ڕێزان بەرەكەت حەمۆ: ئامانجمان پێگەیاندنی تاكێكی بە ئەزموونە كە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی هەبێت

ڕێزان بەرەكەت حەمۆ:  ئامانجمان پێگەیاندنی تاكێكی بە ئەزموونە كە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی هەبێت

 

 

كۆمەڵگەی (ئاگا)ی پەروەردەیی ناحكومی یەكێكە لە قوتابخانە سەركەوتووەكانی قەزای پیرمام، كە سەر بە سنووری بەرێوەبەرایەتیی پەروەردەی پیرمامە و ژمارەی قوتابیانی ئەم كۆمەڵگە پەروەردەییە سەرووی هەزار قوتابییە كە لە قۆناغەكانی (باخچەی منداڵان و بنەڕەتی و ئامادەیی) پێك دێن، جێگەی دڵخۆشییە كە زۆرینەی مامۆستایانی ئەم كۆمەڵگەیە ئافرەتن كە ژمارەیان 80 مامۆستایە، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە ئافرەت لە پەروەردە و فێركردندا ڕۆڵێكی گەورەی هەیە. ڕێزان بەرەكەت حەمۆ یاریدەدەی بەڕێوەبەری كۆمەڵگەی ئاگا وردەكاری كار و خزمەتەكانی ئەم كۆمەڵگەیە بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەخاتەڕوو.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

«كۆمەڵگەی ئاگای پەروەردەیی ناحكومی لە ساڵی (٢٠١١) دامەزراوە و لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاوەكو ئیستا ژمارەیەكی زۆری قوتابی پێگەیاندووە و گەیشتوونە بە ئامانجی دیاریكراوی خۆیان بۆ خزمەتی خاك و نیشتمان. ڕێژەی قوتابیان لەم كۆمەڵگەیە ساڵانە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، لە ساڵی یەكەمی كردنەوەی كۆمەڵگەكە تەنیا (٧٨) قوتابیمان هەبوو، بەڵام ئیستا ژمارەی قوتابیان سەرووی هەزار قوتابییە، كۆمەڵگەكەمان لە ڕێزبەندی قوتابخانە ستانداردەكانە كە پلەی نایابی بە دەستهێناوە لە هەڵسەنگاندنی لێژنەی كوالیتی و پەرەپێدان، ڕێز و سوپاسی جەنابی وەزیری پەروەردەی بەدەست هێناوە، ساڵانە چەندین خەڵاتی ڕێزڵێنان و دەستخۆشی لەلایەن سەرپەرشتیارانی بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەكان بە دەستدەهێنێت. ئامانجە سەرەكییەكانی ئەم كۆمەڵگەیە بریتییە لە پەروەردەكردن و پێگەیاندنی تاكێكی بە ئەزموون و سەركەوتوو كە توانای بیركردنەوەی ڕەخنەگرانە و چارەسەركردنی كێشەكانی هەبێت و پەرە بە تواناكانیان بدرێت لە خولیاو بەهرەكانیان، هەروەها لە دابینكردنی ژینگەیەكی ناوازە و ئەكادیمی و هەمەچەشنی پەروەردەیی، هەوڵدەدات قوتابیان خۆشەویستییان بۆ زمان و كلتووری وڵاتەكەیان هەبێت و نیشتمانپەروەر بن. لە هەمان كاتدا كۆمەڵگەكە خزمەتێكی زۆری بە منداڵانی شەهید و كەم دەرامەت و خاوەنپێداویستی تایبەت دەكات، كە بێ بەرامبەر دەتوانن درێژە بە خوێندنیان بدەن.

كۆمەڵگەی ئاگای پەروەردەیی بەردەوام خزمەت بە قەزاكە و دەوروبەری دەكات لە لایەنی پەروەردەیی و كاری خێرخوازی هەمیشە هاوكار و هەماهەنگە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پیرمام و تەواوی قوتابخانەكانی ئەم سنوورە، كۆمەڵگەكەمان لە ڕێزبەندی قوتابخانە پلە نایابەكانە ئەمەش لە سایەی كۆمەڵێك مامۆستای بە ئەزموون و چالاك و كوردپەروەر كە درێخییان لە خزمەتكردنی قوتابیان نەكردووە، لە كۆمەڵگەی (ئاگا) زیاتر لە (١٢٠) مامۆستا و فەرمانبەر خزمەت بە قوتابیان دەكەن. مامۆستایان تەنیا زانیاری ئەكادیمی نابەخشن، بەڵكو چەندین بابەت و خولی پەروەردەیی پێشكەش دەكەن لەوانە قوتابیان فێر دەكەن كارامەییان هەبێت لە بوارە جیاجیاكانی ژیان، كە بەشێوەی تیم كار بكەن و هاوسۆزیان بۆ كەسانی دیكە هەبێت. هەروەها لە نێو قوتابیاندا گرنگییەكی زۆر بە بەها ڕەوشتییەكان و هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی و ڕاستگۆیی و دەستپاكی و میهرەبانی دەدەن، قوتابیان فێری ئەوە دەكەین كە سەركەوتن تەنیا پەیوەندی بە خوێندن نییە، بەڵكو پەیوەندی بە چەندین ڕەهەندی جیاواز هەیە، مامۆستایان یارمەتی قوتابیان دەدەن كە بۆ داهاتوویان ببنە تاكێكی بە ئەزموون و سەركەوتوو، ئەویش بەهۆی دانانی ئامانج، بەڕێوەبردنی كات، بیركردنەوەی ڕەخنە گرانە بۆ ئەوەی متمانە بەخۆبوونیان زیاتر بێت و بێ ترس هەنگاو بەرەو خەونەكانیان بنێن، بێگومان بە فێربوونی ئەم كارامەییانە لە تەمەنێكی بچووكدا منداڵان باشتر ئەزموون وەردەگرن».

هەروەها گوتی: «كۆمەڵگەی (ئاگا)ی پەروەردەیی خەڵاتی رێزلێنانیان پێبەخشرا لە مەراسیمی بەخشینی ڕێزلێنان بەو قوتابخانانەی كە ئاستی چواریان بەدەستهێناوە،كۆمەڵگەی (ئاگا)ی پەروەردەیی بەتێكڕای (٩١) پلەی (نایاب) پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پیرمام بەدەست هێناوە، هەروەها لە هەر چالاكییەك بەشدار بێت سەركەوتنێك تۆمار دەكات، بەشداریكردنی قوتابیانی كۆمەڵگەی (ئاگا) لە ڕاكردنی بە كۆمەڵ(ماراسۆن) توانی پلەی یەكەم لەسەر ئاستی كچان بەدەست بهێنێت بە سپۆنسەری كۆمەڵگەی (ئاگا)ی پەروەردەیی كە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پیرمام ئەنجامیدا، هەروەها قوتابیانی ئەم كۆمەڵگەیە بەشداربوون لە هەڵسەنگاندنی هزری بیركاری كە لە زانكۆی جیهان ئەنجامدرا قوتابیان پلەی نایابیان بەدەست هێنا.

هەروەها لە خولی فوتسالی كچانی قوتابخانە بنەڕەتییەكان و ئامادەییەكانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پیرمام قوتابییەكانمان توانیان سەركەوتوو بن و ببنە پاڵەوانی خولی فوتسالی كچان و پاڵەوانییەتییەكە بە سپۆنسەری كۆمەڵگەی(ئاگا) بەڕێوەدەچوو».

 

ڕێزان بەرەكەت حەمۆ:  ئامانجمان پێگەیاندنی تاكێكی بە ئەزموونە كە توانای چارەسەركردنی كێشەكانی هەبێت
Top