ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی زمانی کوردی و پەرەسەندنی دیالێکتەکانی: خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لەبەر ڕۆشنایی سەرچاوە مێژووییەکان

ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی زمانی کوردی و پەرەسەندنی دیالێکتەکانی: خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە لەبەر ڕۆشنایی سەرچاوە مێژووییەکان


 کێشەی مێژوونووسینی زمانی کوردی
یەکێک لە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم لێکۆڵینەوە لە مێژووی زمانی کوردی، پەرتەوازەیی ئەرشیڤەکان و ونبوونی بەڵگەنامەکانە لەژێر ناوی نەتەوە باڵادەستەکانی تردا. لە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتناسی و مێژوونووسینی دراوسێکاندا، زۆرجار وا وێنا دەکرێت کە زمانی کوردی زمانێکی پەراوێزخراوە و تەنها لە قۆناغی ئاخاوتندا ماوەتەوە. ئەم گومانە بە شێوەیەکی سیستماتیک دووبارە کراوەتەوە، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو سەرچاوە ڕەسەنانەی کە ئاماژە بە پێچەوانەکەی دەکەن. کاتێک بە وردی بەدواداچوون بۆ سەرچاوە مێژوویی و زمانەوانییەکان دەکرێت، دەردەکەوێت کە زمانی کوردی نەک هەر پاشکۆ نییە، بەڵکو ڕەگێکی قووڵی لەناو شارستانییەتە دێرینەکانی وەک سۆمەری، هۆری، کاسی، لۆلۆبی و میدیدا هەیە و، لە قۆناغە جیاوازەکاندا خاوەنی سیستەمی نووسینی تایبەت بە خۆی بووە.

دووەم: بنەماکانی پەیوەندیی زمانی کوردی بە زمانە دێرینەکانی مێزۆپۆتامیاوە
لە ڕووی پێکهاتەی وشەسازی و ڕێزمانەوە، زمانی کوردی نزیکایەتییەکی ئۆرگانی لەگەڵ زمانە دێرینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. زانا و لێکۆڵەرانی وەک دیاکۆنۆف (I. M. Diakonoff) و گێرشیڤیچ (Gershevich) لە لێکۆڵینەوەکانیاندا سەبارەت بە زمانە ئێرانییە کۆنەکان، تیشکیان خستووەتە سەر ئەوەی کە میدییەکان سیستەمی نووسینیان هەبووە و زمانەکەیان کاریگەریی گەورەی هەبووە.

وەک لە بەڵگە زمانەوانییەکانەوە دەردەکەوێت، شارستانییەتە دێرینەکانی مێزۆپۆتامیا لە بناری چیاکانی زاگرۆس و کوردستانەوە سەرچاوەیان گرتووە. زۆربەی وشە بنەڕەتییەکانی تایبەت بە ئاگری، ئاژەڵداری و کشتوکاڵ کە ئەمڕۆ لە زمانی کوردیدا بەکاردێن، ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو زمانە دێرینانە. مانەوەی ئەم وشانە بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠٠٠ ساڵ بەبێ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ، سەلمێنەری ئەوەیە کە زمانی کوردی سەرەڕای داگیرکارییە یەک لەدوای یەکەکانی بابلی، ئاشووری و ئەوانی تر، پێکهاتە ڕەسەنەکەی خۆی پاراستووە.

سێیەم: دۆزینەوەی ئەلفوبێی کوردی لە سەرچاوە ئیسلامییەکاندا (ئیبن وەحشیە وەک نموونە)
بەڵگەیەکی گرنگ و حاشاهەڵنەگر کە ڕابردووی نووسراوی زمانی کوردی دەسەلمێنێت، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەردەمی ئیسلامی. لە پەڕتووکی (شوق المستهام في معرفة رموز الأقلام) کە لەلایەن (ئەحمەد کوڕی عەلی ئیبن وەحشیەی نەبەتی/کلدانی) لە ساڵی ٨٠٦ی زایینی (بەپێی دەقەکە) نووسراوە و لە ساڵی ١٧٥٩ وەرگێڕدراوە، بەڕوونی باس لە ئەلفوبێی نەتەوە کۆنەکان دەکات.

