هانا ئۆجانان پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی تامپێرە بۆ گوڵان: لێدوانەكانی ترەمپ دەرئەنجامی گەورەی لەسەر پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا لێ دەكەوێتەوە

هانا ئۆجانان  پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی تامپێرە بۆ گوڵان:     لێدوانەكانی ترەمپ دەرئەنجامی گەورەی لەسەر پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئەوروپا لێ دەكەوێتەوە

 

هانا ئۆجانان، پڕۆفیسۆر و توێژەری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی جیهانییە لە زانكۆی تامپێرە و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك ئاوێتەبوونی ئەورووپی، سیاسەتی دەرەكی، ئەمنی و بەرگریی یەكێتیی ئەوروپا، هاوكاریی نێوان دەوڵەتانی باكووری ئەوروپا، سیاسەتی بەرگری و دەرەكی و ئەمنیی دەوڵەتی فینلەندا، و فرەلایەنی. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسی لەگەڵدا شرۆڤە و تاوتوێ كرد لە پەیوەندی بە گۆڕانكارییەكان لە سیاسەتی دەرەوە و سیاسەتی بەرگریی یەكێتیی ئەوروپاوە. 

* لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، یەكێتیی ئەوروپا دەستی دایە سەپاندنی سزا و گرتنەبەری ئەركە ئەمنییەكان و دەستەبەركردنی پشتیوانییەكی بێ پێشینەی سزایی و سەربازی، لە پەیوەندی بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا، یان داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، ئایا پێتوایە ئەم هەنگاوانە ئاماژەن بەوەی یەكێتیی ئەوروپا بووەتە كاراكتەرێكی جیۆپۆلەتیكی و ئەمنی، یان ڕەنگدانەوەی سیستمێكی كاردانەوەن كە بەندن بە ڕوودانی قەیرانەكانەوە و دواتر یەكگرتوویی و هەڵوێستی هاوبەش دێتە ئاراوە؟

- ئەوە ڕاستە كە قەیرانەكان بوونەتە هۆی ئەوەی یەكێتیی ئەوروپا بەرەو ئەوە بچێت، كە ببێتە كاراكتەرێكی ئەمنی، چونكە ئەم قەیرانانە ئەوە دەخەنە ڕوو كە ئەم یەكێتییە پێویستی بە گۆڕانكاریی ڕاستەقینە هەیە، لە كاتێكدا كە شەڕی ڕووسیا لە ئۆكرانیا یەكێكە لە قەیرانە گەورەكان، لەگەڵ ئەوەشدا لێدوان و كردارەكانی چەند هەفتەی ڕابردووی سەرۆك دۆناڵد ترەمپیش، مایەی قەیران بوون، بەڵام پشتگوێخستنی بۆ دامەزراوە و ڕێككەوتننامەكان، كە ئەمە بە مانای ئەوەیە كە ئەمە قەیرانێكە لە پەیوەندی بە هاوكاریی نێوان ئەمریكا و ئەوروپاوە، ئەمەش دەرئەنجامی ئابووری و بازرگانی و بەرگری و ئەمنیی گەورەی لێ دەكەوێتەوە.

* زۆرجار ئۆكرانیا بە گەورەترین تاقیكردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا لێك دراوەتەوە، سەرەڕای پاڵپشتیی سیاسی و سزای ئابوورییش، هێشتا ئەوروپا بە ڕاددەیەكی گەورە پشتبەستووە بە سەركردایەتیی سەربازیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە. ئایا شەڕی ئۆكرانیا سنووربەندییە بونیادییەكانی توانای یەكێتیی ئەوروپای ئاشكرا كرد، كە ناتوانێت بە شێوەیەكی سەربەخۆ بچێتە نێو شەڕ و ناكۆكیی گەورەوە؟ ئایا ئەمە بژاردەیەكی ستراتیژییە، یان لاوازییە؟

