خولی نوێی دانوستانە سێ قۆڵییەکانی نێوان ئەمریکا، ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئەبوزەبی دەستی پێکرد
ڕوستەم عمرۆڤ، سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایش و بەرگری نیشتمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، خولێکی نوێی دانوستانەکانی سێ قۆڵی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا و ئۆکرانیا لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەستیپێکردووە.
عمرۆڤ لە پەیامێکدا لە سۆشیال میدیا، بە ئاماژەدان بە هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا، گوتی: پڕۆسەی دانوستان بە شێوەی سێ قۆڵی بە بەشداری ئۆکرانیا و ئەمریکا و ڕووسیا لە ئەبوزەبی دەستی پێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکان بەردەوام دەبن لە گفتوگۆی جیا و دواتر لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا جارێکی دیکە کۆدەبنەوە بۆ "ڕێکخستنەوەی هەڵوێستەکان".
سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی و بەرگری ئۆکرانیا جەختی لەوە کردەوە کە بەردەوام ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی وڵاتەکەی لە دانوستانەکان ئاگادار دەکاتەوە و ڕایگەیاند: کاردەکەین بۆ بەدەستهێنانی ئاشتییەکی شەرەفمەندانە و بەردەوام بەپێی ڕێنماییە ڕوونەکانی سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی.
خولی یەکەمی دانوستانەکانی سێ قۆڵی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا و ئۆکرانیا پێشتر لە ٢٣ و ٢٤ی ژانویە لە ئەبوزەبی بەڕێوەچوو.
گوڵان: سەردار خەلیل