ئیبن وەحشیە کە خۆی کلدانییە، بەشێکی پەڕتووکەکەی تەرخان کردووە بۆ ئەلفوبێی کوردی و دەڵێت: مەبەستی لەم کارە ئەوەیە کە نیشانی بدات کوردەکان خاوەنی نووسین و زانستی خۆیان بوون. خاڵە گرنگەکانی ناو ئەم دەستنووسە بریتین لە:

1.    پیتەکانی ئەلفوبێی کوردی: ئیبن وەحشیە ئاماژە بەوە دەکات کە ئەلفوبێی کوردی لە ٣٧ پیت پێکهاتووە. نووسەر توانیویەتی ٣٠ پیتیان بەرامبەر بە پیتە عەرەبییەکان دابنێت، بەڵام حەوت پیتیانی جیا کردووەتەوە و دەڵێت کە ئەم حەوت پیتە تایبەتمەندن بە زمانی کوردی و لە هیچ زمانێکی تری جیهاندا هاوشێوەیان نییە. ئەمەش بەتەواوی لەگەڵ فۆنۆلۆژیای زمانی کوردیی ئەمڕۆدا یەکدەگرێتەوە کە چەند پیتێکی تایبەت بە خۆی هەیە (وەک: پ، چ، ژ، گ، ڤ، ڕ، ڵ).

2.    بەرهەمە زانستییەکان: ئیبن وەحشیە ڕایگەیاندووە کە لە بەغدا نزیکەی ٣٠ پەڕتووکی بینیوە کە بەم ئەلفوبێیە کوردییە نووسراون، هەروەها لە شام (سوریا) دوو پەڕتووکی تری لەلای بووە. ئەو دەڵێت ئەم ئەلفوبێیە تەنها بۆ بابەتی سادە بەکار نەهاتووە، بەڵکو حاکم و فەیلەسووفەکان بۆ نووسینی پەڕتووکی زانستی، کشتوکاڵی، پەنهانییەتی ئایینی و گەردوونناسی بەکاریان هێناوە. ئەو خۆی یەکێک لەو پەڕتووکانەی لە کوردییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی.

بەردەوامیی زانستیی کورد: ئەم نەریتە زانستییە بەردەوام بووە. بۆ نموونە:

●      ئەبو حەنیفەی دینەوەری (٨١٥-٨٩٥ز): زانایەکی کوردی خەڵکی دینەوەر بووە، پەڕتووکی (كتاب النبات)ی نووسیوە کە یەکێکە لە کۆنترین سەرچاوەکانی ڕووەکزانی، هەروەها پەڕتووکی (أنساب الأكراد)ی نووسیوە.

●      ئیسماعیل ئەلجەزەری (١١٣٢-١٢٠٦ز): زانایەکی کوردی خەڵکی جزیرە بووە، پەڕتووکی (الجامع بين العلم والعمل النافع في صناعة الحيل)ی نووسیوە کە تا ئەمڕۆش وەک شاکارێکی ئەندازیاریی میکانیکی تەماشا دەکرێت.

●      مانەوەی تێکستە پیرۆزەکانی ئایینی ئێزیدی (جلوە و مەسحەفا ڕەش) بە ئەلفوبێیەکی تایبەت کە لە ٣٤ پیت پێکهاتووە، درێژکراوەی هەمان ئەو قۆناغەی ئەلفوبێی کوردییە کە ئیبن وەحشیە باسی دەکات.

چوارەم: سەربەخۆیی زمانی کوردی و ڕەتکردنەوەی تێکەڵکردنی لەگەڵ فارسی
یەکێک لە کێشە گەورەکانی بواری زمانناسیی ڕۆژهەڵاتی، بەستنەوەی زمانی کوردییە بە زمانی فارسییەوە، بە جۆرێک کە هەندێک جار کوردی وەک زاراوەیەکی فارسی وێنا کراوە. ئەمەش لە ڕووی مێژوویی و زمانەوانییەوە هەڵەیەکی کوشندەیە.

سەرچاوە دێرینەکانی سەدەکانی ناوەڕاست بەڕوونی جیاوازییان لەنێوان زمانەکانی ناوچەکەدا کردووە. ئیبن نەدیم (Ibn al-Nadim) لە پەڕتووکی (الفهرست) لە سەدەی نۆیەمی زایینیدا دەڵێت: زمانەکانی ناوچەکە جیاوازن. ئەو پێناسەی (پەهلەوی) دەکات وەک زمانی خەڵکی ئیسفەهان، ڕەی، هەمەدان، دینەوەر و ئازەربایجان (کە دەکاتە جوگرافیای زمانیی میدییەکان و کورد)، لە کاتێکدا دەڵێت (فارسی) زمانی خەڵکی ناوچەی (فارس)ە لە باشوور و تەنها هاوشێوەکانی خۆیان لێی تێدەگەن.