- لێرەدا دوو دوو لایەنی پرسیارەكە دەبینم، ئەوەی پەیوەست بێت بە سیاسەتی دەرەوە، شەڕی ڕووسیا دژ بە ئۆكرانیا سەری كێشا بۆ نوێكارییەكی گرنگی پەیوەست بە بڕیاردانەوە، لە بەشێكیدا بۆ سنوورداركردنی كۆدەنگی و لەلایەكی دیكەوە بۆ زەمینەسازكردن بۆ سیستمێكی دیاریكراوی دەنگدانی زۆرینە. ئەمە دەبێتە هۆی بەهێزكردنی یەكێتیی ئەوروپا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر سیاسەتی دەرەكی و ئەمنیی ئەم یەكێتییە، كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بە چەشنێكی بێ پێشینە ببێتە ڕێكخراوێك، یان كاراكتەرێكی نێودەوڵەتیی ناوازە. لایەنی دووەم، پشتبەستن بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بواری بەرگریدا پرسێك بووە كە هەردولا بە خۆشحاڵییەوە پێی ڕازی بوون، واتە لە پەیوەندی بە پرسی بەرگری لە ئەوروپاوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستڕۆیشتوییەكی بەهێزی هەیە، ئەویش لە ڕێی ناتۆوە، لە كاتێكدا ئەوروپاش دەتوانێت تەركیز لەسەر پرسەكانی دیكەی ناسەربازی بكات، بەلای كەمەوە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ. لە ئێستادا سەرۆكی ئەمریكا بووەتە كەسایەتییەك كە نەتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت و خواستی سەربەخۆیی یەكێتیی ئەوروپا پتر برەوی سەندووە، یەكێك لە ڕێگەكان گرتنەبەری هاوكارییە، وەك دروستكردنی هاوپەیمانیی خوازیارەكان، لە نێوان وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوەی ئەم یەكێتییەدا.

* یەكێتیی ئەوروپا سیاسەتی دەرەوەی خۆی لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی و سیستمی تەوەربەند لەسەر ڕێساكان بنیاد ناوە، بەتایبەتی لە ئاست ئۆكرانیا، بەڵام لە شەڕ و ناكۆكییەكانی دیكەدا، وەك غەززە، جێبەجێكردنی ئەم ڕێسایانەی وەك پێویست نەبووە. لێكدانەوەی ئێوە چییە بۆ ئەم دژبەرییەی نێوان شەرعییەت و میسداقییەت و پرەنسیپە یاساییەكان و هاوپەیمانێتییە جیۆپۆلەتیكییەكان و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكان؟

- یەكێتیی ئەوروپا لە ململانێی ئەوەدایە كە وێنەی خۆی بپارێزێت وەك پشتیوانێكی سەرسەختی سیستمی نێودەوڵەتیی تەوەربەند لەسەر ڕێساكان. لە ڕووی مێژووییەوە یەكێك لە هۆكارەكان بریتی بووە لە سیاسەتە گشتییەكان و تێكڕای سیاسەتی دەرەوەیان نەگرتووەتەوە، بەڵكو ئەم سیاسەتە پەیوەست بووە بەوەی دەوڵەتە ئەندامەكانی هاوڕا بوون لەسەری، بۆ نموونە سیاسەتێكی هاوبەش نەبووە لە ئاست ڕووسیادا، لە بەرانبەر ئەمریكا و لەبارەی ئیسرائیلەوە. دەوڵەتە ئەندامەكانی یەكێتیی ئەوروپا پێداگر بوون لەسەر ئەوەی لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا لە پەیوەندییە دوولایەنەكانیاندا سیاسەتی جیاوازیان هەبێت، بەڵام ڕەنگە گرتنەبەری سیاسەتەكان لە ئاست ڕووسیادا، ئاماژەیەكی ئەرێنی بێت لەم ڕووەوە، بۆ نموونە سەرەڕای ئەوەی هەنگاریا هاوشانە بە ڕووسیا، بەڵام نەیتوانیوە ڕێگری بكات لەو ڕێكارانەی دژی ڕووسیا گیرانەبەر.

* چۆن شەڕەكانی ئۆكرانیا و كەرتی غەززە، لە پاڵ هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كاریگەرییان هەبووە لەسەر جیهانبینیی یەكێتیی ئەوروپا، لەبارەی بەرپەرچدانەوە و سنوورەكان و سەروەری و شەرعییەت و هێزەوە؟ ئایا ئێمە ئاڵوگۆڕێكی قووڵ لە كەلتووری ستراتیژیی ئەوروپادا بەدی دەكەین، یان ئەمە دۆخێكی كاتییە و لەژێر كاریگەریی ناكۆكی و شەڕەكاندایە؟

