ئـیــدریــس بارزانی سەركردەیەكی دیندار و عیرفاندۆست و پاڵپشت بۆ زانایانی ئایینی
(*)
هەندێك جار هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی ژیانی كەساتییەكان تەنیا مێژوو نییە، بەڵكو تێگەیشتنە لەو ئەزموون و كەلتوورو فەرهەنگە كۆمەڵایەتییەی پشت دروستبوونیانەوە، هەڵبەت ئەوەی بەدوای خوێندنەوە و زانیاری و سەرچاوەدا بگەڕێت لەسەر كەسایەتی و سەركردە و كاریزمایەكی وەك خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی، بۆی دەرەكەوێت ئەو تەنیا سیاسییەك نەبووە، بەڵكو كەسایەتییەكی سادە و دیندار و عیرفاندۆست و كۆمەڵایەتی و خاوەن هەست و هەڵوێستێكی بەرزی ئایینی و نەتەوەیی بووە، ئەمەش شتێكی نامۆ نییە، بەڵكو بۆ كەسێكی وا كە لە بنەماڵەی شێخانی بارزان هاتبێتە دونیا و وێنایەكی بەرجەستەبووی جەنەڕاڵێكی مەزنی وەك بارزانی نەمر بێت و، لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلەكەیدا تێكۆشابێت! هەر ئەوە چاوەڕوان دەكرێت، بەڵام لەپاڵ هەموو ئەو ئەرك و كۆڵە قورسەی سەرشانی و خەبات لەپێناو نیشتمان و قووڵبوونەوەی لە خەمی خەڵك و خاك، دینداری و خواناسی لەبیر نەكات و بە ئەولەویەتی ژیانی دابنێت، جێی باس و شانازییەكی مەزنە، ئەمە نەك بۆ خۆی و خەبات و مێژووی خانەوادەكەی، بگرە بۆ هەموو ئاییندۆستان و زانایان و تاكێكی كورد شەڕەفێكی گەورەیە، كە سەركردەی وا هەڵكەوتووی سەر شاڕێگەی ئایینپەروەری و نیشتمانپەروەری هەبووە و هەیە.
ئیدریس بارزانی وێڕای ئەوەی كاراكتەرێكی سیاسیی خاوەن پەیوەندییەكی بەهێز و فراوان بووە، لە هەمان كاتدا هەڵگری كۆمەڵێك خاسیەت و خەسڵەتی دینداری و عیرفانییش بووە، تەنانەت بەپێی زانیاری و سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن ئیدریس بارزانی شەوانە كاتی تەرخان كردووە بۆ عیبادەت و خواپەرستی و قوڵبوونەوە لە ڕێبازی خواناسیدا، ئەو مرۆڤێكی زاهید بووە لە دین و دونیادا و زۆریش حەزی لە درووشم و پەرستشەكان كردووە، تەنانەت لە سەرچاوەیەكی متمانەپێكراو كە بۆی گێڕامەوە؛ كە لە خزمەت ئیدریس بارزانیدا دانیشتبوون، باسی لە پێویستی و لەززەتی دینداری كردووە بەتایبەت كاتی(بانگ) بۆ ئەو هەستێكی تایبەت بووە، گوتویەتی: من زۆر حەز لە دەنگی بانگ دەكەم و هەست دەكەم وەك پەیامێك دەروونم هێور و ئارام دەكاتەوە و هەبوونی ئەم درووشمە ڕوونایی دەداتە كۆمەڵگە و سەقامگیری بڵاودەكاتەوە.
وێڕای ئەمەش ڕۆحێكی عیرفانیی گەورەی هەبووە و بەردەوام حەزی لە كارلێكە ڕۆحییەكان كردووە، تێكەڵ بووە لەگەڵ شیعری شاعیرانی ڕێبازی عیرفانی و هەستی نەتەوەپەروەری، بەتایبەت زۆر حەزی لە شیعرەكانی مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و وەفایی كردووە و زۆربەی شیعرەكانی ئەو سێ كەڵە شاعیرە ئایینپەروەر و نەتەوەپەروەرەی لەبەر بووە، كۆڕ و مەجلیسی پێ ڕازاندووەتەوە، تەنانەت كتێبی نەهجولبەلاغەی ئیمامی عەلیی خوێندووەتەوە و بۆچوونی وابووە، كە حیكمەت و دانایی لە هەر كەلتوورێكدا هەبێت، پێویستە سوودی لێ وەربگیرێت.
