كورد گەلێكی تۆڵەستێن نییە پەیامەكەی سەرۆك بارزانی وەك نموونە
لەدوای هێرشەكانی سەر هەردوو گەڕەكی «ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود» لە حەلەب، و دیمەنە تراژیدییەكانی ئەم شەڕە لەسەر كوردانی ڕۆژئاوا، ویژدانی هەموو تاكێكی كورد هەژاند و هەستیان بە مەینەتی و ئازار و هاوخەمی كرد، لەبەر ئەوەی هێرشێكی ستەمكارانە بوو بەرانبەر كورد لە سووریا ئەنجام درا، ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لێكەوتەی خراپیشی دروست كرد.
لە سۆنگەی پەرۆشییەوە لێرە تێڕوانین و هەڵمەتێك سەری هەڵدا، بەوەی هەرچی عەرەب و هاووڵاتی سووریایە و نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن، دەربكرێن و هەڵوێستیان بەرانبەر بنوێندرێت، یان وا لێك درایەوە، ئەمە شەڕی كورد و عەرەبە و ئیدی سڵ لە هیچ نەكرێتەوە و هەموو ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سوورییانە دوور بخرێنەوە و بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت، تەنانەت خەڵكی وا هەبوو، كرێكاری سووریی لە كۆمپانیا و ماركێتی خۆی دەركرد، بە بیانووی پاڵپشتیی ڕۆژئاڤا و تۆڵەكردنەوە لەمان.
لەكاتێكدا كورد گەلێكی خاوەن هەڵوێستی مرۆڤایەتی و فەرهەنگی ڕێزگرتنە لە پەنابەر و میوان و پێكهاتە و نەتەوەی دیكە و سەدان نموونەی بەرزی مرۆڤدۆستیی كورد هەیە، كە جێی شانازیكردنن لە مامەڵەكردنی جوان و بەویژدانانە، بە تایبەت بەرانبەر كەسانێك كە دەستیان لەو ستەمەدا نەبووە كە بەرانبەر كورد كراوە. نموونەی ڕژێمی بەعس كە هیچ نەما بەرانبەر كورد نەیكا، بەڵام لە دوای ڕاپەڕین كە دوو فەیلەقی گەورەی سەربازی كەوتنە دەست كورد، بە فەرمانی سەركردایەتیی حەكیمانەی كورد، نەك ئازار نەدران، بەڵكو ئازاد كران، وێڕای هەموو مەینەتییەكانی ڕابردوو، لە سەختترین كاتەكانی قۆناغی مێژوویی لە سەردەمی هاتنی گرووپی تیرۆریستیی داعش، كورد باوەشی بۆ لێقەوماوان و ئاوارە و خەڵكیتر كردەوە، بێ ئەوەی بپرسێت ئەمە كوردە یان عەرەبە، موسڵمانە، یان مەسیحی، بەو پەڕی گەرمییەوە پێشوازیی لێكردن، بۆ ئەوەی پیشانی هەموو دونیا بدات، كورد فەرهەنگی لێبوردەیی بەلاوە گرنگە و تەڕ و وشك پێكەوە ناسووتێنێ و ئۆباڵی تاوانی كەسانێك ناخاتە ئەستۆی كەسانێكی دیكەوە. ڕاستە كورد ستەمی لێ كراوە، بەڵام هەرگیز ئەوەی بەلاوە پەسند نەبووە، ستەمكار بێت بەرانبەر خەڵكی دیكە و تۆڵەی ڕژێمەكان لە گەلەكانیان بكاتەوە.
ئەم هەست و هەڵوێستە مرۆڤدۆستی و پڕ لە لێبووردەییە زادەی تێگەیشتن و پابەندیی میللەتی كوردە بە پرەنسیپەكانی دینداری و پەیڕەوی تەریقەتی شێخانی بارزان، كە لە جیاتی هێرش و هەڕەشە، دەبێ هەمیشە لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی بنەمای هەنگاونان و مامەڵەكردن بێت، چونكە هیچ كات ڕۆحیەتی تۆڵەكردنەوە، بەتایبەت لەبری هەڵسوكەوتی ڕژێمێك لە هاووڵاتیانی سڤیل، نەك خزمەت بە دۆزی ڕەوای پرسی كورد ناكات، بگرە گورز و پەڵەیەكی ڕەش دەبێت و لەگەڵ ڕەوشت و شوناس و بەهاكانی كورد و بنەمای دادپەروەریی كۆمەڵگەی كوردیدا یەك ناگرێتەوە.