-  ڕەنگە بتوانین بڵێین كە كەلتوورە ستراتیژییەكەی ئەوروپا لە سەروبەندی سەرهەڵداندایە، تا ئێستا توێژەرانی بواری كەلتووری ستراتیژی، پتر تەركیزیان لەسەر كەلتوورە ستراتیژییەكانی هەر دەوڵەتێك بە جیا كردووەتەوە، دواتر هەوڵیان داوە، شتێكی هاوشێوە بۆ یەكێتیی ئەوروپا، یان ناتۆ گەڵاڵە بكەن، لە ئێستاشدا من ئەوە بەدی دەكەم كە چۆن ئەو دەوڵەتانەی خاوەنی كەلتووری ستراتیژیی جیاوازن (فەڕەنسا و ئەڵمانیا) پێویستییان بەوە هەیە، هەڵوێستی هاوبەش بهێننە ئاراوە و لەسەر ئاستی بیركردنەوەی ستراتیژی كارلێكی زیاتریان هەبێت. ئەوەتا لە ئێستادا گرینلاند وەك یەكبوونێكی بەرچاو دێتە ئاراوە لە پەیوەندی بە سنوور و سەروەرییەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە بەرپەرچدانەوە و بەكارهێنانی هێزەوە، ئەوا هەموو شتێك لە گۆڕاندایە. وڵاتانی ئەوروپا ئەوە بەدی دەكەن كە ڕەنگە پێویستیان بەوە بێت كە ڕۆڵی گەورەتریان لەم ڕووەوە هەبێت.

*  بۆ چەندین دەیە دەبێت، ئەوروپا تەركیزی لەسەر ئیدارەدانی قەیرانەكان و هێزی مەدەنی و سنوورداركردنی بەكارهێنانی هێز كردووەتەوە. لەبەر ڕۆشناییی ناكۆكی و شەڕەكانی ئەم دواییەدا، ئایا پێتانوایە تێڕوانینی ئەم یەكێتییە گۆڕاوە لە بەرانبەر هێز و دەستتێوەرداندا، یان پێتانوایە سەرباری هەڵكشانی ناسەقامگیری، هێشتا ئەوروپا گرتنەبەری لۆژیكی ئەمنی ڕەت دەكاتەوە؟

- پێموایە یەكێتیی ئەوروپا پێویستی بە هەردووكیانە، واتە هەم هێزی مەدەنی و هەم هێزی سەربازی، هەروەها پێویستی بەوەیە گۆڕانكاری بكات لە ئیدارەدانی قەیرانەكانەوە، بۆ ئەوروپایەك كە پتر تەركیز لەسەر پرسەكانی پەیوەست بە بواری ئەمنی و بەرگری بكات. ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە لە سەروەختی سەرەتاكانی ساڵانی نەوەتەكانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای ساڵی 2000، بە چەشنێك بوو كە ئەم یەكێتییە تەنانەت بیری لە بەكارهێنانی هێز نەدەكردەوە، لە ئێستادا بیركردنەوەكە، یان با بڵێین گفتوگۆكان زۆر جیاوازن، هەروەك لە زیادبوونی وەبەرهێنان لە بواری سەربازی لە نێو یەكێتیی ئەوروپادا دەیبینین.

* بۆ ئەو وڵاتە ئەورووپییانەی كە هێزی مەزن نین، ئەوا بەشداریكردن لە یەكێتیی ئەوروپا، یان ناتۆ زەمانەتێكی ئەمنییان بۆ دەستەبەر دەكات، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەم زەمانەتە دەبێتە هۆی ئەوەی كەمتر سەربەخۆ بن لە پەیوەندی بە بڕیاردانەوە، لە نێو ئەم سیستمە نێودەوڵەتییە جەمسەرگیرەدا، چۆن ئەم دەوڵەتانە دەتوانن هاوسەنگی دروست بكەن لەم نێوەندەدا، بەتایبەتی كاتێك شەڕ و ناكۆكییەكانی دەرەوەی ئەوروپا بەرەو هەڵكشانی زیاتر دەچن؟

- جیاوازییەكی گەورە لە نێوان یەكێتیی ئەوروپا و ناتۆدا هەیە، بۆ نموونە ناتۆ ڕێكخراوی حكومەتەكانە و لەسەر بنەمای كۆدەنگی بڕیارەكانی دەردەچن، كە ئەمەش ئازادییەكی زۆر بۆ دەوڵەتە ئەندامەكان دەستەبەر دەكات، لە كاتێكدا یەكێتی ئەوروپا تا ڕاددەیەك ڕێكخراوێكی سەروو نەتەوەییە و بڕیارەكانیشی پابەندكارن، ئەوەی پەیوەست بێت بەو دەوڵەتە ئەندامانەی كە قەوارەیان بچووكە، ئەوا گرنگ ئەوەیە لە چوارچێوەی ئەو یەكێتییە و لە نێو ناتۆدا بۆچون و پێداویستییەكانیان بە هەند وەربگیرێن، كە لە ئێستادا لە هەر كاتێكی دیكە زیاتر پێویستیان بە هاوكارییە و ڕەنگە لە نێو چوارچێوە و بە شێوازی نوێ، بۆ هاوكارییەكی زیاتر لە نێوان وڵاتانی باكووردا بەدی بێت.

Top