هاوكات پەیوەندییەكی بەهێز و نزیكی لەگەڵ زانایانی ئایینیدا هەبووە، یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان كە لە ساڵی 1970 لەسەر دەستی ڕابەری مەزن مەلا مستەفای بارزانی دامەزرا، لە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و لە كاتی ئاوارەیی بۆ ئێران و ئۆردگای زێوە، دواتر كاراكردنەوەی ڕێكخستنەكانی ئەم ڕێكخراوەیە لەسەر دەستی كۆمەڵێك مامۆستای ئایینیی نیشتمانپەروەر، بەپاڵپشتی ڕاستەوخۆی ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆك بارزانی؛ یەكێتی زانایان لەسەر پێی خۆی وەستاوەتەوە، ئیدی ئەو پۆلە مامۆستایە بوونە هەوێنی پاراستنی ئەم ڕێكخراوە و پاڵپشتی بۆ شۆڕش و هەستی كوردایەتی و ئەنجامدانی چالاكیی جۆراوجۆر، سەرەڕای ئەو گوشار و فشارەی لەسەر كوردو دۆزی ڕەوای گەلەكەمان هەبووە، كە ڕژێمی شا سەرجەم ئاوارەكانی دوور خستە وە بۆ شارەكانی دوورە دەستی ئێران تاوەكو دووریان بخاتەوە لە خەبات و تێكۆشانی نەتەوەیی و چیتر تێكەڵ بە سیاسەت و شۆڕش نەبن، مامۆستایانی ئایینیش وەكو سەرجەم پێشمەرگە و ئاوارە خۆڕاگرەكان كۆڵیان نەداو كەوتوونەتەوە خۆ بۆ ئەوەی هەرچی زووە یەكێتیی زانایان ڕێك بخەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە خوا لێخۆشبووان مەلا «محەمەدی مزووری» لەگەل چەند مامۆستایێكی دڵسۆز و كۆڵنەدەری دیكەی وەكو «مەلا عەلی مەلا عومەر دۆسكی ناسراو بە قازیی شۆڕش، هەروەها مەلا محەمەد گۆری، مەلا عەبدولڕەحمان میرسەر دری، و مەلا عەبدولكەریم خۆشناو، مەلا جبرائیل بیری» و چەندین مامۆستای دیكە ڕۆڵی سەرەكییان هەبوو لە ڕێكخستنەوەی یەكێتیی زانایان، ئەوان پەیوەندییان بە هەموو مامۆستایانی ئاوارەوە كرد لە سەرجەم شارە دوورە دەستەكانی ئیران.
هەموو ئەو هەوڵانە بە پشتگیری و هاوكاریی ڕاستەوخۆی خوالێخۆشبوو «ئیدریس بارزانی» بووە، كە ئەگەر ڕۆڵی ئەو نەبوایە هەوڵەكان سەریان نەدەگرت و سەركەوتوو نەدەبوون. ئەنجامی ئەو هەوڵانەش ئەوە بوو لە ساڵی 1980 لێژنەی ئامادەكار دامەزرا و مامۆستایانی ئایینی لە سەرجەم شارەكانی ئێران پەیوەندییان بەو لێژنەیەوە كرد و، تەنانەت هەندێكیان بەخێزانەوە گەڕانەوە ئۆردوگای زێوە، تاوەكو لە نزیكەوە لە كار و چالاكییەكانی یەكێتیی زانایان بەشدار بن.
نزیكی و پاڵپشتیی ئیدریس بارزانی لە زانایانی ئایینی وای كردبوو، ئەم ڕێكخراوە و مامۆستایانی ئایینی قەت هەست بە بێكەسی و مەینەتی نەكەن، بۆیە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی نێوان ئەم دامەزراوەیە و ئەو سەركردە مەزنە زەمینەی گونجاوی ڕەخساندبوو لەوەی زانایان بتوانن هاوشانی شۆڕشگێڕانی كورد و پێشمەرگە، خەبات بكەن و لە چالاكیی خۆیان نەوەستن.
لەپاڵ ئەم هەوڵانەدا، هەمیشە هەڵگری خەمی دۆزی ڕەوای گەلەكەی بووە و تەنانەت لە دانیشتنێكدا ساڵی 1986 لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی لە ئۆردوگای زێوە باسی لەوە كردووە، كە ئەو لە ژیانیدا ئیسراحەتی كەم بووە و بەردەوام لە خەباتدا بووە و تێكەڵی ئێش و ئەندێشەی گەلەكەی بووە، لەبەر ئەوەی ئەو خەڵكەی ئاوارە بووە لەسەر كوردایەتی و ڕێبازی بارزانی بووە، ناكرێ بەرپرسیارێتی هەڵنەگرن و خەمی ئەو خەڵكە لە كۆڵ نەنێن.
