پەیامى سکرتێرى گشتیى YNDK سەبارەت بە دەستدرێژیکاران بۆ سەر کوردانى حەلەب

پەیامى سکرتێرى گشتیى YNDK سەبارەت بە دەستدرێژیکاران بۆ سەر کوردانى حەلەب

 

 

 - جەماوەرى وڵاتپارێزو خۆڕاگرى کوردستان ...

 - هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستانى مەزن ...

 - کەس و کارو بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانى کوردستان ...

بە ئامانجگرتن و هێرشکردنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانى حەلەب لەلایەن چەتە تیرۆریستەکانى ئەبو محەممەد جۆلانى و چەتەو بەکرێگیراوانى رژێمى داگیرکەرى تورکیا، کەوا چەند رۆژێکە بەردەوامەو ژمارەیەک کورد شەهید و بریندار بوون، کارێکى تیرۆریستى ترسنۆکانەو پیلانێکى گڵاوە، تیرۆریستان ئامانجیان ئاوارەکردن و دەربەدەرکردنى کوردانى وڵاپارێزى حەلەب و دواتریش هێرشکردنە سەر شارو شارۆچکەو گوندەکانى رۆژئاواى کوردستان و تێکدانى رەوشى ئاسایش و ئارامى رۆژئاواى کوردستانە، بەتوندترین شێوە ئەو هێرشانەى تیرۆریستان و چەتە و بەکرێگیراوان ئیدانەو شەرمەزار دەکەین و، سەرخۆشى گەرمى خۆمان ئاراستەى ماڵباتى شەهیدان دەکەین و هیواى زووچاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.

  چەتە تیرۆریستەکانى ئەبو محەممەد جۆلانى کەوا لەژێر ناوى بەناو (حکومەتى راگوزەرى سوریا) کاردەکەن، دەمێکە بە هاوکارى رژێمى داگیرکەرى تورکیا لە پیلانگێڕاندان لە دژى رۆژئاواى کوردستان، بێگومان رووبەڕووبوونەوەى پیلانى گڵاوى تیرۆریستان و دوژمنان و ناحەزان پێویستى بە یەکڕیزى و یەکدەنگى تەواوى لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانى گەلى کوردستانە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات هەموو لایەکمان لە رۆژئاواى کوردستان خاوەن دەرکەوین و بۆ یەکڕیزى و هاوهەڵویستى نەتەوەیى کاربکەین ، ئەم رەوشەى ئێستاى کوردستان لە هەموو لایەکمان دەخوازێت کەوا بەرژەوەندى نەتەوەیى و نیشتمانى لەبەر چاو بگرین و وەک کوردستانییەک و دوور لە بەرژەوەندى حزبى مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا بکەین.

 ئەو رەوشەى کەوا رووبەڕووى کوردانى حەلەب بۆتەوە لەهەموو لایەکمان دەخوازێت بێدەنگ نەمێنین و هەموو هەولێكمان بخەینەگەڕ و هەموو رێگایەك بگرینەبەر و فشاری مەدەنییانە دروستبكەین بۆئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهانای (کوردانى حەلەب)ەوە بێن و لەو مەرگەساتە چاوەڕوانکراوەدا رزگاریان بكەن.

 لێرەوە بانگ لە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و تەواوى رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کەوا بە هاناى (کوردانى حەلەب)ەوە بێن و بێدەنگ نەمێنن، ناكرێ‌ لەوێ‌ کوردان جینۆساید بکرێن و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتیش بێدەنگ و سەیرکەر بێت، بێدەنگبوونى نەتەوە یەکگرتووەکان UN و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بەرامبەر هەڕەشەو هێرشەکانى تیرۆریست و چەتەو بەکرێگیراوان بۆ سەر کوردانى حەلەب، پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەى جیهانى مافى مرۆڤ و تەواوى پرەنسیپ و بەها دیموکراتییەکان دەخاتە ژێر پرسیارو پوچیان دەکاتەوە، بۆیە ئەگەر کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى رێز لە مرۆڤ دەگرێت پێویستە مرۆڤى کوردستان لەو هەڕەشەو هێرش و مەترسییانە بپارێزێت کەوا رووبەڕوویان بۆتەوە.

 ئیمە وەکو یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK دژایەتیى خۆمان بۆ ئەو هێرش و پیلانانە رادەگەیەنین کە دەیانەوێت ئارامى و ئاسایشى کوردانى حەلەب و رۆژئاواى کوردستان تێکبدەن، هەروەها بۆ پاراستنى کوردانى حەلەب و دەسکەوتەکانى رۆژئاواى کوردستان ئامادەى هەر جۆرە هاوکارى و پیشتیوانییەکین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى کوردستان.

 - سەرکەوێ ئیرادەى هەقخوازانەى گەلى کوردستان .

- مردن و رووڕەشى بۆ تیرۆریست و چەتە و بەکرێگیراوو دوژمنان و ناحەزانى کوردستان.

 

 غەفوور مەخموورى

سکرتێرى گشتیى

یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK

 7 / 1 / 2026

Top