ناسنامە و سەقامگیری لە گوتاری سیاسی مەسرور بارزانی
(*)
لە ساتەوەختێکی هەرێمی بارگاوی بە گۆڕانی جیۆپۆلەتیکی، کاتێ قەیرانە ناوخۆییەکان تێکەڵ بە ململانێی هەژموون دەبن و توانای دەوڵەتان بۆ بەرگەگرتن و پێناسەکردنەوەی خۆیان دەکەوێتە ژێر تاقیکردنەوە، چاوپێکەوتنەکەی دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی، لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز، مۆدێلێکی جیاوازی گوتاری سیاسی پێشکەش کرد. گوتارێك کە پشت بە دروشم نابەستێت و خۆی لە پرسیارە تەلبەندئاساکان ناکێشێتەوە، بەڵکو هەوڵ دەدات بە هێمنی و بە عەقڵانییەت پرسیارەکان شی بکاتەوە.
دیسکۆرسەکان ئەوەندە نمایشکردنی هەڵوێست نەبوو، بەڵکو ئاشکراکردنی شێوازێکی بیرکردنەوە بوو، کە ناسنامە و دەوڵەت و ئاسایش و پەیوەندییە هەرێمییەکان لە یەك چوارچێوە دادەنێت: چوارچێوەی بەڕێوەبردنی ئاڵۆزی نەك نکۆڵی لێکردن.
ناسنامە ڕاستییەکە و پێش سیاسەت کەوت، کاتێ دەوڵەتمەدار مەسرور بارزانی گوتی: "خودا منی وەکوو کوردێك ئەفراندووە، من شانازی بە ناسنامەی خۆم دەکەم."
لێرەدا هەڵوێستێکی وروژێنەرانەی نەگرتەبەر و گوتارێکی ناسیونالیستی کلاسیکی بەرهەم نەهێنا، بەڵکو گفتوگۆکەی گەڕاندەوە بۆ بناغەیەکی فەلسەفی، کە ناسنامە بڕیارێکی سیاسی و بەخشینێك نییە لە دەوڵەتەوە، بەڵکو بەخششێکی وجودییە کە ناتوانرێت دەستی بەسەردا بگیرێت.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە بۆچوونەکەیدا ئەوەیە، کە ناسنامەی کوردبوونی ناخاتە ناو ڕووبەڕووبونەوی ناسنامەی عێراقیەوە، بەڵکو ئەو باوەڕی وایە ،کە ململانێ تەنها کاتێك سەرهەڵدەدات، ئەگەر دەوڵەت لە بەڕێوەبردنی فرەیی شکستی هێنا.
بە بۆچوونی مەسرور بارزانی، دەوڵەتێکی بەهێز ئەو دەوڵەتە نییە، کە ناسنامەکان بتوێنێتەوە، بەڵکو ئەو دەوڵەتەیە کە لە چوارچێوەی گرێبەستێکی سیاسی دادپەروەرانەدا ڕێکیان بخات.
لە گفتوگۆکانیدا دەربارەی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا لێکدانەوەیەکی پێشکەش کرد، کە لە لۆژیکی گلەیی تێدەپەڕێت. مەسرور بارزانی پرسیار لە چوارچێوەی دەستووری ناکات و فیدرالیزم وەکوو هەڵاواردنێکی کوردستانی نیشان نادات، بەڵکو وەکوو داڕشتنێکی نیشتمانی، کە هێشتا بە تەواوی لە ڕۆحی خۆیدا جێبەجێ نەکراوە.
کاتێک بودجە دەبێتە ئامراز و کارتی فشار، مووچە هەڵدەپەسێردرێت و مافەکان بە لۆژیکی سیاسی بەڕێوەدەبرێن، قەیران نابێتە قەیرانی هەرێم، بەڵکو دەبێتە قەیرانی دەوڵەت. لەگەڵ ئەوەشدا، مەسرور بارزانی سوورە لەسەر پشتگیری کردنی حکومەتی فیدراڵی، بێ گوێدانە ئەوەی، کێ سەرکردایەتی دەکات، لەسەر بنەمای ئەو قەناعەتەی، کە جێگرەوەی دەوڵەتێکی پڕ لە کەموکوڕی پاشاگەردانی نییە، بەڵکو چاکسازییە لە خودی دەوڵەت.