هەروەها ئیبن ئەسیر (Ibn al-Athir) لە باسی پەیوەندیی نێوان فارسەکان و ئەشکانییەکان (پارتییەکان کە زمانەکەیان پەهلەوی بووە)، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم دوو زمانە هێندە جیاواز بوون کە پێویستیان بە وەرگێڕ (تەرجمان) هەبووە بۆ تێگەیشتن لە یەکتری.

کەواتە، ئەو نزیکایەتییەی ئەمڕۆ لەنێوان کوردی و فارسیدا دەبینرێت، ئەنجامی ئەوە نییە کە کوردی لە فارسییەوە هاتبێت، بەڵکو وەک سەرچاوەکان دەریدەخەن، زمانی فارسیی نوێ بە ئاراستەی زمانەکانی باکووری ڕۆژئاوا (کە کوردی بەشێکی سەرەکییەتی) گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە و وشە و پێکهاتەی لێ خواستوون.

پێنجەم: دیالێکتۆلۆژیای کوردی؛ لە مێژووەوە بۆ سیاسەت
دابەشبوونی زمانی کوردی بەسەر چەندین دیالێکت و بن‌دیالێکتدا، وایکردووە توێژەران بە شێوازی جیاواز پۆلێنی بکەن. کۆنترین پۆلێنکردنی زانستی دەگەڕێتەوە بۆ شەرەفخانی بەدلیسی (١٥٤٣-١٦٠٣ز) لە (شەرەفنامە)دا، کە زمانی کوردی بەسەر چوار کۆمەڵەدا دابەش دەکات: (کرمانجی، لۆڕی، کەلهوڕی، گۆرانی/زەنگەنە). لە سەدەی بیستەمدا، توێژەرانی وەک دکتۆر جەمال نەبەز و دکتۆر ئەمیر حەسەنپوور ئەم دابەشکارییەیان بە شێوەیەکی مۆدێرنتر داڕشتەوە.

ڕەخنە لە قوتابخانەی ماکێنزی (D.N. MacKenzie):

لە بەرامبەر پۆلێنکارییە مێژووییەکاندا، هەندێک ڕۆژهەڵاتناسی بەریتانی، بەتایبەت دەیڤد ماکێنزی، لە ژێر تیتڵی لێکۆڵینەوەی زمانەوانیدا هەوڵی داهێنانی چەمکی "کوردیی ڕاستەقینە" (Kurd Proper)یان دا. ماکێنزی لە ڕێگەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕووکەشانەی فۆنەتیکییەوە بڕیاری دا کە زاراوەکانی (گۆرانی/هەورامی، زازاکی، و لۆڕی) لە بازنەی نەتەوە و زمانی کوردی دەربهێنێت.

ئەم بۆچوونە لەلایەن توێژەرانی ئەکادیمیی مۆدێرنەوە ڕەتکراوەتەوە. د. مێخیل لێزنبێرگ (Michiel Leezenberg) بە توندی ڕەخنە لە ماکێنزی دەگرێت و دەڵێت: تیۆرییەکەی ماکێنزی پشت بە بەڵگەی مێژوویی، شوێنەواری (ئارکئۆلۆژی) یان ئەنترۆپۆلۆژی نابەستێت، بەڵکو تەنها تیۆرییەکی تەسکە کە ڕاستییەکان دەشێوێنێت.

کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە مێژووییە بێلایەنەکان، دەبینین ئەوان زۆر پێش ماکێنزی وەڵامی ئەم گومانانەیان داوەتەوە:

●      شەهابەدینی عومەری (کۆچی دوایی ١٣٤٩ز): لە پەڕتووکی (مسالك الأبصار) باسی خەڵکی لوڕستان و کرماشان و هەورامان دەکات و دەڵێت: "کورد سەرەڕای جیاوازیی زاراوەکانیان، هەموویان بە یەک زمان و یەک ناو دادەنرێن."

●      مەسعودی (٨٩٦-٩٥٦ز): نزیکەی پێنج سەدە پێش عومەری، ئەو ڕاستییەی دووپات کردووەتەوە کە کوردەکان بە زاراوەی جیاواز قسە دەکەن، بەڵام هەمووی هەر زمانی کوردییە.

