كاره هونهرییهكانى (حهمه هاشم)له نێوان دوو روانگهدا,یۆهانا سهرنێڤكا و نیهاد جامى
یۆهانا سهرنێڤكا – پۆلهندا
کاتێك لە دوورەوە تەماشاى جیهان دەکەیت،تەنها پێکهاتەیەکە لە ڕەنگەکان,هەندێك جار باشتر بوو ئاوا بووایە،چونكه لە هەموو فەلـسەفەکاندا تەنها جوانناســی دەمایەوە،لەگەڵ ئەمەشدا، کۆبوونەوەى مەحاڵی ڕەنگەکان زۆر سەرنجـڕاکێشە، پێکهاتەکان، بارستهكان، ئاراسـتهكان،بەڵام کاتێك هەنگاوێك نزیکتر دەبینەوە،لەو پێکهاتە جوانە جیهانێك دەردەکەوێت کە دەیناسین، لەگەڵ هەر هەنگاوێکماندا زیاتر دەیناسینەوە كه هونهره،قوڵ له جوانى و پر لە ترس
بوەستە پێش ئەوەی نزیکتر ببــــیتەوە،با هێشـــــتا سیماكانى ڕەنگ ببینیت، تەقینەوەی پڕ لە دەربڕین لە ژیان، جادووی ڕووناکی و سێبەرەکان، دهكرێت هەموو ئەمانە واتای قورسیان لەگەڵدا نەبێت، بەڵام ئێمە پێشتر هەنگاوێك نزیکتر بووین،ئەو بریسکە نایابانە،ئەو هێڵە تاریکانەی ناو ئەو تێکەڵایەتیەى شوێن پێكان، بە هێواشی دەسـت دەکەین بە تێگەیشتن،خوێندنەوە، پرسیارکردن،ئەمە جیهانی ئاهەنگی خۆشی ژیان نییە، بەڵکو جیهانی بۆمب، وێرانکردن، و ئازارە، لە دوورەوە کەسایەتیەکان ناناسرێنهوه، دێن و دهچن، هەڵدێن، ئاواره دهبن، دهمرن،یەکێك جهستهى دەگۆڕێت بۆ جەستەیەکی تێكشكاو وهك ئهوهى له ئاسمانهوه فڕێیاندابێته خوارهوه، ههندێك نزیكتر له تابلۆكاندا ئاژەڵیش دەبینین، ئەو واتایانەی لە میتۆلۆجیاوە هاتوون و دووباره بانگەوازیان بۆ دەکەن، تێکەڵ دەبن لەگەڵ ئازاری ئاسایى مرۆڤ، ئەو نیشانانەی پێمان دەدەن، هاوپەیمانیتی چیرۆکیی (ئاخ، خۆزگە بتوانین سواری ئەسپ ببین و بڕۆین بۆ کۆتایی جیهان)، هاوڕێیەتی گەرم لە بەدبەختیدا، ئاراستەیەکی نوێ دەداتە ئەوەی ئێمە کێین؟یادی ڕاستیەکی گرنگمان بیردهخهنهوه سەبارەت ئەوەی ئێمە کێین؟
سروشت و کەلتوور، ژیـان و مردن، کاتێك خۆت دوور دەخەیتەوە بۆ مەودایەکــــی پارێزراو، سنوور نامێنێت، جیاوازی نامێنێت،جەستە و ڕۆح،ئەوەی هەیە و ئەوەی وێنا کراوە-پێکهاتەیەکی نایاب و فرەڕەنگ دروســــت دەکات،ڕەنگە ئاژاوە بێت کە ڕۆژێك روودهدات و ڕۆژی نویێ دەردەکەوێت
رهنگى تابلۆكانى حهمه هاشم، هەرچەندە پەلاماری قوڵایی مرۆڤ دهدهن به توندى، بهڵام شینی ئاسمانی دهكهنهوه بهخهون، هیوایان لەگەڵدایە. ڕووناکی زۆریان لەناودایە ،ئهو رووناكیانهى كه شكست به تاریكى دههێنن.
نیهاد جامی - مارسیلیا - فەرەنسا
ئەوەی ئێمە بە دنیای حەمە هاشم دەبەستێتەوە، خودی ژیانی خۆمانە، گەڕانەوەیە بۆ ناو خەونێك، ئێمە بۆ ئەوەی ترسی لەناوچوون ڕووبەرومان نەبێتەوە، دەبێت لەوێ بین لەناو ڕەنگ بخنکێین، خنکاندنێك، خنکانی نەوەیەکی خەیاڵیە بە خەون، نەوەیەك ناتوانێت لەم واقیعەدا بژیێت، چیرۆکی ئێمە لەناو تابلۆدا قسەکردنە بۆ وەرگر، وەرگرێك زۆربەی جار نەوەیەکن لە زەمەنی ئێمە نەژیان، بەڵام لەناو تابلۆکاندا دەیانەوێت دنیایەك بناسن، بەبێ ئەوەی بزانن هونەرمەندەکەمان خەونی هەموومانی نووسیوەتەوە، ئەوە ڕەنگە دێت شکست و برینەکان دەگێڕێتەوە، فۆڕم تێکشکاندنەوە نیە، هێندەی وێناکێشانەوەی جەستەی هەڵا هەڵا و ڕۆحی خوێناوی ئێمەیە، ئەو برینە تا ساتەوەختی لەناوچوونیش بۆ خۆی جوانی دەخولقێنێتەوە.
کێشەی هونەرمەندەکەمان کە لەهونەرمەندانی تر جیای بکاتەوە ئەوەیە، ئەو بوونەوەرێکە لە دەرەوەی جوانی ناتوانێت سەیری ئاستە زەمەنیە جیاوازیەکان بکات، ئەگەر من ئاگاداری کۆی ئەزموونی ئەو بم لەژیان و لەهونەردا، سەرەنجام لەدەرەوەی پەیوەندی کەسی ئێمەوە، ئەو هاورێی تری هەیە بۆیە کاتێك وەك دوو دۆست لەیەکتر دوور دەبین، ئەو دەتوانێت هەست بەتەنیایی نەکات، گەر کێشەی شاعیران و هونەرمەندان بانگەشەکردن بێت بۆ تەنیایی، هونەرمەندەکەی ئێمە بە پێچەوانەوە نەك هەست بەتەنیایی ناکات، بەڵکو هەمیشە مرۆڤێکی خەونبینە لەناو دنیای داهێنەرانی ڕەنگ، گەڕانەوە بۆ کتێبەکانی تێمان دەگەیەنێت، ئەو کتێبی شێوەکاری نانوسێت، بەڵکو کتێب لەستایشی هاورێکانی دەنووسێت، هاورێکانیشی بریتین لە مایکل ئەنژیلۆ و ڤان کوخ و ئەوانەی تر کە ئەو لەناو تابلۆکاندا هەمیشە لەگفتوگۆدایە لەگەلیاندا و، دواتریش لەناو تابلۆکانی خۆیدا ماڵێکی سەربەخۆی هەیە، داوەتی هاورێکانی دەکاتەوە تا بێن ماڵەکەی ببینن.
