خانمان لە پێشوازی مانگی ڕەمەزاندا سەرقاڵی ئامادەكارین

خانمان لە پێشوازی مانگی ڕەمەزاندا سەرقاڵی ئامادەكارین

 

 

هاووڵاتییانی كوردستان لە ئێستادا سەرقاڵی خۆئامادە كردنن بۆ پێشوازی كردن لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، لەگەڵ هاتنی مانگی ڕەمەزان، بە هۆی ئەوەی ئافرەتان وەك پیاوان بەڕۆژوو دەبن و كاری ناوماڵ و خێزانداری و تەنانەت كاری دەرەوەی ماڵیشیان لەئەستۆیە، ئەرك و ماندووبوونیان گەلێك زیاتر دەبێت. ئەوان لەوە نیگەرانن كە زۆربەی پیاوان بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا لە ماندووبوون و شەونخوونی ئافرەت بێ ئاگان و نەك ئەركی سەرشانی كابانی ماڵ سووك ناكەن، بگرە قورستریشی دەكەن. بێگومان خانمان بۆ پێشوازی لە هەر بۆنە و جەژنێك ئامادەكاری و بەرنامەی پێشوەختەیان هەیە، لە مانگی ڕەمەزانیش جگە لە دروستكردنی خوانی جۆراوجۆر و ئامادەكردنی بەربانگ و پارشێوان و میوانداریی شەوان ئەركیان قورستر دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بە گەرمی پێشوازی لە پیرۆزییەكانی مانگی ڕەمەزان و بەجێهێنانی ئەركی ئایینی خۆیان دەكەن و خوازیاریشین ئەندامانی خێزان ڕەچاوی ماندووبوونیان بكەن. بەشداربوونی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان خوێندنەوەی زیاتریان بۆ ئەو بابەتە هەیە.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

«مانگی رەمەزان لە هەموو مانگەكانی دیكەی ساڵ جیایە و لەم مانگەدا عیبادەت و خواپەرستیی موسڵمانان زیاترە و خۆیان ڕۆژانە بۆ ماوەیەكی زۆر لە خواردن و خواردنەوە بێبەش دەكەن، ئەوەش كاریگەریی دەروونی و تەندروستییان بۆ دروست دەكات، بەتایبەتی لەسەر ئافرەتان كە ئەركیان زۆر قورستر دەبێت.». ئەوە قسەی دیمەن مەحموود بوو، ئەو خاتوونە وەك توێژەرێكی دەروونی هێما بۆ ئەوە دەكات كە «باری دەروونیی ئافرەتان لەو مانگەدا زۆر هەستیارە، ئەویش بە هۆی سەرقاڵبوونیان بە ئامادەكردنی خوانێكی شیاو و جۆراوجۆر بۆ خانەوادەكەیان كە زۆریان ماندوو دەكات، ئەندامانی خێزان لەو مانگەدا ئارەزووی جیاوازیان بۆ خواردن هەیە، ئەوەش زیاتر كابانی ماڵەوە ماندوو دەكات. بێگومان ئافرەتانی فەرمانبەر كار و ئەركیان گەلێك قورسترە، چونكە كاری ئیداری و ناوماڵیشیان هەیە و ئەو ماندوویی و برسێتی و تینوویەتییەش كاریگەریی دەروونییان لەسەر دروست دەكات، لەبەر ئەوە پێویستە پیاوان نەك هەر لە مانگی ڕەمەزان، بەڵكوو لە هەموو كاتێكدا ڕێز لە ماندووبوونی كابانی ماڵەوە بگرن، تەنیا ئەو رێزگرتنەش بەسە بۆ ئەوەی هەست بە هیلاكی نەكات.

ئافرەتان تایبەتمەندیی جەستەیی خۆیان هەیە، بۆیە تەنانەت پزیشكان و مامۆستایانی ئایینی ئامۆژگارییان دەكەن كە بۆ نموونە: لە كاتی سووڕی مانگانە و سەرەتای دووگیانی كە تووشی دڵهەڵچوون و ڕشانەوە دەبن، یان لە كاتی شیردان كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوی شیری دایك بە تایبەتی لە وەرزی گەرمادا، بەڕۆژوو نەبن و دەتوانن لە كاتێكی دیكەدا ڕۆژووەكەیان قەرەبوو بكەنەوە. یان ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، پێویستە لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی خۆیانەوە بڕیاری بەڕۆژووبوون وەربگرن».

ئاواز شێرزاد چالاكی كۆمەڵ مەدەنییە و ڕای وایە: «ڕەمەزان ئەو مانگە پیرۆزەیە كەوا تێیدا لایەنی دەروونی و جەستەیی تاك نوێ دەبێتەوە، جارێكی دی ئارامی دەگەڕێتەوە دڵ و دەرووەن و دەبێتە ھۆی پشوودانی جەستە و تەندروستیمان باشتر دەكات، بەگشتی دەبێت پەیوەندی كۆمەڵایەتی بەھێز بكات.

