دینا دەرزی گۆرانییەكی نوێی بەناوی(كەزی كورد)بڵاوكردەوە
پشتگیری لە كوردانی ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامی هەیە و هونەرمەندانیش وەك هەر تاكێكی كورد و نیشتمانپەروەر,لە سۆنگەی هونەرەكەیانەوە پەیامی ئاشتی و ئازادی و بەرگری بە گوێی جیهاندا دەگەیەنن و داوای مافی ڕەوای گەلی كورد دەكەن.
دینا دەرزی خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ كە هەمیشە بە جلی كوردی دەركەوتنی هەیە و زیاد لە پێنج بەرهەمی گۆرانیی ستایلی پرچی كەزی كردووە,لە ئێستادا دوای نزیكەی دوو هەفتە كاركردن لە كەناڵی فەرمی خۆی لە تۆڕی ڤیدیۆیی یوتیوب بەرهەمێكی نوێی گۆرانی بەناوی(كەزی كورد)بڵاوكردەوە,كە شاعیری لاو (مازیار فایەق) تێكستەكەی نووسیوەو (ئاریۆس حەمەسەعید) ملۆدییەكەی ئامادەكردووە هاوكات كاری میكس و دابەشكرنی بۆ موزیكی گۆرانییەكە كردووە,هەروەها هونەرمەند(بڕیار فەتاح)كاری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ كلیپی گۆرانییەكە ئەنجامداوە.
لە بارەی بەرهەمەكەوە دینا لە نوێترین دەركەوتنی ڕایگەیاند:كەزی نیشانەی جوانی و بەرخودانە ڕەمزی هێزی خانمی كوردە,هاواری بەرخودان لای هونەرمەند دەنگییەتی,كەواتا بۆ ئەو هاوارەی بەرخودانی هەرچوار پارچەی كوردستان و ئەو هەموو هاتنە سەر شەقام و كۆڵانەی كوردان لە هەرشوێنێكی كوردان و دەرەوەش وە بەرخودانی ڕۆژئاوا وات لێ دەكات كە تۆش هاوار بكەی,هاواركردنی هونەرمەندیش بەرهەمی هونەرییە,نزیكەی سێ هەفتە لەگەڵ ستافێكی بەتوانا هەوڵماندا بەرهەمێك بۆ بەرخودانی ڕۆژئاوا و هەرچوار پارچەی كوردستان و بۆ ئەم هاوارەی كورد لە هەر شوێنێكی دوونیایە بگەیەنین,بۆیە بەرهەمی (كەزی كورد)مان هەڵبژارد,وە نزیكەی هەفتەیەك لەگەڵ (مازیار فایەق) دەربارەی تێكستی بەرهەمەكە گفتوگۆمان كردووە تاوەكو جوانترین بەرهەم دەربچێت و هاواری بەرخودان بگەیەنین.
هەروەها دەربارەی ڤیدیۆ كلیپی ئەم بەرهەمە دینا گوتی:لە شاری سلێمانی كاری ڤیدیۆ كلیپی ئەم گۆرانییە بەرهەمهات و چەندین وێنە و تۆماری ڤیدیۆیی بەرخودانی ناوچەكانی دیكەی كوردستانمان خستە نێو ڤیدیۆ كلیپەكە.
دەربارەی ناوەڕۆك و پەیامی نێو بەرهەمەكە دینا ڕایگەیاند:گۆرانییەكە هەستێك دەدات,ناسكی ژن,جوانی ژن,وەك دایك,وەك خوشك,وەك شەڕڤان,وە وەك سینگی بەرگی لە خاك و نیشتمان,هەر هەموویمان كۆكردووەتەوە,كەواتا لە بەرهەمەكەدا كە سەیری ژن دەكەی هەموو ئەو شتانەمان دانایەوە,ئەمە ئەو ئەركە پیرۆزەیە كە هەمووو ژنی كورد لەسەریەتی,بۆیە,لای من نەك تەنها كەزی و نەك تەنها دایكایەتی و خوشكایەتی,نەك تەنها ئەشق,ئەتوانی لە سەنگەریشدا بوەستی,كەواتا ئەتوانین هونەرمەندانی كوردستان,خانمانی هونەرمەند ئەبێ پڕ بە دڵەوە,پڕ بە هەستی نەتەوەیاتییەوە,وە بە سۆزیشەوە,بێنە پێشەوە بۆ ئەوەی كە بەرهەمێك درووست بكەن خزمەت بكات بە هونەرەكەیان,منیش ئەوها بەرهەمەكەم تۆمار كرد.
هەروەها سەبارەت بە كاری نوێی هونەریی,دینا ئاماژەی پێدا كە دوو بەرهەمی نوێی گۆرانی ئامادەیە,یەكیان گۆرانییەكی شادە,ئەویتریان گۆرانییەكی رۆمانسییە,و لەئێستادا هەردوو بەرهەمەكە تەواو بووە,تەنها كاری تۆماركردنی ڤیدیۆ كلیپەكەی ماوە.
گوڵان-ئاسۆ كاكەیی
