بێڕێزیکردن بە سیمبوڵەنەتەوەییەکان بریندارکردنی ھەستی نیشتیمانی تاکی کوردە...

بێڕێزیکردن بە سیمبوڵەنەتەوەییەکان بریندارکردنی ھەستی نیشتیمانی تاکی کوردە...

 

ئەگەر لە ھەرێمی کوردستان لەسەر هەموو شتێكیش ناكۆك بین بەلام دەبێت لەپرسی پاراستن ورێزگرتن لەرەمزو سیمبوڵەکانی نیشتیمان كۆك و هاوڕا بین،ھەر گەڵێک رێز لە مێژووی سیمبوڵە نەتەوەیی ونیشتیمانیەکانی بگرێت ،رێز لەبوونی خۆی دەگرێت ،چونکە سەرەرای ھەمووکارەسات ونەھامەتییەکان لەمێژوودا بەسەرگەلی کوردستان داھاتوون ،بوینە ھۆکاری سەرەکی مانەوەی کوردوکوردستان ، لەم روانگەیەوە ڕەفتارە ناپیشەیانەی کەناڵی ئێن ئاڕ تی سەبارەت بە تەلخکردنی وێنەی بارزانی نەمر لادانە لە بەها نەتەوەییەکان ،چونکە بێڕێزیکردن بە سەرکردەورەمزە نەتەوەییەکان کە تەمەنی خۆیان لە پێناو خاک و نیشتیماندا بەخت کردووە، هەوڵێکە بۆ تێکدانی بنەماکانی کوردایەتی و بریندارکردنی هەستی نیشتیمانی تاکی کورد،ئەمەش مەترسێکی گەورەیە کاتێک میدیا دەبێتە قوربانی ئەجێندای سیاسی و پێشێلی پیرۆزییە نەتەوەییەکان دەکات ، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ قووڵبوونەوەی کینەی سیاسی لەناو میدیای کوردیدا، ئەمەش لوتکەی دواکەوتووییە ، دەبێت بابەتی
رێزگرتن لە سیمبوڵەنەتەوەییەکان لە چوارچێوەی ململانێیە سیاسییەکان دەربهێنرێت و وەک هێڵێکی سوور مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، ببێتە بەشێکی سەرەکی پرۆگرامی خوێندن لەناوەندەکانی خوێندن تاوەکو نەوەی داھاتوو بزانن ڕێزگرتن لەوانەی شوێن پەنجەیان لەو شانازییە نیشتیمانیەدا ھەیە بەشێکە لە ڕێزگرتن لە خۆیان و نیشتیمانەکەیان، بەم کارەیان کەناڵی ئێن ئاڕ تی تەنها ھەستی لایەنێکی سیاسی دیاریکراوبریندار نەکرد ، بەڵکو هەستی ملیۆنان مرۆڤی کوردبریندار کرا کە "بارزانی نەمر" وەک ڕابەرو دارێژەری رێبازی کوردایەتی دەبینن،بەدڵنیایەوە گەر رابەرایەتی بارزانی نەمر نەبوایە ئەوا گەلی کوردستان بێ ناو ناونیشان دەبوو ،وە مێژووی گەلی کوردستان بێ باسکردنی خەبات و تێکۆشان و رابەرایەتی بارزانی نەمر ناکاملە ،بۆیە ئەرکی ھەموو نیشتیمان پەروەرێکە وەفاداربیت بەرامبەر بە مێژووی پرلەسەروەری ئەو سەرکردەیە ،نەک کەنالێک بێت ھەستی زۆرینەی کوردستانیان بریندار بکات ،لەکاتێکدا سالانێکە
هەڵواسینی وێنەی بارزانی نەمر لە دام و دەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بە یاسا ڕێکخراوە، بۆیە ئەو رێکارە یاسایانەی دەرحەق بەوکەناڵەیە گیرانە بەر کارێکی پیرۆزو نیشتیمانییە تا چیتر ھیچ کەس ولایەن وکەنالێک دەست بۆکارێکی ھەلەی لەم شێوەیەنەبات، چونکە ئازادی ڕادەربڕین هیچ کات بە مانای سووکایەتیکردن بەرەمزوسیمبوڵەکان نییە، ھەر گەلێک رێزیان نەپارێزێت ،ناتوانێت پارێزگاری لەداھاتووی خۆشی بکات ، بۆیە پاراستنی پیرۆزییەكانی گەلی كوردستان کارێکی گرنگە وئەرکی ھەموولایەکە، دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان بەئەرکی خۆیان ھەڵبستن ورێگری لەدووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارە مەترسیدارەیە بگرن ،تا میدیا نەکرێتە ئامرازی تێکدانی ڕێز و شکۆی سەرکردەکان و شێواندنی مێژووی گەلەکەمان ....

Top