●      ئەولیا چەلەبی (١٦١١-١٦٨٢ز): گەڕیدەی تورک کاتێک سەردانی ناوچەی جودی دەکات، تێبینیی ئەوە دەکات کە خەڵکەکە بە زمانێک قسە دەکەن کە نە عەرەبییە، نە فارسییە و نە تورکییە، بەڵکو زمانێکی سەربەخۆیە بە ناوی زمانی کوردی.

پرسی لۆڕ و گۆران لە پەراوێزی سیاسەتدا:

دەرکردنی لۆڕەکان لە خانەی نەتەوەی کورد، دیاردەیەکی مۆدێرنی سەدەی بیستەمە کە دەرەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتانی ناوچەکەیە. وشەی (لۆڕی/لۆهۆری - lo huri) لە بنەڕەتدا وشەیەکی مێژووییە و هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە بە واتای (پیاوە هۆرییەکان) یان پەیوەستە بە وشەی (خۆر/هۆر) لە کوردیدا (واتە خۆرپەرستەکان). لە ڕووی کولتووریشەوە، هاوبەشییەکانی نێوان لۆڕ و بەشەکانی تری کوردستان (وەک ئامێری دەهۆڵ و زوڕنا، و ئایینی یارسانی/کاکەیی) سەلمێنەری یەکبوونی نەتەوەییانن. تەنانەت نووسەرانی کلاسیکی کورد وەک فەقێ تەیران، ئەحمەدی خانی و مەستوورە خانمی ئەردەڵانی بە هەردوو زاراوەی کرمانجی و گۆرانی شیعریان نووسیوە کە نیشاندەری یەکڕیزیی کولتوورییە.

شەشەم: ئیتیمۆلۆژیا و پەرەسەندنی مێژوویی ناوی "کورد"
یەکێکی تر لە ئامانجەکانی ئەم توێژینەوەیە، خستنەڕووی ئەو بەڵگانەیە کە دەیسەلمێنن ناوی "کورد" ناوێکی ڕەسەن و دێرینە. بەهۆی جیاوازیی ئەلفوبێی گەلانی دراوسێ (وەک نەبوونی پیتی ک، گ، ق لە هەندێک زماندا)، ئەم ناوە بە شێوەی جیاواز (Gud, Gut, Qardu, Kurda, Kardu, Corduene, Gordyene) تۆمار کراوە، بەڵام هەموویان بۆ یەک نەتەوە و یەک جوگرافیا بەکار هاتوون:

1.    قۆناغی سۆمەری و ئاشووری: لە تێکستە سۆمەرییەکاندا، وشەی (Gud) وەک ناوێکی جوگرافی و نەتەوەیی بۆ گەلانی چیاکانی باکوور بەکار هاتووە کە مانای "جەنگاوەر و پاڵەوان"ی داوە. دواتر لە ئەرشیڤی ماری (٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین)، بەڕوونی ئاماژە بە ناوچەی (Kurda) و پاشای کوردان دەکرێت لە ناوچەی تور عابدین. هەروەها سەنحاریبی پاشای ئاشووری، باسی هەڵمەتەکانی خۆی دەکات بۆ سەر شاخی (Kardu/قاردو) کە بە تەواوی دەکەوێتە جوگرافیای کوردستانی ئەمڕۆوە.

2.    قۆناغی کلاسیکی یۆنانی و ڕۆمانی: لە بەناوبانگترین سەرچاوەکاندا، زانای یۆنانی زینۆفۆن (Xenophon) لە ساڵی ٤٠٠ی پێش زایین، لە پەڕتووکی (گەڕانەوەی دە هەزارەکە) بەوردی باسی جەنگاوەرانی (کاردۆخی - Carduchi) دەکات. دواتر سترابۆ (Strabo) و پلوتارک (Plutarch) هەمان ناوچەیان بە (Gordyene) ناوبردووە و جەختیان کردووەتەوە کە ئەمە هەمان نەتەوەی کاردۆخییەکانن.