لە مانگی ڕەمەزان مرۆڤ بیر لە كەسانی دیكەش دەكاتەوە و یارمەتیی ھەژار و لێقەوماوان دەدات، بەڵام لەم دواییانەدا خەڵك كەمتر ڕووی كردۆتە ئەوەی بیر لە كەسانی نەدار بكاتەوە، ئەویش بە ھۆی گۆڕانی بارودۆخی دارایی، بەڵام بەگشتی مانگی ڕەمەزان ھەستێكی تایبەت و ناوازە بە مرۆڤ دەبەخشێت و وای لێ دەكات، سەرەڕای گرفت و كێشە و نەداری و بگرە نەخۆشیش ھێشتا ھەست بە ئارامی و ئاسوودەیی دەروونی بكات، بۆیە مرۆڤی موسڵمان دەبێت لە پاڵ بەجێھێنانی ئەركە ئایینییەكان، ھەندێك ئەركی دیكەش بەجێ بگەیێنێت، وەك بەھێزكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان و چاودێریكردنی كەسانی خاوەن پێداویستی و كەمدەرامەت، ڕەمەزانیش دەرفەتێكی باشە تا ھەست بە ئازار و مەینەتییەكانی یەكتری بكەین. دەبێت چینی دەوڵەمەند ئاگای لە چینی ھەژار بێت. بەم شێوەیە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەھێز دەبن، بەڵام بەداخەوە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی ئێستا جۆرێك ساردی پێوە دیارە و بەرەو لاوازی چووە».

د. سەید عەلی بەرزنجی و ئیمام و خەتیبی مزگەوتی مەلا ساڵح، سەبارەت بە هەمان پرس بەمجۆرە ڕای خۆی دەردەبڕێت: «بە ناوی خوای گەورە. سڵاو و ڕێز بۆ گیانی پێغەمبەر(د.خ)، سەرەتا لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی هاتنەوەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان لە موسڵمانان دەكەم، خوای گەورە ڕۆژووی هەموو لایەك قبووڵ بكات، ئینشائەڵڵا. ئافرەت هەمیشە لە بەڕێوەبردنی خێزان ڕۆڵی كارای هەیە، لەم مانگەشدا جیاواز لە مانگەكانی دیكەی ساڵ ئەركی قورستر دەبێت، ئەویش بە خزمەتكردنی ئەندامانی خێزانەكەی و زۆربەی كاتەكانی بۆ خزمەتكردن و دڵخۆشكردنی ئەندامانی خێزانەكەی تەرخان دەكات، لە كاتێكدا ئەویش وەك تێكڕای ئەندامانی خێزانەكەی بەڕۆژووە و تەنانەت لە ئێستادا زۆربەی خانمان شان بە شانی پیاوان لە دەرەوەی ماڵیش ئەركیان لەسەر شانە و كاردەكەن، بۆیە پێغەمبەری نازدار (د.خ)، كاتێك هەست بەوە دەكات، ئەركی سەرشانی ئافرەت زۆر قورسە عیبادەت و خواپەرستیی ئافرەتان سنووردار دەكات و دەفەرمووێت:(إذا صلَّت المرأةُ خمسَها وصامت شهرَها وحفِظت فرجَها وأطاعت زوجَها قيل لها ادخُلي الجنَّةَ من أيِّ أبوابِ الجنَّةِ شئتِ)، واتا ئافرەت ئەگەر پێنج فەرزە نوێژەكانی كرد، مانگی ڕەمەزان بەڕۆژوو بوو، خۆی لە گوناح و حەرام پاراست و گوێڕایەڵیی هاوسەرەكەی كرد، ئەوا لە ڕۆژی دواییدا سەرپشكە لە كام دەرگای بەهەشت بچێتە ژوورەوە».

ئەو مامۆستا ئایینییە بە پێویستی دەزانێت كە «هەموومان لە بری ئەوەی عەیب لە خواردنەكان ببینینەوە و هەستی كابانەكەی بریندار بكەین، ماندووبوون و شەنخوونی ئافرەتمان لەبەرچاو بێت و بەشێك لە ئەركەكانی لەگەڵ دابەش بكەین، یان هەر هیچ نەبێ، رۆژانە سوپاسی بكەین و دەستخۆشی لی بكەین.

پێداگریی منداڵ بۆ ڕۆژووگرتن شتێكی ئاساییە، بەڵام بەپێی شەرع منداڵ تا تەمەنی باڵغبوون ڕۆژووی لەسەر واجب نییە، دەكرێ ئەو منداڵانەی كە سوورن لەسەر ڕۆژووگرتن و توانای رۆژووگرتنیشیان هەیە، ڕۆژێك نا، ڕۆژێك، یان دوو ڕۆژ جارێك بەڕۆژوو بن».

 

خانمان لە پێشوازی مانگی ڕەمەزاندا سەرقاڵی ئامادەكارین
Top