( سەرۆکێکی دیبلۆماتکارو میونشن وەک دەرفەت )

( سەرۆکێکی دیبلۆماتکارو میونشن وەک دەرفەت )

 

ئەمڕۆ ٦١یەکەمین کۆنگری ئاسایشی میونشن دەستی بەکارەکانی کرد کەتێیدا زیاتر لە ٤٥٠ سەرۆک و سەرۆک وەزیران و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی وڵاتانی دونیا تێیدا بەشدارن بۆ تاوتوێکردنیی بابەتە سەرەکیەکانی کۆنفڕانسەکە کە لەم تەوەرانەی خوارەوە پێکدێت:
* ئاسایشی ئەوروپا و NATo
* جەنگی AI زانیاری دەستکرد
* کێبڕکێ لەگەڵ چین
* قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

کۆنگرە ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بانگهێشت کردوە، بەستنی ئەم کۆنگرەیە ئەمساڵ لە ساتەوەختێکدایە کە ڕوووداو پێشهاتی زۆر گرنگ و گەورە لە جیهاندا دەگوزەرێ و لەبری کوژاندنەوەی ئاگری جەنگی چەند ساڵەی هەندێک وڵات خەریکە ئاگری جەنگێکی دیکە لە ناوچەکە هەڵدەگیرسێت

ئەگەرچی جیهان چاوی لەوەبوو کە کۆتایی بە جەنگی ڕوسیاو ئۆکرانیا بهێنرێت بەڵام ئەوەتا خەریکە شاهێدی جەنگێکی نوێ دەبین لە نێوان ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەکرێت لەهەر ئان و ساتێکدا ڕووبدات و قەیرانێکی دیکەی جدی بەرۆکی ناوچەکەو جیهان بگرێت و ئاگری جەنگ زۆر شوێنی دیکە بسوتێنێت

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی یەکێک لە سەرۆکە بانگهێشگکراوەکانی کۆنگرەی میونشنەو بێگومان لەو سێ ڕۆژی کۆنگرەکەدا دیدارو گفتووگۆی زۆری دەبێت لەگەڵ سەرۆک و سەرۆک وەزیران و کاربەدەستە باڵاکانی وڵاتانی جیهان بۆ ئەوەی بتوانێت بە پەیوەندیە سیاسی و دیبلۆماتیەکان هێزێکی زیاتر بداتەوە بەر ڕۆحی کوردان و پاڵپشتیەکی زیاتری سیاسیش بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان دابێن بکات ،دڵنیابن بەشداری وەفدی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی لە هەوڵەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە تا بتوانێت پاڵپشتیەکی سیاسی زیاتر بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای وڵات دابین بکات و بیانگەیەنێت بە بڕیاربەدەستە گرنگەکانی جیهان ،دەتوانین بڵێین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند ڕەهەندێکی هەیە

ڕەهەندە گرنگەکانی بە شداری سەرۆ نێچیرڤان بارزانی:

١. بەهێزکردنی پێگەی سیاسی و دیبلۆماسی هەرێمی کوردستان
ئەم کۆنگرەیە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک کارەکتەرێکی کاریگەر لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکاندا هەموو هەوڵێکی خۆی بدات تا زۆرترین پاڵپشتی و هاوکاری لەکۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی وڵاتان، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی وڵاتە زلهێزەکان بەدەستبهێنێت خودی بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شەرعیەتێکی نێودەوڵەتی زیاتر بە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت و دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی لە ئاسایشی ناوچەکەو جیهاندا هەیە

٢. پاراستنی ئاسایشی هەرێم و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر
هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش تائێستاش پێگەیەکی گرنگی هەیەو بەشداری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە میونشن دەرفەتێکە بۆ گەیاندنی داخوازیە سەربازی و ئەمنیەکانی هەرێمی کوردستان کە خۆی لەچەند بابەتێک
دەبینێتەوە لەوانەش

• داوای بەردەوامیی پاڵپشتییە سەربازییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە و زیاترکردنیان لە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی و هاوپەیمانیەتی Natoبەمەستی زیاتر ڕووبەڕوو بونەوەی تیرۆر

• مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعش و گروپە توندئاژۆکان بەتایبەت دوای ڕوداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاو ئازادکردنی سەدان و هەزاران تیرۆرستی ترسناکی داعش و گواستنەوەی هەزاران داعشی دیکە بۆ ناو خاکی عێراق کە بێگومان جێگەی قەلەقی و نیگەرانیەو نێچیرڤان بارزانی لە میونشن دەیەوێت دڵنیای زیاتر وەربگرێت

• هەماهەنگییە سەربازی و ئەمنیەکان لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموون و شارەزایی و چەک و چۆڵە سەربازیەکانی ئەوان وەربگرێت تا کۆتایی بە داعش و هەر گروپێکی دیکەی تیرۆرستی بهێنرێت و مەترسیەکانی توندڕەوی نەگوازرێتەوەو تەشەنە نەکات بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەو جیهان

٣/ کێشەو گرفتەکانی عێراق و پێکنەهێنانی حکومەتی نوێ
ئەم کۆنگرەیە دەرفەتێکی زۆر گرنگە بۆ خستنەڕووی دۆخی ناووخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و پێکنەهێنانی حکومەتەکانی عێراق و هەرێم و هۆکارو ڕێگریەکان و دۆخی سیاسی عێراق لە دوای پەیامەکەی سەرۆک ترامپ بۆ ڕەتکردنەوەی مالیکی ،بێشک گەیاندنی ئەم پەیامانە بەرچاو ڕونیەکی زیاتر بە ئەوروپی و ئەمریکیەکان دەبەخشێت و ئەمەش کاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر تێگەشتنی هەموولایەک دەبێت و ڕەنگە ببێت بە هۆکاری زیاتر یارمەتیدانی عێراق

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەو ڕۆڵە میانڕەوی و سیاسەتە نەرمەی کە هەیەتی پێگەیەکی گەورەی بە هەرێمی کوردستان بەخشیوەو متمانەیەکی زۆری سەرکردەو سەرۆکی وڵاتانی دونیای بەدەستهێناوەو ڕاو سەرنجی بەهەند وەردەگیرێت و لە دیمانەی سەرۆک ترامپ لە پاریسی پایتەخت سەرۆک ماکرۆن وتی بۆئەوەی لە دۆخی ناوچەکە بەڕاستی تێبگەیت گوێ لە سەرۆک نێچیرڤان بگرن

ئێستاو لەم چرکەساتە گرنگ و مێژوویەدا کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی هەموو پەیوەندیەکانی خۆی و تەواوی جەستەی دیبلۆماسیەتی هەرێمی کوردستانی خستوەتەگەڕ بۆ پاراستنی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان لەو ڕووداو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێن لەم ئانوساتەدا هەموو نەتەوەی کورد لەهەر کوێیەکی ئەم جیهانەدابن چاویان لە هەنگاوەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیەو تێکڕا کۆکن لەسەرئەوەی کە کوردستان لە دەستێکی ئەمیندایەو خەون و ئومێدی کوردان تا چاو هەتەرکات لە هەنگاوەکانی سەرۆکە.

Top