لووتكەی حكومەتەكانی جیهان لە دوبەی . . . زیرەكیی دەستكرد و پێناسەكردنەوەی وەرچەرخان لە تواناكانی مرۆڤدا

لووتكەی حكومەتەكانی جیهان لە دوبەی  . . .   زیرەكیی دەستكرد و پێناسەكردنەوەی وەرچەرخان لە تواناكانی مرۆڤدا

 

 

 

لە ڕۆژانی 3-5ی شوباتی 2026 لووتكەی حكومەتەكانی جیهان لەژێر دروشمی «دیزاینكردنی داهاتووی حكومەتەكان - Shaping future Government»، بەڕێوەچوو، كە تیایدا 47 سەرۆك دەوڵەت و حكومەت، 500 وەزیر، 150 شاندی حكومەتە جیاوازەكان و زیاتر لە 7000 سەركردەی هزری كەرتی تایبەتی پێكەوە كۆكردبووە و، لە ناویاندا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندە یاوەرەكەی، كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێك بوو لەو سەرۆك حكومەتانەی كە لایەن شێخ محەمەد بن زائید ئال نهەیان سەرۆكی ئیمارات، بە فەرمی بۆ ئەم لووتكەیە بانگهێشت كرابوو.

لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی ئەم لووتكە جیهانیە گەورەیەدا، محەمەد گەرگاوی وەزیری كاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات لە گوتارەكەیدا، زۆر ڕاشكاوانە جیهانی لە گۆڕانكارییەكی گەورە ئاگادار كردەوە و گوتی: «گەورەترین گۆڕانكاری لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە لابۆر و كارگەكاندا ڕوونادەن، بەڵكو گەورەترین گۆرانكاری لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە خودی مرۆڤدا ڕوویداوە، ئێمە ئەمڕۆ لەناو گۆڕانكارییەكانی پیشەسازی، یان تەكنەلۆژیدا ناژین، بەڵكو لە ساتی پێناسەكردنەوەی تواناكانی مرۆڤ دەژین»، لە درێژەی گوتارەكەیدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە «ئەمڕۆ جیهان لەبەردەم قۆناغێكی تەواو جیاوازدایە، قۆناغێك كە تواناكانی مرۆڤ بەوە دەپێورێت، دەتوانێت چی بكات و چۆن پەرەپێ بدات و بەهێزی بكات»، گوتیشی: «كاتێك دەڵێین مرۆڤ دەچێتە قۆناغێكی نوێوەوە، من باسی شتی تیۆری ناكەم، بەڵكو باس لەوە چوار هێزە دەكەین، كە وا لە مرۆڤ دەكەن، پێی بگوترێت (مرۆڤی بەهێزكراو)، زیرەكیی دەستكرد توانای زهنی مرۆڤ چەندین جار توانای خۆی زیاد دەكات، ئێستا مرۆڤ ئامێرێكی دروست كردووە، ئامێری دیكە بەرهەم دەهێنێتەوە، ئامێرێك كە بیردەكاتەوە و شرۆڤە دەكات و بونیاد دەنێت و فێردەبێت، هێزێكی دیكە پێشكەوتنی زانستی پزیشكییە، ئەم پێشكەوتنە تەنیا تەمەنی مرۆڤەكان زیاد ناكات، بەڵكو تەمەنیان زیاد دەكات و تەندروستیشیان باش دەكات، هێزی سێیەمیش ئەوەیە كە زانستەكانی دەماخ، فێربوون و تێگەیشتن پێناسە دەكەنەوە، دۆزینەوەكانی داهاتوو لە ئاسمان و فەزا نابن، بەڵكو دۆزینەوەی توانای نوێ دەبن لە خودی دەماخ و ئەقڵی مرۆڤدا، هێزی چوارەمیش هەستی مرۆڤ بەرانبەر ناسنامە دەگۆڕێت، چیتر مرۆڤ یەك كەس نابێت، بەڵكو دەبێتە كۆپییەكی فرەچەشن لەسەر پلاتفۆرمە جیاوازەكان».

