برایه‌تی مۆدێلی سیاسی
ناسنامه‌ی مرۆڤی كورد تراژیدییه، زۆریش ئاماده‌ی قوربانی بووین له‌و جیهانه كوێره، كورد به‌رده‌وام خۆی به چه‌وساوه و داگیركراو ده‌زانێت، به‌ڵام كێشه‌ی نه‌بوونی یه‌ك گوتاری به‌رده‌وام وایكردووه له قاوغی خۆمان بمێنینه‌وه، هه‌رده‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ك هه‌وڵی داوه ڕیشه‌ی داگیركاری له‌خۆی دابماڵێت.
كورد به‌رده‌وام تراژیدیا ئه‌زموون ده‌كات نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆته قوربانی سیاسه‌تی مۆدێرنی ده‌وڵه‌تانی داگیركا‌ر، به‌ڵكوو ئاسۆیه‌كی ڕوون نییه لێی بڕوانێته ماف و ئازادی. ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كارگه‌ی له‌مرۆڤ خستنه، ده‌مه‌وێت باسی تراژیدیایه‌كی دیكه‌ی سیاسی كورد بكه‌م، هه‌وڵه‌ده‌م ڕاستییه‌ك به‌درۆ بخه‌مه‌وه ئه‌ویش چه‌مكی برایه‌تییه وه‌ك باشترین مۆدێلی پێكه‌وه ژیان.
"برایه‌تی" وه‌ك مۆدێلێكی سیاسی بۆ پێكه‌وه‌ژیان بۆته جێگره‌وه‌ی هاووڵاتی بوون، قسه‌یه‌كی سیاسییه هه‌ر له‌درووستكردنی ده‌وڵه‌تی عێڕاق به‌شێوه‌ی سیسته‌ماتیك كاری پێكراوه به‌رده‌وام چاره‌ی بۆ جیاوازییه‌كان تواندنه‌وه بووه، هه‌رده‌م برایه‌تی چه‌كوش بووه بۆ ده‌مكوتكردنی كورد له به‌رانبه‌ر داواكارییه‌كانی.
داننان به‌مافی خه‌ڵكی كوردستان مه‌رجه بۆ دیموكراسی له عێڕاق، كاتێك تاخمی سه‌رده‌ست پێمان ده‌ڵێت تۆ برای واته ده‌بێته ئه‌رك چاو له ئاست مافه‌كانت دابخه‌ی، به‌ڵام دوژمنی كاتێك پێداگری له‌سه‌ر مافه‌كانت بكه‌ی، له‌هه‌ر تاكێكی عێڕاقی بپرسی ده‌ڵێت ئێمه براین، وشه‌یه‌كی ساده‌یه كه‌چی هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندێكی ترسناكه جیاوازی نه‌ژاد داده‌پۆشێت.
هه‌ر له‌ژێر درووشمی برایه‌تی تا ئێسته كورد وه‌ك گرێبه‌ست به‌شداری سیاسی له ده‌وڵه‌تی عێڕاق نه‌كردووه، ئه‌وه‌ی هه‌بوو هه‌ندێك گفت بووه به‌سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان دراوه به‌شێوه‌ی كاتی. گه‌مه‌یه‌ك بووه به‌غدا دژ به ویسته گه‌وره‌كانی كوردستان به‌كاری هێناوه، زۆربه‌ی كاتیش لێی په‌شیمان بۆته‌وه.
هه‌رده‌م داوای كوردستان به‌ناوی برایه‌تی خاوكراوه‌ته‌وه، چه‌مكی برایه‌تی باوكسالارییه گوشاری لێ ده‌بینرێت. پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لانی عێڕاق له‌بازنه‌ی برایه‌تییه نه‌ك هاومافی و هاووڵاتی بوون. مه‌رج نییه بۆ ئه‌وه‌ی دیموكراسی بین هه‌موو برابین، به‌ڵام مه‌رجه هاو ماف و هاووڵاتی بین.
بۆ باشووری كوردستان له عێراق برایه‌تییمان پێ ڕه‌وا بینراوه له بڕی هاومافی و هاووڵاتی، به‌ڵام له‌پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان حاشا له بوونی نه‌ته‌وه‌یمان ده‌كرێت وه‌ك كورد، ته‌نانه‌ت مافی ڕه‌گه‌زنامه‌ش بۆ به‌شێك له هاووڵاتیانی كورد نه‌بووه، بۆ دژبه‌ری كورد. توركیا، ئێران، سووریا و عێڕاق كۆكن، له توركیا هه‌وڵ هه‌یه بۆ له‌باربردنی پڕۆسه‌ی ئاشتی، له ئێران بۆ ئه‌و حوكمه یان حوكمێكی دیكه پێم وانییه چاره‌یان له كوردستانی عێڕاق باشتر بێت به‌ده‌ست ده‌وڵه‌تی ناوه‌ند.
سه‌باره‌ت به كوردستانی رۆژئاوا له‌سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی نوێ من ئه‌وه‌نده پێی شاگه‌شكه نه‌بووم. چونكه لێم دیاربوو پێڕه‌وی ده‌سه‌ڵات گه‌لانی سووریا دایناڕێژن، به‌ڵكوو پێڕه‌وه‌كه ئاماده‌كراوه. ئێسته‌ش به‌ئاشكرا دیاره چۆن كورد ناچار ده‌كه‌ن ده‌ست له‌مافه‌كانی هه‌ڵبگرێت و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی سووریا بكات.

گه‌ردین ناوه‌نده‌یی