کوردستان و فەرەنسا دۆستایەتییەكی ستراتیژی و مێژوویی

کوردستان و فەرەنسا  دۆستایەتییەكی ستراتیژی و مێژوویی

 

لە ساتەوەختێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گێژاوێکی سیاسی و ئەمنیی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و نەخشەی هاوپەیمانییەکان لە گۆڕانکاریی بەردەوامدایە، سەردانی ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان، پەیامێکی ڕوونی دنیای دیموکراسی و بەتایبەتی کۆشکی ئەلیزێ بوو بۆ هەرێمی كوردستان وەک دوورگەیەكی ئارام لەناو گێژاوی ڕووداو و گۆڕانكارییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لەم سەردانەدا کە تێیدا وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەی ئەنجامدا، تەنیا سەردانێکی پڕۆتۆکۆڵی نەبوو، بەڵکو نوێکردنەوەی پەیمانی دۆستایەتی و جەختکردنەوە بوو لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان وەک هێمای سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

یەکێک لە کاریگەرترین دیمەنەکانی ئەم سەردانە دیپلۆماسییە، لە پیرمام و لە دیداری نێوان سەرۆک مەسعود بارزانی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەوەبوو كە ژان نوێڵ بارۆ دیارییەكی لە ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بە سەرۆك بارزانی پێشكەش كرد؛ دیارییەكەش نامەیەكی جەنابی مستەفا بارزانی بوو كە لە ساڵی ١٩٦٨ بۆ ژەنەڕاڵ شارل دیگۆلی سەرۆكی ئەو كاتی فەرەنسای ناردبوو. ئەم دۆکیومێنتە گرنگە تەنیا نامەیەكی ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەک سەرۆک بارزانی وەسفی کرد "بەڵگەیەکی پڕبەها" و سەلمێنەری ڕەگ و ڕیشەی قوڵی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەرەنسایە. ئەم ئاماژەیە نیشانی دەدات کە پشتیوانیی فەرەنسا بۆ دۆزی کورد، سیاسەتێکی کاتی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی مێژووییە کە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولەوە تا ئەمڕۆ بەردەوامیی هەیە.

لە تەوەری سیاسیی دیدارەکاندا، فەرەنسا بە ڕوونی دانی بە ڕۆڵی کاریگەری سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستاندا نا لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە ڕاشکاوی "پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی هەبوو لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە عێراق و ناوچەکەدا". ئەم دانپێدانانە هاوتەریب بوو لەگەڵ گەیاندنی سڵاوی تایبەتی سەرۆک ئیمانوێل ماکرۆن بۆ سەرۆك بارزانی، کە جەختی لە "سۆزێکی تایبەتی بۆ دۆزی گەلی کوردستان" کردووەتەوە.

یەکێک لە خاڵە جەوهەرییەکانی گفتوگۆکان، دۆخی ئاڵۆزی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان بوو. سەرۆک بارزانی وەک هەمیشە دیدگایەکی نەتەوەیی و مرۆیی خستەڕوو، کاتێک ئاماژەی بەوە دا کە "هەموو هەوڵی خۆی بەکار هێناوە بۆ ڕێگریکردن لەوەی ناکۆکیی سیاسی بکرێتە شەڕی نەتەوەیی نێوان کورد و عەرەب". ئەم هەڵوێستە لۆژیکییانەیە، لەگەڵ پشتیوانیکردن لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، کلیلی پاراستنی گەلی کوردە لە مەرگەسات و پاکتاوی ڕەگەزی. هاوکات وەزیری دەرەوەی فەرەنساش ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی و سەرۆک ماکرۆنی کرد لە هاندانی لایەنەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن؛ ئەمەش دەریدەخات کە هەولێر و پاریس لە یەک بەرەی دیپلۆماسیدا کار بۆ ئاشتی دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، پرسی "پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا" تەوەرێکی گرنگی دیکەی دیدارەکەی پیرمام بوو. سەرۆک بارزانی بە دیدگایەکی ئاشتیخوازانەوە هیوای خواست کە "پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بە ڕێگەی دیالۆگ بگاتە ئەنجام". ئەم پەیامە جەختکردنەوەیە لەسەر ستراتیژیی نەگۆڕی سەرۆك بارزانی، کە هەمیشە بڕوای بەوە بووە کێشەی کورد بە شەڕ کۆتایی نایەت، بەڵکو دیالۆگ تاکە ڕێگەی چارەسەرە.

