شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتە هەولێر و لە لایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە پێشوازی لێ کرا.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 02ـی شوباتی 2026، شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
شاندەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی "ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان" و، ئەندامێتیی هادی عامری، سەرۆکی رێکخراوی "بەدر" و موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی "ئەساس"ـە.
شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە لایەن شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان کە پێکهاتبوون لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ پشتیوان سادق و نەوزاد هادی، ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر؛ پێشوازیی لێ کرا.
هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی راستەوخۆ دەچێتە بارەگای بارزانی و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆدەبێتەوە.
کوردستان24 زانیویەتی، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، یەکلاییکردنەوەی کاندیدی هەردوو پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەبێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی یەکشەممە، 01ـی کانوونی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن.
لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیرانیش؛ ماڵی شیعە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووە. هەندێکیان پێیان باشە بەهۆی پەیامە توندەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نووری مالیکی، لە کاندیدبوون بۆ پۆستەکە بکشێتەوە و هەندێکیش کشانەوەی ناوبراو رەتدەکەنەوە و دەڵێن "نابێت هیچ وڵاتێک دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عێراقدا بکات."
هەر لەبارەی پۆستی سەرۆکوەزیران، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، پەیامەکەی ترەمپ هاوکێشەکەی گۆڕیوە و چاوەڕێ دەکرێت شاندێکی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەکەی پرسەکە بچێتە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا.
