بە ئامادەبوونی(پینێلۆپی كروز) و هاوسەرەكەی,,یەكەم نمایشی فیلمی (Bunker)بەڕێوەچوو
فیلمی سینەمایی(Bunker)گەیشتە 83هەمین خولی فیستیڤاڵی سینەمایی ڤێنیسیا لە وڵاتی ئیتاڵیا و بە ئامادەبوونی بەشداربووانی نێو فیلمەكەو ژمارەیەك ئەستێرەی جیهانی یەكەم نمایشی بەڕێوەچوو.
خانمە ئەستێرەی سینەمایی (پینێلۆپی كروز) و سینەماكار (خاڤیر باردیم)ی هاوسەری كە هەردووكیان پاڵەوانی نێو فیلمەكەن لەگەڵ دەرهێنەر و چەند ئەكتەرێكی دیكەی نێو فیلمەكە ئامادەی بەڕێوەچوونی یەكەم نمایشی فیلمەكە بوون,هەروەها پێش بەڕێوەچوونی فیلمەكە پێكەوەوە لە گەشتێكی ناو ئەو شارە پێكەوەو كاتیان بەسەر دەبرد,دەركەوتنیان پێكەوە لە دەرەوەی بۆنە و كاری سینەمایی تا ڕادەیەك نامۆ بوو ئەمەش وایكرد سەرنجی ڕۆژنامە و چاوی كامێراكانیان لەسەر بێت و ئەو دەركەوتنەیان زوو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگ بداتەوە.
چیرۆكی فیلمی (Bunker)باس لە ئەندازیارێكی تەلارسازی دەكات كە سینەماكار خاڤیر باردیم ڕۆڵی دەگێڕێت,بەهۆی لێهاتووی لە كارەكەیدا ملیاردێرێكی بواری تەكنەلۆجیا داوای لێ دەكات تاوەكو ببێتە جێبەجێكاری پڕۆژەیەك بۆ درووستكردنی شوێنێكی پارێزراوە لە ژێر زەویدا,كە ئەمەش دەرفەتێكی باش دەبێت بۆ ئەو ئەندازیارەو داهاتێكی زۆری دەست دەكەوێت بەڵام لە بەرامبەردا كۆمەڵێك پرسیاری لەلا درووست دەبێت,هەر لەنێو ڕووداوەكانی ئەم فیلمەدا پینێلۆپی كروز كە ڕۆڵی هاوژینی دەگێڕێت دوای 17ساڵ لە هاوسەرگیرییان گومانی لەلا درووست دەبێت و پێداچوونەوە لەو ژیانە هاوبەشەیان دەكات كە پێكەوە بەسەریان بردووە تاوەكو پەیوەندی و متمانە و خۆشەویستییان وەك خۆی بمێنێتەوە.
126 خولەك ماوەی فیلمەكەیە و بە هەردوو زمانی ئینگلیزی و ئیسپانی بەرهەم هاتووە,سینەماكار (فلۆریان زیلەر)لەگەڵ ئامادەكرنی سیناریۆی فیلمەكە كاری دەرهێنانی ئەنجامداوە,هەروەها جیا لە پینێلۆپی كروز و خاڤیر باردیم هەریەك لە ستیفن گراهام و پۆل دانۆ و پاتریك شوارزینگەر و مارك گاتیس و ئیلین ئاتكینز و ئادێل ماری و نیمی هاراسگاما و كریستوس لاوتن و چەند ئەكتەرێكی دیكەی سینەمایی تێیدا بەشدارن.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