لەسەر ئاستی پەیوەندییە فەرمییەکان و دیداری نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، جەخت لەسەر "هاوبەشیی ستراتیژی" کرایەوە. لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەشدا دووبارە سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر كردەوە و گوتی: "لە دیدارەکەماندا باسمان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی فەڕەنسا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و فراوانکردنی هاوبەشی ستراتیژیمان بۆ ئێستا و داهاتوو کرد. دۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی کوردستانمان تاوتوێ کرد. سوپاسی دۆستایەتی دێرین و پشتگیری بەردەوامی فەڕەنسا دەکەین بۆ عێراق و بۆ گەلی کوردستان بە تایبەتی." بە هەمان شێوەش وەزیری دەرەوەی فەرەنساش پابەندبوونی فەرەنسای بۆ پاڵپشتی هەرێمی كوردستان دووبارە كردەوە و گوتی: "هەمووان دەزانن کە بڕیاری ٦٨٨ کە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری لەسەر درا و هەروەها ناوچەی دژەفڕین لە هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی ئەم هەرێمەیە، لەسەر دەستپێشخەری فەڕەنسا بوو. هەروەها هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی فەڕەنسا شانیان داوەتە بەر یەک و خەباتیان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم. شارەوانی پاریس وەک ڕێزلێنانێک ڕێگەیەکیان لە پاریس ناو ناوە پێشمەرگە، هەروەها سەرۆک هۆلاند یەکەم سەرۆک بوو لە كاتی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش سەردانی هەولێری کرد، و هەروەها ئێمە یادی هەموو ئەو خەباتگێڕ و پێشمەرگانە دەکەینەوە کە گیانی خۆیان بەخشی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم."

جێگەی ئاماژە پێكردنە،  سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندی یاوەری، کە پاتریک دورێل باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و یان برێم کونسوڵی گشتی لە هەولێر یاوەری بوون، سەلمێنەری ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی پێگەیەکی جیۆپۆڵەتیکی و دیپلۆماسیی بەهێزە کە دەوڵەتێكی گەورەی وەک فەرەنسا حیساب بۆ ڕاوێژ و بۆچوونەکانی دەکات. هەروەها سەرۆک بارزانی وەک مەرجەعێکی سیاسیی کاریگەر، ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی هەیە لە ئاڕاستەکردنی ڕووداوەکان بەرەو ئاشتی و سەقامگیری، چ لە عێراق و چ لە سووریا و تورکیا.

لە مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، کەم نەتەوە هەن وەک گەلی کورد و گەلی فەرەنسا پەیوەندییەکانیان تێکەڵ بە بەها مرۆییەکان و خوێنی هاوبەشی شەهیدەكانیان لە دژی تیرۆریستان بووبێت. وەک چۆن لە ساڵی ١٩٦٨ مستەفا بارزانی ئیلهامی لە ڕۆژی نیشتمانیی فەرەنسا وەرگرت بۆ ئازادی، ئەمڕۆش لەسەر هەمان ئەو ڕێبازە، بە پشتیوانیی دۆستەکانیان لە فەرەنسا، کار بۆ کوردستانێکی بەهێز و ناوچەیەکی سەقامگیر دەکەن. فەرەنسا جارێکی تر سەلماندی کە وەک ژان نۆێل بارۆ وتی: "وڵاتەکەم هەمیشە سۆزێکی تایبەتی بۆ دۆزی گەلی کوردستان هەبووە و لەگەڵ کوردستانێکی بەهێزدایە."

 

Top