لە هەولێر نمایشی فیلمی(ماریانا)بەڕێوەچوو
بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر لە درێژەی چالاکییەکانیاندا, لە چوارچێوەی پرۆژەی (سینەما و جەماوەر)بۆ ئەم هەفتەیە فیلمی سینەمایی(ماریانا)ی نمایش كرد.
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێكەوتی 4/2/2026 لە (ئیمپایەر سینەما)ی فامیلی مۆڵی هەولێر,هەریەك لە بەڕێزان (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و(سیروان عوسمان) بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەك لە هونەرمەندان و هونەردۆستان,ئامادەی بینینی نمایشی فیلمەكە بوون.
ماریانا فیلمێكی درامییە,ژمارەیەك منداڵ لە فیلمەكەدا بەشدارن كە ڕۆڵی گەورە دەگێڕن,چیرۆكی ئەم فیلمە باس لە مرۆڤدۆستی و كاری مرۆیی دەكات,فیلمەكە بە زمانی سریانی و بە ژێرنووسی كوردی بەرهەمهاتووە,توێژەر و سینەماكار(ڕەفیق نوری حنا)لەگەڵ نووسینی سیناریۆی فیلمەكە كاری دەرهێنانی ئەنجامداوە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