لە گفتوگۆکانی سەبارەت بە بارودۆخی کورد لە سوریا و تورکیا و ئێران گوتارەکەی لە ڕۆمانتیسیزم ناسیۆنالیستی دوور دەکەوێتەوە و بەرەو ڕیالیزمی سیاسی دەڕوات.
مەسرور بارزانی دان بە زوڵم و نادادپەروەری مێژوویی و دابەشبوونی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەت دەنێت، بەڵام لەهەمانکاتدا سەپاندنی یەک ڕێگا یان مۆدێلێکی ئامادەکراو ڕەتدەکاتەوە. لێرەدا پەیامەکەی ڕوونە: مافی چارەی خۆنووسین تاوانێکی فکری نییە، بەڵام گۆڕینی ئەو مافە بۆ پڕۆژەی ململانێی هەمیشەییش نابێتە چارەسەر. سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی لە نێوان ماف و واقیعدا پانتاییەکی هاوسەنگ هەڵدەبژێرێت، کە تێیدا پێویستە ڕێز لە خەونی گەلان بگیرێت، بەبێ ئەوەی شەڕ لە بری گەلان هەڵگیرسێنێت.
لەسەر دۆسیەی "داعش" و مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، مەسرور بارزانی بۆچوونێکی سەرنجڕاکێش دەخاتەڕوو: ڕێکخراوە توندڕەوەکان تێکناشکێن ئەگەر تەنها ناوچەکەیان لەدەست بدەن، بەڵکو کاتێك بە تێكشکاو ئەژمار دەکرێن، ئەگەر ئەو ژینگەیە بە ڕوویان دابخرێت، کە ڕێگە بە گەڕانەوەیان دەدات. بە بڕاوی مەسرور بارزانی هەژاری و نادادپەروەری و نەبوونی دادپەروەری و پەراوێزخستنی سیاسی دەبنە سووتەمەنی ڕاستەقینە بۆ درووستبوونی تیرۆر.
لەم ڕوانگەیەوە، بانگەوازەکەی بۆ بەردەوامی پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دڵسۆزی سیاسیەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە هەڵسەنگاندنێکی ئاسایشییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە هۆشداری دەدات لە خەیاڵی سەرکەوتنی خێرا لە ناوچەیەکدا کە هێشتا مەرجەکانی دووبارە تەقینەوەی تێدا ماوە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ بەغدا و تاران و واشنتۆن، مەسرور بارزانی دەڵێت، هەرێمی کوردستان خۆی وەکوو لایەنیك نیشان دەدات، کە بەدوای سەقامگیریدا دەگەڕێت، نەك لایەندارێتی. هەرێم هەرگیز نایەوێت ببێتە گۆڕەپانی شەڕ یان ببێت بە ئامرازێكی بەکارهێنراو، بەڵکو ببێتە پانتاییەك بۆ ڕێگری کردن لەوەی ئاگر تەشەنە بکات بۆ ناو عێراق.
ئەمە سیاسەتی بێلایەنی نەرێنی نییە، بەڵکو دیپلۆماسییەتی بەڕێوەبردنی مەترسییە، کە لەسەر بنەمای کەمکردنەوەی زیانەکان و فراوانکردنی پەراوێزی مانۆڕ دامەزراوە، بەتایبەتی لە ناوچەیەکدا کە ڕەحم بەو کەسانە ناکات، کە بە پەلە بڕیار دەدەن.
ئەوەی مەسرور بارزانی لەم چاوپێکەوتنەدا پێشکەشی دەکات ناکرێت کورت بکرێتەوە بۆ هەڵوێستێکی ناسیۆنالیستی یان حکومی. ئەمە گوتارێکە کە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی قووڵە لەوەی کە سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هونەری بەدیهێنانی یوتۆپیاکان نییە، بەڵکو هونەری ڕێگریکردنە لە داڕمان.
لەم کاتەدا کە دەنگەکان بەرز دەبنە و جەمسەرگیری سەردەستە و ناوچەکە بە چارەسەری سفری ڕاهاتووە، ئەم لێدوانە هێمنەی مەسرور بارزانی تەژی عەقڵانییەتە، ئەو بیرۆکەیەکی سادە بەڵام سەنگینی پێشکەش کرد، کە دەڵێ:
سەقامگیری بە هێز ناسەپێنرێت، بەڵکو بە دانپێدانان وهاوسەنگی و ئارامی سیاسی بنیات دەنرێت.
(*)
دکتۆرا لە فەلسەفە، زانکۆی هایدڵبێرگ، ئەڵمانیا

دكتۆر سامان سۆرانی