نەشتەرگەری جوانكاری لای خانمان خواستی زۆری لەسەرە
بەپێی وتەی پزیشكانی پسپۆڕی نەشتەرگەریی جوانكاری، نەشتەرگەرییەكانی جوانكاری بۆ ڕەفاهیەتن و پێویستییەكی زەرووری نین، لەگەڵ ئەوەشدا كە نرخیان گرانە و تێچووی زۆرە، بەڵام سەرباری ئەوەش بووەتە دیاردە و خوازیاری زۆرە و تەنانەت چینی كەمداهاتیش بە رێژەیەكی بەرچاو ئەو نەشتەرگەرییانە ئەنجامدەدەن. تەنانەت لەگەڵ ئەو قەیرانە داراییەی كە هەموو جیهانی گرتۆتەوە خانمان بەردەوامن لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری و فیلەر و بۆتۆكس، بەشداربووانی ئەم راپۆرتەی گوڵان سەبارەت بەو دیاردەیە ڕاو سەرنجی خۆیان دەخەنە ڕوو.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
«خوشكەكەم كرێچی بوو، مێردەكەی كرێكاری دەكرد، كەچی خوشكەكەم كە ئافرەتی ماڵەوەیە بە قەرز و قۆڵە چوو بۆ ئێران و نەشتەگەری كەپووی ئەنجامدا.» ئەوە قسەی شەونم نانەكەلی بوو، وەك خۆی باسی دەكات لە شارەوانیی هەولێر فەرمانبەرە و لە درێژەی قسەكانیدا سەبارەت بە هۆكارەكانی نەشتەرگەریی جوانكاری دەڵێت: «بەداخەوە لە ناو ئافرەتان ئەگەر نەشتەگەری كەپووت ئەنجام نەدابێت و لێوت فیلەر نەبێت، بە كەسێكی دواكەوتوو هەژمار دەكرێیت، وەك باسم كرد ئەو خوشكەی من كەس نەما پارەی لێ قەرز نەكات بۆ نەشتەگەری كەپووی، لە كاتێكدا هیچ عەیبی نەبوو، ئێمە بە خانەوادە كەمێك كەپوومان گەورەیە و ئەوەش شتێكی زۆر سەیر نییە، بەڵام خوشكم بۆ خۆی كردبوویە مەراق و دوای نەشتەرگەرییەكەشی، ئێستاش ڕاڕایی و دوودڵییەكەی دوو هێندە بووە و، دەڵێت دەچمەوە بۆ لای دكتۆرەكەم لەبەر ئەوەی كەپووم شۆڕ بوویتەوە، بەڵام هاوسەرەكەی ڕێگەی ئەوەی پێ نادات و دەڵێت هێشتا قەرزی جاری ڕابردووم نەداوەتەوە».
ئیڤان مامەند چالاكی بواری كۆمەڵی مەدەنی، لە دەستپێكی قسەكانیدا هێما بۆ ئەوە دەكات كە جوانی لە قاڵبدراو، كاتێك چاولێكەری ڕەسەنایەتی دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها دەڵێت: «پێش هەموو شتێك، سڵاو و ڕێزێكی بێپایان بۆ هەموو خانمە بەڕێزەكان، بەتایبەت ئافرەتی كورد كە هەمیشە وەك تیشكی خۆر وابوون، هەم جوان و هەم مەرد و خاوەن شكۆ. ئەم چەند دێرەی دەیخوێننەوە، تەنیا و تەنیا خەمخۆرییەكی خوشكانەیە، چونكە ئافرەتی كورد لای من زۆر لەوە گەورەترە كە نرخی كەم بكرێتەوە، تەنیا دەمەوێ پێكەوە ئەو سیما سروشتییە بپارێزین كە خودا بە دیاری پێی بەخشیوین. وەرن با بە ڕاستگۆیی قسە بكەین، لە ناو ئەو هەموو «بێ مووچەیی» و باری ناهەموارەی دارایی كە بەرۆكی هەموومانی گرتووە، زۆر نامۆیە دەبینین خانمێك دەچێت پارەی دەرمانی منداڵەكەی یان بژێوی ماڵەكەی دەدات بە فیلەر و بۆتۆكس، ئەم دەرزییانە میوانێكی كاتیی سەر دەموچاون هەر كە كاریگەرییان نەما، جێگەكەیان چاڵ و خاڵی دەبێتەوە. لێرەوە كارەساتەكە دەست پێدەكات، ئافرەتەكە ناچار دەبێت پارە قەرز بكات بۆ ئەوەی دووبارە پڕی بكاتەوە. ئاخر كەی ڕەوایە ئارامی خێزان تێكبدەیت بۆ دوو سێ مانگ جوانیی دەستكرد.