ئیدریس بارزانی لە هەڵسوكەوت و ڕەفتاردا كەسێكی سادە و ڕۆشنفكر و كۆمەڵایەتی بووە و پەیوەندیی زۆر بووە، قسە و گوفتاری شیرین و بوێر و ڕاشكاوانە بووە، لە دیدار و گفتوگۆدا لۆژیكانە سەرنجی بەرانبەری ڕاكێشاوە، تەنانەت ئەوە مەشهوورە كە جارێكیان دەچنە لای ئایەتوڵڵا خامەنەئی كە ئەو كات ئیمام جومعەی تاران بوو، لە دیدارەكە و دوای قسەكانی كاك ئیدریس بارزانی، ئایەتوڵڵا خامەنەئی هێندە سەرسام بووە بە گوفتار و زانیاری و ڕاشكاوی لە دەربڕیندا، پێی گوتووە كە مەلا مستەفا بارزانی بە ئاسوودەیی سەری ناوەتەوە چونكە كوڕی وەك تۆی هەیە، هەروەها سەرۆك مەسعود بارزانی لە كتێبی «بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد»دا دەڵێت: دەتوانم بڵێم كاك ئیدریس وێنەیەكی پاك و بێگەردی بارزانی بوو، هەموو سیفاتی لەودا كۆ ببوونەوە.
سەرباری ئەو ئەركە قورسەی لەسەر شانی بووە، كاك ئیدریس بارزانی لایەنی خواناسی و خوداپەرستیی فەرامۆش نەكردووە و گرنگیی زۆریشی بە خوێندنەوە و خۆپێگەیاندن داوە، هاوڕێی كتێب بووە و لە بواری ئایین و ئەدەب و مێژوودا حەزی زۆری بۆ شارەزایی هەبووە، وەك سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لەم بارەوە دەڵێت: «شەوانە تا درەنگ دەیخوێندەوە و دەینوسی، هەردەم كتێبی پێ بوو و تامەزرۆی كتێبخوێندنەوە بوو، تەنانەت لە ناو ئوتۆمبێلیشدا دەیخوێندەوە، وێڕای ماندووبوون و ئەركی قورسی خەبات، خوالێخوشبوو لایەنی پێگەیاندنی ئێمەی فەرامۆش نەدەكرد، بۆ ئێمە بە كچ و كوڕەوە هێژاترین مامۆستا بوو من هەمیشە لەگەڵیدا بووم، بەر لەوەی ماڵئاوایی بكا بە حەق وەكو دوو دۆستمان لێ هاتبوو و شەوانە بە یەكەوە كتێبمان دەخوێندەوە و گفتوگۆمان دەكرد».
ئەو ژیرمەندێكی لێهاتوو بووە و وەك ئەندازیاری ئاشتی و دانوستان وەسف دەكرێت، لە كاتی ململانێ و باری نائاسایی و شەڕ و لێكترازانە كۆمەڵایەتییەكان و كاری دیبلۆماسیدا، ڕۆڵێكی گەورەی لە ڕەخساندنی زەمینەی ئاشتی و سەقامگیری و لێك نزیكردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكاندا گێڕاوە، بۆیە لە سۆنگەی ئەمەكداری و خەمخۆری بۆ دۆخی ئاسایشی كۆمەڵایەتی، خەڵك بە پشت و پەنایەكی گەورە سەیریان كردووە، زۆر بایەخی بە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی داوە و تۆڕی پەیوەندییەكانی فراوان بووە، ئەمەی وەك بناغەی ئاشتی و پێكەوەژیان لە نێو سەرجەم بۆچوونە جیاوازەكان و پێكهاتە ئایینییەكاندا زانیوە.
بە كورتی: خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی وەك سەركردە و سیمبولێكی نەتەوەیی، لەسەر ڕێباز و میراتی دینداری و عیرفانیی شێخانی بارزان، نەك خۆی لە دین لا نەدابوو، بگرە ئایین لای ئەو هێزێكی گەورەی مەعنەوی بووە بۆ پاڵپشتی هەنگاوەكانی و درێژكردنەوە و پاراستنی هەستی ئایینی و بەستنەوەی بە سۆزی نەتەوایەتی و نیشتماندۆستییەوە، وەك بناغەی گەیشتن بە مافی ڕەوای گەل و بەرقەراركردنی ئاشتی و بەئەنجام گەیاندنی ئامانجەكانی شۆڕش و خەباتی كوردایەتی.
(*)
ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی و وتەبێژ و بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان

مەلا عەبدوڵڵا شێركاوەیی