بێوار داخاز لە دهۆك: یاسا هەمیشە هەنگاوێك لە دوای تەكنەلۆژیاوەیە، بۆیە گەورەترین یاسا و پارێزەر وشیاریی خودی مرۆڤەكەیە
یەكێك لەو خاڵە جەوهەرییانەی ئەم جیهانە دیجیتاڵییە شێوازی موخاتەبەكردنی سۆشیال میدیایە بۆ مرۆڤی ئەمڕۆ. بەهۆی كاریگەریی ژیریی دەستكردەوە، بەكارهێنەران وا ڕاهێنراون، كە هەموو چالاكییەكی ڕۆژانەیان، نەك تەنیا كارە فەرمییەكان، بەڵكو وردترین وردەكارییەكانی ژیانیان وەك وێنەگرتن، ڤیدیۆكردن، چوونە دەرەوە و كاركردن، لە پلاتفۆرمەكاندا بڵاو بكەنەوە. ئەمە لە ڕاستیدا پێویستییەكی مرۆیی نییە، بەڵكو جۆرێكە لە خۆڕادەستكردنی داتا.
كاتێك ئێمە باس لەوە دەكەین كە هەژمارێك (Account) بە بێبەرانبەر لە پلاتفۆرمە جیهانییەكان چێ دەكەین، دەبێت ئەوە بزانین كە لە جیهانی تەكنەلۆژیادا هیچ شتێك بێبەرامبەر نییە. ئێمە ڕەنگە پارە نەدەین، بەڵام گەورەترین سەرمایەمان كە «تایبەتمەندیی خودی»یە، وەك باج دەدەین بەو كۆمپانییانە. ئەم كۆمپانیا پەیوەندییانە و پلاتفۆرمە جیهانییانە، ئەم داتایانە كۆ دەكەنەوە و وەك كاڵایەك مامەڵەی پێوە دەكەن، چ بۆ مەبەستی ڕیكلام بێت، یان بۆ گەلێك مەبەستی سیاسی و بازرگانی كە ڕەنگە بەكارهێنەر هەرگیز پێیان نەزانێت. بۆیە وشیاریی مرۆڤ لێرەدا دەست پێدەكات، كە پێویستە تەنیا ئەو شتانە بڵاو بكاتەوە كە زۆر پێویستن و ژیانی تایبەتیی نەكاتە نێچیرێكی ئاسان بۆ سیستمەكان.
زۆرێك لە ئێمە بێ ئەوەی «سیاسەتی تایبەتمەندی - Privacy Policy» پلاتفۆرمەكان بخوێنینەوە، ڕەزامەندی دەدەین. لە كاتێكدا ئەو سیاسەتانە بە ڕوونی دەڵێن كە چۆن زانیارییەكانمان بەكاردێن. كاتێك بەكارهێنەرێك بە بێ ئاگایی مەرجەكان قبووڵ دەكات، دواتر تەنانەت ئەگەر یاسایەكی توندیش هەبێت، كۆمپانیاكە دەتوانێت بڵێت ئەمە بەپێی ڕێككەوتنی نێوانمان بووە.
لە هەرێمی كوردستان، «یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن» هەیە، كە دەتوانرێت بۆ كێشەكانی مۆبایل، كۆمپیوتەر و ئینتەرنێت پەنای بۆ ببرێت. ئەمە هەنگاوێكی باشە، بەڵام یاسا هەمیشە هەنگاوێك لە دوای تەكنەلۆژیاوەیە. چونكە تەكنەلۆژیا بە خێراییەكی سەرسوڕهێنەر گەشە دەكات و یاساكان دواتر بۆ ڕێكخستنی ئەو گەشەیە دەردەچن. بۆیە گەورەترین یاسا و پارێزەر، وشیاریی خودی مرۆڤەكەیە پێش ئەوەی تووشی كێشە بێت و ناچار بێت پەنا بۆ دادگا ببات.
چەمكی «تاوانی ئەلیكترۆنی-Cybercrim» وەك هاككردن و بڵاوكردنەوەی وێنەی تایبەتی، ئێستا گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار. تەنیا لە هەرێمی كوردستان، ڕەنگە زیاتر لە شەش ملیۆن ئەكاونتی جۆراوجۆر هەبێت، ئەم ژمارە زۆرەی هەژمارەكان لەگەڵ نەبوونی وشیارییەكی تەواو، زەمینەیەكی گونجاوی بۆ تاوانباران ڕەخساندووە.
كۆمەڵگەی ئێمە لەبەردەم واڵابوونێكی یەكجار گەورە و مەترسیداردایە. كاتێك مرۆڤێك سێ بۆ چوار ئەكاونتی هەبێت و نەزانێت چۆن سەرەدەرییەكی دروستیان لەگەڵ بكات، ئەوا ئەگەری بوون بە «قوربانی» یان تەنانەت بوون بە «تاوانبار» بەبێ مەبەست، زۆر زیاد دەكات. ئەم دۆخە كاریگەریی قووڵی لەسەر دەروونی كۆمەڵگە هەیە، چونكە ترس لە هاك و بڵاوبوونەوەی نهێنییەكان، دڵەڕاوكێیەكی بەردەوام دروست دەكات.