خۆشبەختانە سەرۆك بارزانی لەسەر ئەم دیاردە نادروست و نابەجێیە وەك بەرگریكارێك لە مافی ئەو پەنابەر و كرێكار و هاووڵاتییە سوورییانەی لە هەرێم دەژین، هاتە دەنگ و پەیامێكی بڵاو كردەوە، بەوەی نابێ هێرشەكانی حەلەب ببنە هۆكاری ئازاردانی ئەوانەی لێرەن، چونكە ئەوان تاوانیان نییە و هاووڵاتی ئاسایین، لە پەیامەكەدا ڕاشكاوانە ڕاگەیاند: «بەداخەوە لە هەندێك پێگەی میدیایی و سۆشیاڵمیدیا و ناوەندی دیكەدا، هەڵمەتێك لە دژی ئەو هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە دەبینرێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین. ئەم جۆرە هەڵمەت و ڕەفتارانە لە جێی خۆیدا نین و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ پڕەنسیپ و بەهاكانی گەلی كوردستان ناگونجێن و دژی سیاسەت و ڕوانگەی گشتیی دامودەزگەی هەرێمی كوردستانن.
لە ڕاستیدا نابێ ئۆباڵی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن خەڵكێكەوە بخرێتە ئەستۆی خەڵكانێكی دیكەوە كە هیچ پەیوەندییان بە تاوانەكەوە نەبووە. دەبێ ڕێزی ئەو پەنابەر و هاووڵاتییە عەرەبە سووریاییانە بگیرێت، كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و لێرە دەژین و پێویستە كۆتایی بەم هەڵمەتە نابەجێیە بهێندرێت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ڕێگە لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتانە بگرن».
هەڵبەت ئەم هەڵوێستە زۆر گەورە و مرۆیی و مێژووییە، كە سەرۆك بارزانی وەك فریادڕەسی هەموو ئەو هاووڵاتییە پەنابەرە عەرەبە سوورییانە لە هەرێمی كوردستانن ڕایگەیاند، ئەمە لە كاتێكدا بارودۆخەكە هەستیارە و شەڕ و ئاگر و كوشتن و دەركردن و ئاوارەبوون و سووكایەتی و ئەو پەڕی بێڕێزی بەرانبەر كوردانی ڕۆئاڤا دەكرێت و بەكاردێت و تەرمی ڕۆڵەی كورد لە باڵەخانەی بەرزەوە فڕێ دەدرێتە خوارەوە، بە هەزارەها خێزان و ئافرەت و منداڵ لە ڕەوشێكی نالەبار و خراپ و بێ ماڵ و حاڵدان، كەچێ سەرۆك بارزانی دەیەوێ ڕۆڵەی كورد لەوە ئاگادار بكاتەوە، كە نابێ بارودۆخی كوردستانی ڕۆژئاوا ببێتە فاكتەرێك بۆ سووكایەتی بەرانبەر ئەوانەی لە هەرێمی كوردستان ژیان دەكەن، چونكە ئەمە پێچەوانەی ڕوانگە و بەهاكانی گەلی كورد و سیاسەتی كوردستانە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ قورئانی پیرۆز، ڕێك ئەو هەست و ڕەوشتە بەرزەی ئاماژە پێ كردووە، كە كەس ئۆباڵی ستەم و تاوانی كەسانی دیكە هەڵناگرێت، خوای گەورە دەفەرموێت: (وَلَا تَزِرُ وَازِرَةٌ وِزْرَ أُخْرَى) الإسراء:15. واتە: كەس گوناهی كەس هەڵناگرێت، كەس بەرپرسیار نییە لە هەڵەی كەسانی دیكە. هاوشان دەیان ئایەت و فەرموودەش هەن، باس لەو بەها گرنگ و گەورەیەی لێبوردەیی و مامەڵەی مرۆڤدۆستانە دەكات بەرانبەر پەنابەر و لێقەوماو و ئاوارە، كە گەلی كورد لەسەری ڕۆیشتووە و پەیڕەوی لێكردووە.
ئەم هەڵوێستە جێی شانازییە و مێژووش وەك گەورەیی میللەتی كورد تۆماری دەكات، دڵنیام نەك هەر ئێمە و ئەوانەی پاڵپشتی ئێمەن، بەڵكو ئەو عەرەبە سوورییانەی كە گیان و ماڵیان بە هۆی شەڕەوە كەوتووەتە مەترسی، زیاتر لە هەموو كەس هەست بە گەورەیی و بایەخی ئەو پەیامە گرنگە دەكەن.

مەلا عەبدوڵڵا شێركاوەیی