نامەیەکی کراوە بۆ محەمەد حەلبووسی: مێژوو بە باڵای ساختە ناپێورێت
بەڕێز محەمەد حەلبووسی،
ئەو وەسف و سەنایانەی کە لێرەو لەوێ بۆت دەکرێن و وەک "سەرکردەیەکی بێ وێنە" و "خاوەن حیکمەت" نیشانت دەدەن، تەنیا ڕیکلامێکی سیاسیی کاتین و ناتوانن ڕاستییەکان بشارنەوە. پێش ئەوەی باس لە "وقاری مەشهەد" و "سلاحی عەقڵ" بکەیت، باشتر وایە ئاوڕێک لە مێژوویەکی زۆر نزیک بدەیتەوە، ئەو کاتەی کە تیرۆریستانی داعش شارەکانی ئێوەیان داگیرکرد و شکۆی سیاسی و مرۆیی ناوچەکەتان کەوتە ژێر مەترسییەوە.
لەو ڕۆژە سەختانەی کە ئێوە و زۆرێک لە هاوپیشەکانتان لە دەرەوەی وڵات یان لە هۆتێلەکان بوون، تەنیا شوێنێک کە باوەشی بۆ خەڵکە لێقەوماوەکەتان کردەوە، کوردستان بوو. لەژێر سێبەری حیکمەتی سەرۆک بارزانی و میواندۆستیی گەلی کورددا، سەدان هەزار خوشک و برای عەرەب وەک خاوەنماڵ پێشوازییان لێکرا. ئەو عافیەتەی کە ئێستا جەنابت و لایەنگرانت تێیدا دەژین و ئەو سەقامگیرییەی لە ئەنبار و ناوچەکانی تردا هەیە، بەشێکی گەورەی قەرزاری ئەو هەڵوێستە مەردانەیەی کورد و سەرکردایەتییەکەیەتی.
جێگەی داخە کە دەبینین لە پێناو ململانێی دەسەڵات و بەرژەوەندیی سیاسیی تەسک، زۆر جار ئەو چاکەیە پشتگوێ دەخەن و ڕێز لەو مێژووە ناگرن. پێویستە بزانیت کە سەرکردەی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە لە تەنگانەدا دۆست و دوژمنی خۆی دەناسێت و وەفای بۆ ئەو دەستە دەبێت کە لە کاتی کەوتندا گرتی.
هەرێمی کوردستان تەنیا شوێنی حەوانەوە نەبوو، بەڵکو دەروازەیەک بوو بۆ ئەوەی ئێوە دووبارە ڕێکبخەنەوە و بێنەوە ناو کایەی سیاسی. مێژوو نەک تەنیا بۆ قسەوباس، بەڵکو بۆ وانەوەرگرتنە؛ بۆیە پێش ئەوەی خەریکی دروستکردنی نازناوی گەورە بن بۆ خۆتان، وەفایەک بۆ ئەو میواندارییە و ئەو کەرامەتە بنوێنن کە لە کوردستان بۆتان پارێزرا. گەلی کورد چاوەڕوانی پاداشت نییە، بەڵام قبوڵیشی ناکات ئەوانەی لەسەر سفرەی ئەو گەورە بوون، ئێستا قەدری ئەو عافیەتە نەزانن.

سەنار شێرۆكی