ئەگەر ئەم قسانەی گەرگاوی بە دروشمی سەرەكیی لووتكەی 2026 گرێ بدەینەوە، ئەوا دەگەینە ئەو دەرەنجامەی كە دیزاینی باشترین حكومەت لە ئێستای جیهاندا كە مامەڵە لەگەڵ تواناكانی ئێستای مرۆڤەكان دەكات، ئەوا لە داهاتوویەكی نزیكدا شكست دێنێت لەمامەڵە كردن لەگەڵ ئەو مرۆڤانەی كە وەرچەرخانی گەورە لە تواناكانیان ڕوودەدەن، بۆیە كرۆكی كۆی ئەو تەوەرە سەرەكییانەی بۆ لووتكەی ئەمساڵ ڕێك خرابوون، هەموویان جەختكردنەوە بوو لەسەر «وەرچەرخانی خێرای گەشەی حكومەتەكان، داهاتووی زیرەكیی دەستكرد و داهاتووی سنوورە نوێیەكان، دووبارە دیزاینكردنەوەی كۆمەڵگەكان و گۆڕێنی دەستنیشانكردن و چارەسەركردنی تەندروستیی مرۆڤ، ئابووری و دارایی بۆ قۆناغێكی نوێ وەردەچەرخێن، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، ئایندەی وزە، پەرەپێدانی بەردەوم، فێربوون بۆ ئەو كارە تازانەی پێشكەوتنی تازە لەگەڵ خۆی دەیانهێنێت و...هتد». ئەم هەموو گۆڕانكارییانە لە كۆی سێكتەرە جیاوازەكانی حوكمڕانی، لە ئێستادا ڕووبەڕووی هەموو حكومەتەكانی جیهان بووتەوە، بۆیە چیدیكە پرسیاری سەرەكی ئەوە نابێت «تەكنەلۆژیا چ گۆڕانكارییەك لە ئابووری دروست دەكات؟ ئایندەی كار چی بەسەر دێت؟خزمەتگوزارییە گشتییەكان چۆن دابین دەكرێن؟ بەڵكو پرسیاری سەرەكی ئەوە دەبێت «ئایا حكومەتەكان چۆن مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ دەكەن، كاتێك ئەم وەرچەرخانە ڕوودەدات و خودی مرۆڤەكە دەگۆڕێت؟.

لەناو ئەم قۆناغە تازەیەدا مەترسیدارترین شت كە ڕووبدات، ئەوە نییە كە حكومەتەكان لە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا دوابكەون، بەڵكو گەورەترین مەترسی ئەوەیە كە حكومەتەكان لە گۆڕانكاری پێویست دوا بكەون و نەتوانن لەگەڵ وەرچەرخەكانی تواناكانی مرۆڤی داهاتوو مامەڵە بكەن.

ئەم ئالنگارییە كە كۆی حكومەتەكانی جیهان هەڵوەستەی لەسەر دەكەن و لێی دەترسن، بێگومان بەراورد بە حكومەتی ئیمارات كە بەرهەمەكانی بۆ 180 دەوڵەت هەناردە دەكات و قەوارەی بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتانی جیهان یەك ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، ئالنگارییەكان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان قورستر دەبن.

ئامادەبوونی ساڵانەی مەسرور بارزانی بە بانگهێشتی فەرمی بۆ بەشداربوون لەم لووتكە جیهانییە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەو ئاراستەیە كاردەكات كە لە كاروانی گۆڕانكارییە تازەكانی حوكمڕانی نەك هەر دوا نەكەوێت، بەڵكو وەك سەرۆك وەزیرانێكی ئەكتیڤ بەشدارییەكی كارا لەو دیزاینە تازەیەی حكومەتەكاندا بكات، كە ئێستا بۆ داهاتووی حوكمڕانی كاری لەسەر دەكرێت، لەم چوارچێوەیەدا هەڵوەستەیەك لەسەر ئەو دیدار و كۆبوونەوانە دەكەین كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەراوێزی لووتكەی حكومەتەكانی جیهاندا لەگەڵ سەرۆك و سەركردەكانی جیهان ئەنجامی داون.

 

 هەڵوەستەیەك لەسەر دیدارەكانی مەسرور بارزانی لە پەراوێزی لووتكەی حكومەتەكانی جیهاندا

جوانیی كۆڕ و كۆڕبەند و لووتكە جیهانییەكان لەوەدا خۆی بەرجەستە دەكات، كە ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆكی دەوڵەت و سەرۆكی حكومەت و شاندی حكومەتە جیاوازەكان و سەركردەكانی فیكر لە بۆنەیەكدا پێكەوە كۆدەكاتەوە، هەروەك چۆن لە لووتكەی حكومەتەكاندا 70 سەرۆك دەوڵەت و سەرۆك حكومەت و شاندی 150 حكومەت و 500 وەزیر و زیاتر لە 7000 سەركردەی فیكری كەرتی تایبەتی پێكەوە كۆكردبووەوە، لەماوەی تەنیا سێ ڕۆژدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆمەڵێك دیدار و كۆبوونەوەی هەبووە كە هەموویان ڕەنگدانەوەی پێداویستییەكانی ئێستای سیاسەتی حوكمڕانین لە هەرێمی كوردستان و هەوڵدانە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستان بكرێت و ئاستی وەبەرهێنان لە كۆی سێكتەرەكانی حوكمڕانی زیاتر بەرەو پێشەوە ببرێن. لەم چوارچێوەیەدا دەكرێت بەمجۆرە دیدارەكانی پۆلین بكەین:

1. پتەوكردنی پەیوەندیی ستراتیژی نێوان هەرێمی كوردستان و دەوڵەتی ئیمارات.