3.    قۆناغی ئایینی و ئیسلامی: لە تێکستە ئایینییەکاندا، بەتایبەت سەبارەت بە چیرۆکی کەشتییەکەی نوح، هیپۆلیتۆس (Hippolytus) دەڵێت کەشتییەکە لە شاخی کاردو (Kardu) گیرسایەوە. لە قورئانی پیرۆزدا ناوی ئەم شاخە بە (جودی) هاتووە. لێکۆڵەرانی مێژوویی وەک ئەبو جەعفەری دینەوەری جەخت لەوە دەکەنەوە کە شاخی جودی هەمان لوتکەکانی بەغەردی و قاردویە لە جەزیرە، و ئاماژەیە بۆ "شاخی کوردان". بنیامینی تودێلایی (Benjamin of Tudela) لە سەدەی دوازدەهەمدا هەمان ڕاستیی سەبارەت بە ناوچەی جەزیرەی ئیبن عومەر پشتڕاست کردووەتەوە.

بەپشت بە بەڵگەنامە مێژوویی، زمانەوانی و جوگرافییەکان، دەمانگەیەنێتە ئەو دەرەنجامەی کە زمانی کوردی زمانێکی کۆن، ڕەسەن و سەربەخۆیە. ئەم زمانە نەک تەنها پاشکۆی زمانەکانی تر نییە، بەڵکو درێژکراوەی ڕاستەوخۆی شارستانییەتە دێرینەکانی مێزۆپۆتامیایە و لە سەدەکانی ناوەڕاستدا قۆناغی نووسین و بەرهەمهێنانی زانستیی (بە ئەلفوبێی تایبەت بە خۆی) تێپەڕاندووە.

فرەزاراوەیی لە زمانی کوردیدا (کرمانجی، سۆرانی، گۆرانی، لۆڕی، زازاکی) خاڵی لاوازیی زمانەکە نییە و نابێت وەک پاساوێک بۆ پەرتەوازەکردنی نەتەوەی کورد لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە بەکار بهێنرێت. ئەم فرەزاراوەییە بەڵگەیە لەسەر ڕەسەنایەتی، قووڵیی مێژوویی و فراوانیی جوگرافیای ئەم نەتەوەیە. ناوی "کورد" خۆی بە تەنها، یەکێکە لە کۆنترین ناسنامە نەتەوەییەکان کە لە تابلۆ بزمارییەکانەوە تا پەڕتووکە ئاسمانییەکان شایەتحاڵی بۆ دراوە.

سەرچاوە بەکارهاتووەکان:

شەرەفخانی بەدلیسی. شەرەفنامە: مێژووی ماڵە میرانی کوردستان. وەرگێڕانی: هەژار موکریانی. چاپی سێیەم، دەزگای چاپ و پەخشی ئاراس: هەولێر، ٢٠٠٦.

سیسیل جۆن ئیدمۆنز. کورد، تورک و عەرەب. وەرگێڕانی: حامید گەوهەری. چاپی سێیەم، دەزگای چاپ و پەخشی ئاراس: هەولێر، ٢٠٠٤.

ئی. م. دیاکۆنۆف. مێژووی میدیا. وەرگێڕانی: د. پێشەوا خالید. چاپی یەکەم، دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان: سلێمانی، ٢٠٢١. (تێبینی: پێشتریش لەلایەن بورهان قانعەوە وەرگێڕدراوە و لە ساڵی ٢٠٠٥ چاپ کراوەتەوە).

ئەولیا چەلەبی. سیاحەتنامەی ئەولیا چەلەبی: کورد لە مێژووی دراوسێکانیدا. وەرگێڕانی: سەعید ناکام. چاپی یەکەم، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی کورد: بەغدا، ١٩٧٩.

ئەحمەدی خانی. مەم و زین. وەرگێڕانی (بۆ شێوەزاری سۆرانی): هەژار موکریانی. دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس: هەولێر.

ئەبو حەنیفەی دینەوەری. أخبار الطوال. لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی: عەبدولمونعیم عامر. قاهیرە، ١٩٦٠.

G. R. Driver. "The Name Kurd and its Philological Connexions." Journal of the Royal Asiatic Society 54, no. 3 (1922): 393-403.

L. W. King. Records of the Reign of Tukulti-Ninib I, King of Assyria. London: Luzac and Co., 1904.

M. Leezenberg. "Gorani Influence on Central Kurdish: Substratum or Prestige Borrowing?" International Journal of the Sociology of Language (2011).

D. N. MacKenzie. "The Origins of Kurdish." Transactions of the Philological Society 60, no. 1 (1961): 68-86.

 

 

 

Top