ڕابەرایەتى بارزانى،، لۆژیک، ئاشتى ،داکۆکیکار بۆ دۆزى نەتەوە
ئاشکرایە ئەوەى لە دوێنى هۆشدار و بەرچاو روونى دەدرا بەو راستییەى دۆخى ناوچەکە و هاوکێشە سیاسى وسەربازییەکان خێران و دەبێ گەلى کورد زۆر ژیرانە و لۆژیکانە مامەڵە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان بکات تا هەم دەستکەوتەکانى پارێزراو بێت و هەمیشە خۆى لە ئاگر و گڕژییەکانى شەڕى جەمسەرکان بپارێزێت و لە کاتى پێوستیشدا سوود لەو دەرفەتانە وەربگرێت و لە بەرژوەندى ماف و پرسى نەتەوەکەى بەکاریان بێنێت بۆ قۆناغێکى باشتر
رووداوە و پێشهاتەکانى رابردوو و هەر لە سەر ئاستى باشوور بە هێرشى درۆنى و مووشەکى و هەوڵدان بۆ تێکدانى ئاسایشى نیشتیمانى وکۆمەڵایەتى و گێرە شێونییەکان تا باکوور و رۆژئاڤا و باکوورى کوردستان ، هەر لە کاتى سەردانەکەى سەرۆک بارزانى بۆ باکوورى کوردستان بگرە تا هێرش و پەلاماردانى کوردان لە هەردوو گەرەگەى شێخ مەقسوود ، ئەشرەفیە ، ئینجا خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکان لە رۆژهەڵاتى کوردستان ، لەوەش گرنگتر هەڵوێست و کاردانەوەى نەتەوەیی ونیشتیمانى پێشمەرگە ، رابەرى گەلى کورد و پەیامێکى روون بۆ هەموو ناوچەکە و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و هەموو پێکهاتە و ئایین و ئایینزاکانى سەلماند هەمیشە ئاشتى و دڵنییاییە و داکۆکیکارە بۆ دۆزى رەوانە نەتەوەکەى و بارەگاى بارزانى دڵنییاییە و لۆژیک و چارەسەرییە
ئەوەى دەرخەرى ئەو راستییەیە ، دۆزى کورد لە دەستێکى پارێزراو و متمانەپێکراوە لەناوچەکەدا ، ئەویش جەنابى سەرۆک مسعود بارزانییە ، هەر لە ساتەوەختى رووداو و پێشهاتەکانى سووریا و بەتایبەتى هەر دوو گەرەگە کوردنشتینەکەى شارى حەلەب سەرۆک بارزانى لە سەر هێڵ بوو لەگەڵ سەرۆکى سووریا و سەرکردە و دیپلۆماتکاران لەسەر ئاستى ناوچەیی و نێودەوڵەتى ، بەڕاشکاوى بە هەموویانى راگەیاندووە بەبێ چارەسەرى دۆزى کورد لە ناوچەکەدا ، ئاشتى و سەقامگیرى لە ناوچەکە نایەتەدى , ئەوەش دەرخەرى ئەو راستییەیە ، سەرۆک بارزانى ، هیچ سنوورێکى دەستکرد بۆ پارێزگاریکردن لە دۆزى کورد ناناسێت و مێژووى دوێنى و ئەمرۆش باشترین بەڵگەى حاشاهەڵنەگرن
لەگەڵ ئەوەشدا خودى سەرکردەى وڵاتانى ناوچەکە و ئەوانەى کوردیان پێوە لکێنراوە و تێیدایە باش ئەو راستییە دەزانن نکۆلیکردن لە دۆز و بوونى کورد ئەستەمە ، چونکە گەلى کورد مێژووییەن و نەتەوەیین و جوگرافییاییەن ، نەتەوەیەکى ڕەسەنە ، هەر بۆیە سەرۆک بارزانى چە لە رووداو و پێشهاتەکان و چ بەشێوەیەکى ڕاستەو خۆ بە هەمووانى راگەیاندووە ، نابێت گەلى کورد پەراوێز بخرێت و بەبێ ڕۆڵ و بوونى کورد سەقامگیرى و ئاشتى لە ناوچەکەدا نایەتەدى ، لەگەڵ ئەوەشدا هەر جۆرە هەڵوێست و بڕیارێکى تاک لایەنەى سیاسى بەرامبەر بە کورد و بەتایبەتى سەرۆک بارزانى ، ناوچەکە ڕووبەرووى شکست دەکاتەوە و ئاڵۆزى زیاتر بەدواى خۆیدا جێدەهڵێت ، بەو واتایەى سەردەمى پەراوێز خستنى گەلى کورد نەک تەنها لە سووریا بەڵکو لە هەموو ناوچەکە بەسەر چوونە و گەلى کورد خاوەن ماڵە و دەبێ هاوبەش بێت لە بڕیار و یەکسانى لە مافەکانى
لەوەش گرنگتر پەیامى سەرۆک بارزانى بۆ خەڵکى عەرەبى سووریا بوو وەک پەنابەر لە کوردستان کە چەند ساڵێک بوو بەهۆى گرژى و نائارامییەکان هانایان بۆ هەرێمى کوردستان هێنابوو , بۆیە پشتیوانى سەرۆک بارزانى سەلمێنەرە بە رۆحى پێکەوەژیان و ڕێگریکردن لە گرژى و ئاڵۆزى نەتەوەکە نەک لە کوردستان بەڵکو لە هەموو ناوچەکە بەتایبەتى لە نێوان کورد و عەرەب ، چونکە ئەوەى بە سەر کورد دا لەلایەن دەسەڵاتە فاشیزیمەکان لەناوچەکە دا بەتایبەتى لە عێراق و سووریا هێنراوە تاوانى هاووڵاتییەکى عەرەب نییە ، بەڵکو زێهینیەتى دیکتاتۆرى سیاسییەکانیانە ، ناکرێت خەڵکى سڤیل جاەکەى بداتەوە ، کورد نەتەوەیەکى ڕەسەنە هەمیشە نیشتیمانەکەى وەک دوورگەیەکى ئارام بووە بۆ هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاکان و کوردستانیش هەمیشە وەک رەمزى پێکەوەژیان لە ناوچەکە و دونیا دەمێنێتەوە
ئەو ڕێباز و قوتابخانەیە ، هەڵگرى میراتێکى گرانبەهایە ، سەرۆک بارزانى پارێزگارى و رژدە لەسەر ئەوەى لە کوردستان هیچ کەس ڕووبەڕووى ستەمکارى نەبێتەوە ، وێراى ئەوەى ڕژێمە یەک لەدواى یەکە ستەمکارەکانى ناوچەکە بە عەرەب و تورک و فارسەوە بەدرێژایی مێژوو هەوڵى سڕینەوەى کوردوکوردستانیان داوە لەسەر نەخشەى ناوچەکەدا ؛ بەڵام گەلى کورد زۆر بە لێبوردەیی مامەڵەى کردووە و ئەم هەڵوێست و رابەرایەتیکردنى بارزانى وەک هەمیشە خەسڵەت و رەفتارى مەردانە و کوردانەى کوردى پیشانى هەموو ناوچەکە ودونیادا بەوەى کوردوبارزانى چەندە بەرزن وەک لووتکەى چیاکانى کوردستان ؛ سەرۆک بارزانى ، بۆ هەتا هەتایە وەک رابەرێکى نەتەوەیی لە نێو دڵى هەموو کورد بەزیندوویی دەمێنێتەوە و کوردستانیش بە هیچ ئاستەنگ و کۆسپێک ناوەستێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانى

رێبوار حەمەلاو شوانی