لە هەموو دنیادا، دەستكاریی دەموچاو بەو هەموو دەرزی و ماددە كیمیاییە حیسابی وردی بۆ دەكرێت. خانمان لە وڵاتە پێشكەوتووەكاندا تا نەگەنە سەرووی ٥٠ ساڵ و چرچولۆچییەكی زۆر لە دەموچاویان دروست نەبێت، دەست بۆ ئەم كارانە نابەن. كەچی لای خۆمان، كچ لە بەهاری تەمەنیدایە، شێوەی خۆی دەگۆڕێت و تەمەنی خۆی زۆر گەورەتر نیشان دەدات. جاران دەیانگوت «فڵانە كچ چەند تەنك و ناسكە»، بەڵام ئێستا ئەو تەنكییە نەماوە، هەموو بوونەتە یەك وێنە و هەر دەڵێی لە یەك قاڵبدا دروستكراون، كاتێك لە تەمەنێكی بچووكەوە بەردەوام دەرزی لێدەدەیت، پێستت تەمبەڵ دەبێت و دەمارەكان هەمووی شەلال دەبێت، زووتر نیشانەكانی پیری دەردەكەوێت. لەوەش ناخۆشتر، مرۆڤ چیتر متمانەی بە خۆی نامێنێت و دەبێتە بەندەی «چاوی خەڵك». جوانی ڕاستەقینە ئەوەیە مرۆڤ لەگەڵ هەموو قۆناغەكانی تەمەنیدا ئاشت بێت، ئەو چرچانەی پێمان دەڵێن تەمەن تێپەڕیوە، چیرۆكی ژیانی ئێمەن، نەك «عەیبە» كە بە قەرز و دەرزی بیشارینەوە.ئافرەتی ژیر و خاوەن كەسایەتی، متمانەی بە سروشتی خۆی هەیە. پارە و تەندروستی و كاتی ئێمە زۆر لەوە بەنرخترن كە بكرێنە قوربانی مۆدێلێكی كاتی كە دوای ماوەیەك هەمووان لێی پەشیمان دەبنەوە. با بگەڕێینەوە سەر ئەو سادەیی و ناسكییەی كە هەمیشە مۆركی ڕاستەقینەی ئافرەتی كورد بووە.
سیڤان جەبار قوتابی لە بەشی دەروونزانی و ڕێنمایی و دەرووندروستی، كۆلێژی ئاداب زانكۆی سۆران، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە رۆژگاری ئەمڕۆدا و بەتایبەت لەم ساڵانەی دواییدا خواستی خانمان لەسەر نەشتەرگەری جوانكاری و فیلەر و بۆتۆكس زیادی كردووە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ چەند لایەنێك لایەنی یەكەم/ پاراستی گەنجیەتی خۆی ئێمە دەزانین كە بەپێ تەمەن گۆڕانكاری لە ڕووخسار و جەستەی ئافرەت ڕوو دەدەن بەمەش ئافرەت دەیەوێت ڕووخساری بە دوور بگرێت لە نیشانەكانی پیربوون وەك چرچ و لۆچی دەم و چاو و تكچوونی سیستەمی پێست پەنا دەباتە بەر ئەنجامدانی نەشتەرگەری جوانكاری و فیلەر و بۆتۆكس.
لایەنی دووەم/ كاریگەری سۆشیاڵ میدیا و كەسە ڤڵۆگەرەكان بەداخەوە هەندێك جار سۆشیاڵ میدیا كاریگەری نەرێنی لەسەر تاك دەبێت، بەتایبەت خانمان لاساییكردنەوە و بینی ڤلۆگەرەكان و ڕێكلام كردن بۆ ئەم بابەتە و بە بازاڕكردنی ئەم بابەتە پاڵنەرێكە بۆ ئەوەی خانمان پەناببەنە بەر ئەم جۆرە كارانە.
لایەنی سێیەم/ زۆر بوونی كلینیك و ئەو شوێنانەی كە پەیوەندییان بە بابەتەكەوە هەیە، خانمان بۆ ئاسوودەكردنی لایەنی دەروونی خۆیانڕوویان تێدەكەن.
زۆربوونی خواستی خانمان بۆ نەشتەرگەری جوانكاری و پەنجەرەكانی تر لە ئەنجامی تێكەڵەیەكی ئاڵۆز لە هۆكارە كۆمەڵایەتییەكان، ئابوورییەكان، تەكنەلۆژیا و گۆڕانكارییە كلتوورییەكانەوە هاتووە. لە كاتێكدا ئەم پیشەسازییە فرەكاریگەرە گەشەیەكی بەرچاوی كردووە، پێویستە بەرچاوڕوونی و ڕێنمایی درێژخایەنی دەروونی و كۆمەڵایەتی لەسەر ئەم گۆڕانكارییە كلتوورییە لەبەرچاو بگیرێت».
