ئەنوشکا شانکار:بۆ داهێنان لە هونەر پێویستمان بە ئیلهام هەیە

ئەنوشکا شانکار:بۆ داهێنان لە هونەر پێویستمان بە ئیلهام هەیە

ئەنوشکا شانکار ئەم سێتارژەنە لێهاتووە و کچی پاندیت ڕاڤی شانکاری مەزن، لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەو ئاوازە دڵگیرەکانی بە بێوێنەیی و بە شێوەیەکی نموونەیی پێشکەش کردووە. هیندستان شانازیی پێوە دەکات .

ئەنوشکا دەربارەی کاروانی ژیانی هونەریی خۆی دەڵێت:

من لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە دەستم بە پێشکەشکردن کرد. لە ١٦ ساڵیدا دەستم کرد بە بەرهەمهێنانی ئەلبوم. ئەزموونکردنی ئەمە لەم تەمەنەدا زۆر پڕ لە دڵەڕاوکێ بوو، چونکە هێشتا خەریکی دۆزینەوەی خۆم و دەنگی تایبەتی خۆم بووم. بەڵام ئێستا وەک ژنێک کە لە تەمەنی ٤٠ ساڵیدایە، هەست دەکەم خاوەندارێتییەکی زۆر زیاترم بەسەر پیشەکەمدا هەیە. تەواوی پرۆسەی چۆنیەتی دروستکردنی مۆسیقا و بەڕێوەبردنی کارەکانم بە تەواوی گۆڕاوە و گەشەی کردووە.

ئەنوشکا شانکار:بۆ داهێنان لە هونەر پێویستمان بە ئیلهام هەیە

دواتر تیشکی خستە سەر مۆسیقای هیندی و ئەو گۆڕانکاریانەی لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویانداوە و کاریگەرییان لەسەر ئەم مۆسیقایەوە هەبووە، پێیوایە لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکارییەکی گەورە ڕوویداوە لە ڕووی ڕەخساندنی بوار بۆ جۆرە جیاوازەکانی مۆسیقا. ئەمە زۆر باشە. لەسەر ئاستی جیهانیش، کاتێک من دەستم بە کاری مۆسیقا کرد، پەخشی دیجیتاڵی نەبوو؛ خەڵک سیدی (CD) و کاسێتیان دەکڕی، ئەوەش زۆر سەرنجڕاکێش بوو چونکە دەتتوانی ڕاستەوخۆ بگەیتە دەست خەڵک. بێگومان زۆر شتی باش و خراپم بینیوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە گۆڕانکارییەکی زۆر ڕوویداوە.

ئەنۆشکا بە سێتار ژەنە جیهانییەکە ناسراوە، لە بارەی ئەم ئامێرە دەڵێ: لە سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵیمدا هەم سێتار و هەم پیانۆم دەژەند. دواتر بڕیارمدا کە تەنها سەرنج بخەمە سەر ئامێری سێتار. بەڵام کاتێک لە ستۆدیۆی تۆمارکردنم، هێشتا پیانۆ دەژەنم.

دواتر باسی لەو کەسانە کرد کە لە کاروانی ژیانیدا یاوەر و هاوکاری بوون و دەڵێ:

زۆر حەز دەکەم ئاماژە بە هاوکارەکانم لە بەشی سێیەمدا بکەم ژەنیاری تەپڵی جازی مۆدێرن و ئاوازدانەر «ساراتی کۆروار» و ژەنیاری سارۆد «عالم خان» کە کوڕی ئوستاد «عەلی ئەکبەر خان ساحێب»ە و زۆر لە باوکمەوە نزیک بوو. حەز بە کارکردن لەگەڵ هەردووکیان دەکەم چونکە فرەبەهرەن و دەتوانم لەگەڵیاندا بچمە ناو هەموو ئەو شێوازە جیاوازانەی مۆسیقا کە دەمەوێت تاقیان بکەمەوە.

 سەبارەت بۆ مۆسیقای کلاسیکی هیندی دەڵێ: کاتێک هەرزەكار بووم، ڕەخنەی زۆرم لێ دەگیرا بەهۆی پۆشینی پانتۆڵی جینز لە چاوپێکەوتنەکاندا و وێنەگرتن بۆ گۆڤارەکانی مۆدێل. کاتێک تەمەنم ٢٥ ساڵ بوو، دەستم کرد بە دروستکردنی مۆسیقای ئەلیکترۆنیی تێکەڵاو، کە زۆر کەسی تووشی شۆک کرد. بەڵام پێم وایە ئێستا گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە بەرەو کرانەوەی زیاتر لەناو کایەی مۆسیقای کلاسیکی ئێمەدا ڕوویداوە. خەڵک ئێستا زیاتر ئامادەن بۆ کاری هاوبەش و تاقیکردنەوەی زیاتر لە مۆسیقادا.

رافی شانکاری باوکی یەکێکە لە ژەنیارە جیهانییە ناسراوەکان، ئەنۆشکا لەم ڕووەوە دەڵێ:

باوکم «پاندیت ڕاڤی شانکار»، یەکەم گەورەترین کاریگەری بوو لەسەرم. «زاکیر حوسێن» کە وەک مامی من وایە، کاریگەرییەکی زۆری هەبوو، چونکە یەکەم کۆنسێرتەکانم لەگەڵ ئەو بوون. ئیلهامبەخشەکانی تریشم هونەرمەندانی ساڵانی نەوەدەکانن وەک «بیۆرک» کە هونەرمەندێکی خاوەن دیدگا بوو و دەنگی تایبەتی خۆی خوڵقاند، هەروەها ئەو کەسانەی لەم دواییانەدا مۆسیقای کلاسیکیان گەیاندە جیهانی ڕۆژئاوا.

دواتر پایەمێک ئاراستەی گەنجەکان دەڵێ: کراوە بن و تا دەتوانن گوێ لە مۆسیقا بگرن، و خۆتان بە هەموو جۆرە هونەرێک بناسێنن. لە بنەڕەتدا، ئێمە بۆ داهێنان پێویستمان بە ئیلهام هەیە. کاتی زۆر بۆ پەرەپێدانی کارەکەت تەرخان بکە چونکە هیچ ڕێگەیەکی کورتەبڕ بۆ سەرکەوتن نییە. ئەمڕۆژانە هونەرمەندەکان دەبێت زۆر کار خۆیان ئەنجامی بدەن، بۆیە تێگەیشتن لە بازرگانیی مۆسیقا گرنگە هەرچەندە زیاتر بزانیت، کەمتر دەقۆزرێیتەوە. هەبوونی ئەو هۆشیارییە هێزت پێ دەبەخشێت.

ئەنوشکا تیشک دەخاتە سەر بەردەوام بوون لە کاری هونەری و دەڵێ: ئامێرەکەم خۆشەویستی منە و ئەو کارەی دەیکەم خۆشم دەوێت. ئەوە ڕێگەی منە بۆ دەربڕینی خۆم و ژیانم. ئەوە ئەو ڕێگەیەیە کە پەیوەندی بە خەڵکەوە دەکەم. دڵخۆشیم پێ دەبەخشێت و تێیدا لێهاتووم. ئیتر بۆچی واز بهێنم؟

ئەگەر بتوانیت بژێوی ژیانت لە ڕێگەی ئەو کارەوە دابین بکەیت کە خۆشت دەوێت، ماڵێکت هەبێت کە پشتگیری خۆت بکەیت، و هەست بە ئارامییەکی ناوخۆیی بکەیت. بەو شێوەیە بێت، سەرکەوتن زۆر سادەیە.

Top