كۆیە گرفتی دارایی هەیە
كۆیە گرفتی دارایی هەیە
تیپی تۆپی پێی یانەی وەرزشیی كۆیە ئەم وەرزە بە پێكهاتەیەكی جیاواز بەشداری یارییەكانی خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستانی كردووە، یانەكە هەر چەندە ئامانجیان تەنیا مانەوەیە لە خولی پلە یەك، بەڵام لە كۆیی ئەنجامدانی پێنج یاری دوو یاری دۆڕاندوە و یانەكە ئەمساڵ جیاواز دەركەوتووە و بەشی زۆری یاریزانەكانی خەڵكی شارەكەن و دەیانەوێ بە سەركردایەتی ڕاهێنەرێكی لاو بتوانن ئاست و ئەنجامی شایستە پێشكەش بكەن، لەم بارەشەوە ڕووداو جەمال ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێی یانەی كۆیە بۆ گۆڤاری گوڵان گوتی: ئەم وەرزە ئامانجمان تەنیا مانەوەیە لە خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، هەر چەندە ئێمە بە پێكهاتەیەكی تەواو یاریزانی لاو خۆمان بۆ ئەم وەرزە ئامادە كردبوو، یاریزانەكانمان زۆربەی خەڵكی شارەكەن و دەمانەوێ بەم یاریزانانە ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنین، لە بارەی گرفتەكانیش گوتی" گرفتی ئێمە گرفتی داراییە سەرجەم مووچەی یاریزانان بە ستافی ڕاهێنەرانیشەوە تەنیا مانگانە دە ملیۆن دینارە ئەوەش پارەیەكی ئاساییە، چەند یاریزانێكمان لە دەرەوەی شارەكە هێناوە بەڵام ئێمە ئامانجمان ئەوەیە لە یارییەكانی داهاتوو ئاستی باشتر پێشكەش بكەین، ڕاستە گرفتی داراییمان هەیە لە یانەكە، چونكە نەمانتوانیوە یاریزانی ئاست بەرز بهێنین خۆتان دەزانن پارەی زۆرتریان دەوێ، ئێستاش بەردەوامین لە یارییەكانی خۆمان لە خولی پلە یەك هەموو توانایەكی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانین ئەنجامی شایستە لە یارییەكانی داهاتوو بەدەست بهێنین و بچینە نێو كێبڕكێیەكانی ئەنجامی باشتر، لە یارییەكانیش زۆرجار گرفتی پێكان و یاری نەكردنی یاریزانانمان دەبین، ئامادەكاریش بۆ یارییەكانی داهاتوومان دەكەین.
