ھەیە کە پیاوان پۆشاکن بۆ ئێوە و ئێوەیش پۆشاکی ئەوانن.

ئافرەت لە ئیسلامدا هێمای ژیانە دەیکاتە مافێکی ڕواڵەتی بۆ خۆی و شانازی بە بوونی دەکات، بەلام بە پێچەوانەوە ڕەخنەی لە دابونەریتی پێش ئیسلام دەگرێت، کاتیک موژدەیان پێ دەگەیشت بە لە دایکبوونی کچێک پێیان ناخۆش بوو. ئەوەش بە یەکێک لە تاوانە گەورەکانی وەسف کراوە. خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموویت: ( وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُم بِالْأُنثَىٰ ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدًّا وَهُوَ كَظِيمٌ) هەر کاتێکیش مژدە و هەواڵى لە دایکبوونی کچیان بە یەکێکیان بدرێ دەبینى دەم و چاوى ڕەش هەڵ دەگەڕێ. دەروونیشى بەرامبەر بەخوا پڕە لە ڕەفتاری نەشیاو دەبوو هەر لەبەر ئەوە کچى داوەتێ. بەڵام پیغەمبەر سەلامی خوای گەورەی لەسەر بێت دەفەرمووێت.ھەر کەسێک ئافرەتیک بە جوانی پەروەردە بکات جێگای بەھەشتە.

 

یەکەم: ئافرەت مافی خوێندنی ھەیە: پێغەمبەر سەلامی خوای لەسەر بێت داوای لە تەواوی مرۆڤایەتی کرد کە بە دوای زانستدا بگەڕێن، ( طلب العلم فريضة على كل مسلم ومسلمة) یەکسانی پیاو و ئافرەت داواکردنی بەھرەی زانست و زانیاری پێویستە لەسەریان کە خۆیان فێربکەن و خەلکانی تریش فێر بکەن .

مێژووی ئیسلامی پێمان دەڵێت زۆرێک لە زانا و شەرح زانەکانە گەورەکان زانستیان لە ئافرەت وەرگرتووە. کتێبەکانی ژیاننامە پێمان دەڵێن خاتوو عائیشە خوا لێی ڕازی بێت، یەکێک بووە لە ھەژمارە هەرە گرنگەکان بۆ ژیاننامەی پێغەمبەر و شەرح زانێک بووە کە پێداچوونەوەی بە گێڕەرەوە و خوێنەران دەکرد.

دووەم: ئافرەت مافی هەڵبژاردنی هاوسەری ھەیە؛ ئیسلام مافی ئەوەی بە ئافرەت داوە کە کەسێک هەڵبژێرێت، گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەلدا بکات بە ڕەزامەندی ئافرەتەکە بێت. پێغەمبەر سەلامی خوای گەورەی لەسەر بێت دەفەرمووێت: (لا تنكح الأيم حتى تستأمر، ولا تنكح البكر حتى تستأذن) ئیسلام ئافرەت و پیاوی یەکسان کردووە لە مافی هەڵبژاردنی یەکتردا، دەسەڵاتی نەداوە بە دایک و باوک براکەی ناچاریان بکەن لە شووکردنیان، لە ئایینی ئیسلامدا ئافرەت ئازادییەکی تەواوی هەیە بۆ قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی هەرکەسێک کە دێت بۆ ئەوەی داوای هاوسەرگیری لەگەل بکات بەڵکو داوای هەڵبژاردنی دەکات لەم ھاوسەرەرگیریەدا.

 

سێیەم: ئافرەت مافی خۆیەتی داوای میرات بکات: پشکی ئافرەت لە میراتدا بە تەنها مافی خۆیەتی و ئازادییەکی ڕەهای هەیە بۆ خەرجکردن یان خەرج نەکردنی، بۆیە مافی ئەوەی هەیە بیهێڵێتەوە بەبێ ئەوەی لێی خەرج بکات. لە زۆر کات لە میراتدا، پشکی ئافرەت کە لە میراتدا یەکسانە بە پشکی پیاوە . خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرمووێت: (وَلِأَبَوَيْهِ لِكُلِّ وَاحِدٍ مِنْهُمَا السُّدُسُ مِمَّا تَرَكَ إِنْ كَانَ لَهُ وَلَدٌ) لە هەندێکجاریش پشکی ئافرەتان لە میراتدا لە پشکی پیاوان زیاترە.

چوارەم: ئافرەت مافی خۆیەتی بازرگانی بکات؛ ئایینی ئیسلام ڕێگای بە ئافرەت داوە کە لە دەرەوەی ماڵەوە کار بکات، لەو کارانەی لەگەڵ سروشت و پسپۆڕی و تواناکانیدا گونجاو بێت بۆبژێوی ژیانی ڕۆژانەی، خۆی.خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموویت: (وَأَحَلَّ اللَّهُ الْبَيْعَ وَحَرَّمَ الرِّبا) ئافرەت لە ئیسلامدا بەرزترین پلەیان بەدەست هێناوە.

پێنجەم: ئافرەت مافی خۆیەتی سیاسەت بکات؛ ئیسلام ئەو مافانەی بە ئافرەت بەخشیوە کە بەشداری کاری سیاسی بکات و مافی بەشداری کردن و خۆهەڵبژاردنیان ھەیە لە دەنگدان .کاتێک پەیمانیان بە پێغەمبەری خوادا ئافرەتان بەشداربوون لەو پەیمانە. لە سەرەتای ئیسلام یەکەم کەس ھاوکاری پیغەمبەری کردووە حەزرەتی خدیجە بوو کە بانگەوازی ئایینی ئیسلامی بە کاری نھێنی کردووە. لە سەرەتای شۆڕشەکانی کوردستان چەندین ئافرەت بەشدارییان کردووە لە کاری سیاسی و لە ھەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێگەیەکی باشیان ھەبووە بۆخزمەت کردنی کوردستان و بەرەوپیش بردنی مافی ئافرەت..
د. عەبدولعەزیز مەنتك.

Top