ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییە تانکەرێکی ڕووسیدا گرت کە پەیوەندی بە ڤەنزوێلاوە هەیە
میدیا نێودەوڵەتییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئاڵای ڕووسیادا گرتووە کە پەیوەندی بە ڤەنزوێلاوە هەبووە.
ڕۆیتەرز ڕۆژی چوارشەممە 7 / 1 /2026، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: کە ئەمریکا دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئاڵای ڕووسیادا گرتووە کە بەرەو ڤەنزوێلا دەڕۆیشت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تانکەری مارینێرا دوای ئەوەی ڕەتیکردەوە پشکنینی ئەمەریکا و هەڵکردنی ئاڵای ڕووسیا، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکاوە ڕاگیرا.
ئەم کارە دوای دوو هەفتە ڕاوکردن بەسەر زەریای ئەتڵەسیدا ڕوویدا.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بوونی ژێردەریایی و کەشتییە ڕووسییەکان لە نزیک ئەو تانکەرە نیگەرانییەکانی زیاتر لە بەرزبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ زیادکردووە.
هەروەها پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا تانکەرێکی دیکەی هەڵگری نەوتی ڤەنزوێلا لە نزیک کەناراوەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکای باشوور ڕاگرتووە.
ئەمە چوارەم دەستبەسەرداگرتنی تانکەرەکانی پەیوەست بە ڤەنزوێلایە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ڕووسیا بە هۆی کێشەکانی ڤەنزوێلا و شەڕی ئۆکرانیا بە ئاڵۆزی ماونەتەوە.
گوڵان: سەردار خەلیل