دیارترین سیمای ئەم سەردانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی گەرم و دیدارە باڵاكانی بوو لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نهەیان سەرۆكی ئیمارات و شێخ حەمدان بن محەمەد حاكمی دوبەی و وەزیرە باڵاكانی وەك شێخ سەیف بن زاید وەزیری ناوخۆ و محەمەد گەرگاوی وەزیری كاروباری ئەنجومەنی وەزیران، كە ئاماژەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئیمارات گەیشتوونەتە قۆناغی «هاوبەشیی ستراتیژی»، ئەمەش بەو مانایەی ئیمارات وەك نموونەیەكی سەركەوتووی حوكمڕانی و گەشەی ئابووری، مۆدێلێكە كە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت سوود لەو ئەزموونە وەربگرێت و دووبارە بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندییەكانی كوردستان دووبارەی بكاتەوە. لە دیدارەكاندا جەخت لەسەر «پلاتفۆرمی یاسایی» و «یاداشتی لێكتێگەیشتن» كراوەتەوە، ئەمەش واتە پەیوەندییەكان لە قۆناغی سۆز و دۆستایەتییەوە پەڕیونەتەوە بۆ قۆناغی دامەزراوەیی و جێبەجێكردنی پڕۆژەی هاوبەش. سوپاسكردنی بەردەوامی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پشتیوانیی ئیمارات، ئاماژەیە بۆ ڕۆڵی ئەو وڵاتە وەك پشتیوانێكی سیاسی و ئابووری بۆ هەرێم لە كاتە سەختەكاندا.

2. پەرەپێدانی سێكتەرەكانی ئابووری و وزە و تەكنەلۆژیا لە كوردستان.

بەشێكی دیكەی دیدارەكانی سەرۆكی حكومەت لەگەڵ لایەنی ئیمارات دیدار لەگەڵ سوڵتان ئەلجابری وەزیری پیشەسازی و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو و سوهەیل ئەلمەزروعی وەزیری وزە و ژێرخان بووە.

خاڵی گەوهەری لە دیدارەكەی لەگەڵ وەزیری وزە و ژێرخان باسكردنی «پڕۆژەی ڕووناكی» و دابینكردنی كارەبای ٢٤ كاتژمێرییە. ئەمە دەریدەخات كە ئەجێندای سەرۆكی حكومەت واقیعییە و پەیوەستە بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانەوە. داواكردنی هاوكاری لە ئیمارات بۆ كەرتی كارەبا، جووڵەیەكی زیرەكانەیە، چونكە ئیمارات خاوەنی یەكێك لە پێشكەوتووترین ژێرخانەكانی وزەیە لە جیهاندا. هەروەها، دیدارەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری پیشەسازی و تەكنەلۆژیای دوبەی، ئاماژەن بۆ خواستی هەرێم بۆ فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات و پشت نەبەستن بە تەنیا نەوت، هەروەها گرنگیدان بە «تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو». ئەمانە وەك لە دیدارەكاندا هاتووە، نیشانەی ئەوەیە حكومەتی هەرێم دەیەوێت سیستەمی دیجیتاڵی و حكومەتی ئەلیكترۆنی بگەیەنێتە ئاستێكی باڵاتر، بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی دوبەی.

3. ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكەدا.

دیدارەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غەیس (ئەمینداری كۆمكاری عەرەبی) و جەعفەر حەسسان (سەرۆك وەزیرانی ئوردن)، ڕەهەندێكی جیۆپۆڵەتیكییان بە سەردانەكە بەخشی. لەم دوو دیدارەدا سەرۆكی حكومەت وەك دەوڵەتمەدارێك گفتوگۆ لەسەر دۆسیە گرنگەكانی وەك «هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق»، «پێكهێنانی كابینەی نوێی فیدڕاڵی» و «دۆخی سووریا» دەكات. ئەمە پەیامێكە بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە هەرێمی كوردستان كارەكتەرێكی سەرەكییە لە پاراستنی سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. باسكردنی مافەكانی گەلی كورد لە سووریا لە لایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمینداری كۆمكاری عەرەبی، نیشانەی ئەوەیە كە هەرێمی كوردستان خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت بەرانبەر مافەكانی گەلی كورد لە سووریا، بەڵام بە ڕێگای دیپلۆماسی و ئاشتییانە. هەروەها دیداری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ئوردن و گەیاندنی پەیامی شا عەبدوڵڵا، قووڵایی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی هاشمی ئوردن دووپات دەكاتەوە.

4. پتەوكردنی دیپلۆماتی بە ڕێگەی بەكارهێنانی هێزی نەرم

یەكێك لە گرنگترین و جیاوازترین دیدارەكانی ئەمجارەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لووتكەی حكومەتەكان، كۆبوونەوە بوو لەگەڵ د. خالید ئەلعینانی، بەڕێوەبەری گشتیی نوێی ڕێكخراوی یونێسكۆ. داواكاریی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی «هەرێمی كوردستان وەك ئەندامێكی بەشدار لە یونێسكۆ وەربگیرێت»، هەنگاوێكی بوێرانە و مێژوویی بوو. ئەم هەنگاوە دەچێتە خانەی «هێزی نەرم - Soft Power». ئەندامێتی لە ڕێكخراوێكی جیهانیی وەك یونێسكۆ، ددانپێدانانێكی كەلتووری و شارستانییە بە هەرێمی كوردستان. هەروەها جەختكردنەوە لەسەر نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر، ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵ دەدات بە كەلتوور و شوێنەوارە جیهانییەكانمان ببنە سەرچاوەیەكی گەورە و دەروازەیەك بۆ ناساندنی كوردستان بە جیهان.

 

Top