١٢٨ ساڵەے ڕۆژنامەگەرے کوردے … خەباتیےقەڵەم بۆ ڕاستی و ئازادے
ڕۆژنامەگەریی کوردی بە درێژایی ١٢٨ ساڵی رابردوو، وەکو یەکێک لە بنەما گرنگەکانی هۆشیاریی تاک کۆمەڵگا و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی پیشانداوە. ئەم ڕێگایە کە لە ساڵی ١٨٩٨ دەستی پێکرد بە بڵاوکردنەوەی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی «کوردستان»، تەنها دەستپێکی پیشەیەک نەبوو، بەڵکو سەرەتای خەباتێکی فکری و کۆمەڵایەتی بوو کە تا ئێستا ئەو خەباتە بەردەوامی هە یە . لەو کاتەدا، ڕۆژنامە وەک دەنگی گەلێکی بێدەنگ هاتە دەرەوە و هەوڵی دا ناسنامەی خۆی لە ناو گەلانی دیکەدا بسەپێنێت.
لە سەردەمی سەرەتادا، ڕۆژنامەگەری کوردی لە ژێر فشار و سنووردارکردنی زۆردا بوو. ڕۆژنامەنووسان ناچار بوون لە دەرەوەی وڵات کار بکەن یان بە نهێنی بابەتەکانیان بڵاوبکەنەوە، بەڵام ئەو دژوارییانە نەیانتوانی ئیرادەی ئەوان بشکێنێت. بە پێچەوانەوە، ئەم فشارانە بوون بە هۆی ئەوەی ڕۆژنامەگەری زیاتر ببێتە ئامرازێکی خەبات و بەرگری. قەڵەمی ڕۆژنامەنووسان بوو بە دەنگی ڕاستی و بوێری بەرامبەر بە هەموو شێوەکانی زوڵم و ستەم و نادادی و ناڕەوایی، هەوڵیاندا ڕاستی بگەیەننە خەڵک.
بە تێپەڕبوونی کات، ئەم بوارە گەشەی زیاتری بەخۆوە بینی و ڕۆڵی خۆی فراوانتر کرد. لە سەردەمی نوێدا، ڕۆژنامەگەری کوردی نەک تەنها لە بوارە سیاسییەکاندا، بەڵکو لە کەلتوور، فێربوون، مافەکانی مرۆڤ و چاکسازیی کۆمەڵگا دەستکارییەکی کارای هەبوو. ڕۆژنامەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بوون بە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری و دروستکردنی گفتوگۆیەکی گشتی کە بەهۆی ئەوەوە کۆمەڵگا توانای بڕیاردان و تێگەیشتنەکی باشتر بەدەست هێنا.
لە سەردەمی دیجیتاڵدا، ڕۆژنامەگەری کوردی چووە نێو قۆناغێکی نوێوە ، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مێدیای نوێ، ڕێگایەکی خێرا و فراوانیان کردووە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیارییەکان . ئێستا هەر کەسێک دەتوانێت بە ئاسانترین شێوە دەنگی خۆی بگەیەنێت، بەڵام ئەمەش هەموو شتێکی ئاسان نەکردووە. چونکە لەگەڵ زۆربوونی سەرچاوەکانی زانیاری، مەترسیی پەخشکردنی هەواڵی نادروست و بێ بنەما زیاتربووە. بۆیە ڕۆژنامەنووسان پێویستە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پابەند بن بە ڕاستگۆیی، دڵسۆزی و بنەما پیشەییەکان.
یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ڕۆژنامەگەری کوردی ئەوەیە کە هەمیشە نزیک بووە لە کێشە و ژیانی خەڵک. ڕۆژنامەنووس کەسێکە کە دەنگی کۆمەڵگایە، کە هەوڵدەدات کێشەکان ڕوون بکاتەوە و چارەسەرەکان پیشنیار بکات. لە زۆر کاتدا، ڕۆژنامەگەری بووە بە پردی لە نێوان خەڵک و دەسەڵات، کە دەتوانێت مافەکان بپارێزێت و دەنگی داواکارییەکان بگەیەنێت بەشێوازێکی دروست .
لەگەڵ هەموو ئەو دەستکەوتانە، ڕۆژنامەگەری کوردی هێشتا ڕووبەڕووی چەندین کێشەی سەرەکی دەبێتەوە . سنووردار کردنی ئازادی ڕاگەیاندن، هەڕەشە لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنووسان، نەبوونی یاسا و پاراستنی تەواو بۆ پیشەکە، و هەروەها کێشە دارایییەکان، هەموویان کاردەکەنە سەر بە ئاستی کارکردن. هەروەها کێشەی «فەیک نیوز» و بێباوەڕی بە هەندێک میدیا، هۆکارێکی ترە کە پێویستی بە چاکسازی و ڕێکخستنی زیاتر هەیە.
بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو کێشانەش، ڕۆژنامەگەری کوردی هێشتا پڕ لە هیوایە. گەنجان و نەوەی نوێ، بە ئاستێکی باش لە فێربوون و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا، دەتوانن ڕێگایەکی نوێ بۆ ئەم بوارە درووست بکەن. ئەگەر ئەم نەوەیە پابەند بێت بە ڕاستگۆیی و بنەما پیشەییەکان، داهاتوویەکی ڕووناکتر بۆ ڕۆژنامەگەری کوردی چاوەڕوان دەکرێت.
لە کۆتاییدا، ١٢٨ ساڵەی ڕۆژنامەگەری کوردی مێژوویەکی سادە و ساکار نییە، بەڵکو مێژووی خەبات و، ئاراستەکردنی بیر و هزر و پاراستنی ناسنامەیە بۆ نەوەتەوەییەک . ئەم مێژووە فێرمان دەکات کە قەڵەم دەتوانێت گۆڕانکاری دروست بکات و کاریگەرییەکی زۆر بە جێ بهێڵێت لە کۆمەڵگادا ، ڕاستی دەتوانێت سەرکەوتوو بێت، ئەگەر کەسانێک هەبن کە بە دڵسۆزی کار ے بۆ بکەن.
بۆیە پێویستە هەموومان، وەک تاک و کۆمەڵگا، پشتیوانی لە ڕۆژنامەگەرییەکی ئازاد و سەربەخۆو ڕاست و دروست بکەین. چونکە ڕۆژنامەگەریی ئازاد تەنها بوارێکی کار نییە، بەڵکو بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دادپەروەر، هۆشیار و پێشکەوتوو.

بێلان عاسی ڕۆژبەیانی