سنوورەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر: خوێندنەوەیەک بۆ بڕیاری (١١)ی ٢٠٢٦ى محمد شياع سودانى
پێشەکی لە سیستمە دەستوورییەکاندا، پرەنسیپی "بەردەوامیی دامەزراوە گشتییەکان" لە کاتی گواستنەوەی دەسەڵاتدا، تەنیا لە چەمکی "حکومەتی کاربەڕێکەر"دا (تصريف اعمال) کورت دەبێتەوە. کێشە یاساییەکە کاتێک سەرهەڵدەدات کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەم قۆناغەدا بڕیاری ستراتیژی دەربکات، وەک بڕیاری ژمارە (١١)ی ساڵی ٢٠٢٦، کە کارکردن بە چەند دەقێکی یاسایی لە وەزارەتەکاندا ڕادەگرێت.
دیدی دادگای فیدراڵی بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە بڕیاری (١٢١/فیدراڵی/٢٠٢٢)دا، سنووری دەسەڵاتەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری دیاری کردووە؛ تەنیا بۆی هەیە کارە ڕۆژانە و پێویستەکان ڕای بکات (Al-Fahdāwī, 2022). گرنگترین بڕیارە تەواوکارییەکانی تریش ئەمانەن:
١. بڕیاری (١٤٠/فیدراڵی/٢٠٢٢): قەدەغەکردنی ناردنی پڕۆژەیاساکان بۆ پەڕڵەمان. ٢. بڕیاری (١٤١/فیدراڵی/٢٠٢٢): قەدەغەکردنی واژۆکردنی گرێبەستە ستراتیژییەکان کە پابەندیی دارایی درێژخایەن بۆ دەوڵەت دروست دەکەن. ٣. بڕیاری (١٦٠/فیدراڵی/٢٠٢٢): ڕێگری لە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە میلاک و پلە باڵاکان، چونکە ئەمە ناچێتە خانەی "کاروباری ڕۆژانە". ٤. بڕیاری (١٥/فیدراڵی/٢٠١٠): جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کاربەڕێکەر تەنیا بۆی هەیە بڕیار لەو بابەتانە بدات کە دواخستنیان زیان بە بەرژەوەندیی گشتی دەگەیەنێت.
ڕەخنەی یاسایی لە بڕیاری (١١)ی ٢٠٢٦ ئەم بڕیارە بە دوو ئاڕاستە تووشی "لادانی دەستووری" بووە:
پێشێلکردنی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان: بڕیارەکە بە ڕاگرتنی مۆڵەتی خوێندن بۆ پێنج ساڵ، دەستکاریی "یاسای خزمەتی شارستانی" کردووە، ئەمەش پێشێلکردنی ماددەی (٨٠/سێیەم)ی دەستوورە؛ چونکە بڕیاری کارگێڕی نابێت دەقی یاسایی پەک بخات (Fayṣal, 2026).
تێپەڕاندنی سنووری کاربەڕێکەری: ڕاگرتنی خوێندن بۆ پێنج ساڵ، بڕیارێکی ستراتیژییە و پەیوەندی بە پەرەپێدانی مرۆیییەوە هەیە، نەک "کارێکی ڕۆژانە". لێرەدا بڕیارەکە تووشی عەیبەی "نەبوونی پسپۆڕیی بابەتانە" بووە (Hussein, 2023).
بەپێی ماددەی (٤٢/دووەم) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی وەزیران (٢)ی ساڵی ٢٠١٩، دەبێت دامەزراوەکان بە "ڕێکی و بەردەوامی" کار بکەن، نەک بە تووشی پەککەوتن ببن.
ئەنجام پێویستە لە ڕێگەی "دادگای قەزای کارگێڕی"یەوە تانە لەم بڕیارە بدرێت، هەروەها پەڕڵەمان بەپێی ماددەی (٦١/دووەم)ی دەستوور، بڕیارێکی یاسادانان بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم لادانە دەربکات.
سەرچاوەکان (References ):
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق (٢٠٢٢) بڕیاری ژمارە ١٤٠/فیدراڵی/٢٠٢٢ (قەدەغەکردنی ناردنی پڕۆژەیاسای بودجە). بەردەستە لە: بنکەی زانیاریی یاساییی عێراق.
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق (٢٠٢٢) بڕیاری ژمارە ١٤١/فیدراڵی/٢٠٢٢ (سنووردارکردنی گرێبەستە نێودەوڵەتییەکان لە کاتی کاربەڕێکەریدا).
دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق (٢٠٢٢) بڕیاری ژمارە ١٦٠/فیدراڵی/٢٠٢٢ (پەیوەست بە گۆڕانکاری لە پلە باڵاکان).
فەهداوی، م. (٢٠٢٢) دەسەڵاتی حکومەتی کاربەڕێکەر لە سیستەمی دەستووریی عێراقدا: لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری لەژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی. چاپی یەکەم. بەغدا: ناوەندی بڵاوکردنەوەی یاسایی.
Al-Fahdāwī, M. (2022) The Jurisdiction of the Caretaker Government in the Iraqi Constitutional System: A Commentary on Federal Court Decision No. 121. Baghdad: Legal Studies Center.
Fayṣal, G. (2026) Commentary on Council of Ministers Decision No. 11 of 2026 and the Separation of Powers. [Legal Memorandum].
Federal Supreme Court of Iraq (2022) Decision No. 121/Federal/2022 regarding the powers of the caretaker government. Available at: [Official Gazette].
Hussein, A. (2023) Administrative Law and the Nullity of Executive Decisions. 2nd edn. Erbil: University of Salahaddin Press.

سەنار شێرۆكی