گــوتـــاری ســـەرۆک بارزانی لە خۆپێشاندانی فراوانی کوردستانیان لە شاری بۆن
سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بۆ کوردستانییانی دەرەوەی وڵات، وێڕای ستایشکردنی پشتیوانییان بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان، جەخت دەکاتەوە کە کورد پارێزەری مرۆڤایەتی بووە و ئێستا کاتی ئەوەیە مرۆڤایەتی پارێزەری کوردستان بێت، هەروەها داوای چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان لە سووریا دەکات.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
کوردستانییانی خۆشەویستئامادەبووانی بەڕێزخوشک و برایانی ئازیز
جێگەی شانازییە کە ئەمڕۆ لە شارەکانی وڵاتانی ئەورووپا، ژمارەیەکی زۆر لە ڕەوەندی کورد بە جۆش و خرۆشەوە و بە شێوەیەکی بێوێنە لە گردبوونەوەی ئاشتییانەدا، پشتیوانیی خوشک و برایانی خۆیان لە ڕۆژئاڤای کوردستان دەکەن.
ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ توانایی و زیندووێتیی ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات، ئەوەش دەسەلمێنێت کە نەوەی گەلەکەمان لە دەرەوەی وڵات، هەمیشە هێزێکی مەزن و ئامادە و یەکگرتووە، بۆ پشتیوانیکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان لە هەر بەشێکی کوردستان بێت. سڵاو و ڕێزی تایبەتی من، بۆ ئێوەی خۆشەویست هەیە... بەخێر بێن سەرچاوان.
لە دەستپێکی سەدەی بیستەمدا، خاکی کوردستان بە ناحەقی دابەش کرا، لەپاش ئەو دابەشکردنە، گەلی کوردستان ڕووبەڕووی کارەسات و نەهامەتی و ئازارێکی زۆر بووەوە. بەڵام ئەو بارودۆخە سەختەی کە بۆ گەلی کوردستان دروست بوو، نەبووە هۆکاری ئەوەی کە گەلەکەمان ئیرادەی خۆی لەدەست بدات و مافەکانی خۆی لەبیر بکات. بەپێچەوانەوە، گەلی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر و هۆشیارتر لەسەر خەباتی خۆی بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی خۆی بەردەوام بوو. لە ڕێگەی خەباتیشدا قوربانیی بێژماری داوە.
هەروەکی بەشەکانی دیکەی کوردستان، لە ڕۆژئاڤای کوردستانیش گەلی کورد خەباتێکی دوورودرێژی هەیە. تێکۆشەر و شۆڕشگێڕانی ڕۆژئاڤای کوردستان، ئازار و زیندان و دەربەدەری و ئاوارەییەکی زۆریان بینیوە. پاش خەباتێکی زۆر ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش بوونەوە، گەنجان و لاوانی گەلەکەمان بە ئازایەتیی خۆیان و بە خوێن و قوربانییان داعشـیان تێکشکاند و بوونە پارێزەری مرۆڤایەتی.
ئێستا گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان تووشی هەڕەشەیەکی نوێ و بارودۆخێکی ئاڵۆز و مەترسیدار بووەتەوە. ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەر کوردستانییەکە کە پشتیوانیی خوشک و برایانی خۆمان لە ڕۆژئاڤای کوردستان بین.
دەنگی هەر یەک لە ئێوە کاریگەریی خۆی لەسەر مۆراڵ و خۆڕاگریی گەلی کورد لە کوردستان و بەتایبەتی لە ڕۆژئاڤای کوردستان هەیە، پەیامێکیشە بۆ خەڵکی جیهان بۆ ئەوەی کە پشتیوانی لە داخوازی و مافە ڕەواکانی خوشک و برایانی ئێمە بکەن.
ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی ڕۆژئاوایە، کە شان بدەنە بەر بەرپرسیارێتیی خۆیان و ڕێگە نەدەن نەهامەتی و ئازارەکانی گەلەکەمان دووبارە ببنەوە. لە شەڕی داعشدا کورد پارێزەری مرۆڤایەتی بوون، ئێستا پێویستە مرۆڤایەتی پارێزەری کوردستان بن.
ئامادەبووانی ئازیز... کوردستانییانی خۆشەویست
خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ئێوە، نیشانەیەکی ڕوونی ئەو یەکدەنگییە نەتەوەییەیە کە لە ناخی کوردستانییانی دەرەوەی وڵاتدایە. ئەوەش ئەو ڕاستییە نیشان دەدات، کە جیاوازیی سنوورەکان و بیروڕای سیاسی، ناتوانن پەیوەندییە مێژوویی و نەتەوەییەکان لە ناخماندا لاواز و بێهێز بکەن. ئێمە یەک نەتەوەین، و یەک مێژوومان هەیە. یەک پاشەڕۆژیشمان هەیە، و لە خۆشی و نەخۆشییەکاندا هاوبەشین. کوردبوونی ئێمە لە سەرووی هەموو ئایدۆلۆژیایەکە. کوردبوون پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیانە، نەک تەنیا بۆ گەلەکەمان، بەڵکو بۆ گەلانی ناوچەکە و تەواوی جیهانیش.
من سوپاسی یەک بە یەکی ئێوەی ئازیز و ڕێکخەرانی ئەم گردبوونەوەیە و کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی دەکەم، سوپاسی هەموو کوردستانییانی دەرەوەی وڵات دەکەم، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە هیمەت و حەماسەیەکی زۆرەوە پاڵپشتیی خوشک و برایانی خۆیان لە ڕۆژئاڤا بوونە. دەستخۆشییتان لێ دەکەم، هەر ئەوەتان لێ چاوەڕوان دەکرێت. پێویستە ئەو پشتیوانییکردنە لە چوارچێوەی شێوازە ئاشتییانە و ڕێکارە مەدەنییەکاندا هەر بەردەوام بن.
داواکاریی من ئەوەیە کە لە کۆبوونەوەکانتاندا، لە مەراسیم و خۆپیشاندانەکاندا، بە تەواوی پابەندی بەها بەرزەکانی گەلەکەمان بن، و پابەندی یاسا و ڕێسای ئەو وڵاتانە بن کە تێیدا دەژین. بە هەموو شێوەیەک خۆتان لە ئاژاوە و گرژی و توندوتیژی بەدوور بگرن. گەلی کوردستان کێشەی لەگەڵ سیاسەتی حکومەت و ڕژێمەکان هەیە، و هیچ کێشەیەکی لەگەڵ نەتەوەکان نییە، دەبێت هەموو ئاگاداری ئەوە بن، نابێت ڕق و کێشە لەنێوان کورد و نەتەوەکانی دیکەدا دروست ببێت. پەیامی گەلی کوردستان پەیامی ئاشتی و مرۆڤدۆستی و پێکەوەژیانە.
هەروەها لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە داوا لە حکومەتی سووریا و هێزەکانی هەسەدە بکەم کە لەسەر ئاگربەستی نێوانیان بەردەوام بن. بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی خۆیان، پشت بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن ببەستن و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نەدرێت کە گرفت و کێشە سیاسییەکان ببنە هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکی و کێشەی نەتەوەیی لەنێوان کورد و عەرەبان.
هەروەها بۆ گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری، پێویستە لە کۆتاییدا کۆتایی بە ئازارەکانی گەلی کورد و هەوڵی تواندنەوە (تۆنەکرنا)یان بهێنرێت و لە پاشەڕۆژی سووریادا مافە سیاسی و مەدەنی و نیشتمانییەکانی گەلی کورد لە دەستووردا گەرەنتی بکرێن.
لە کۆتاییدا ئەو چەندە دووپات دەکەمەوە، کە دەبێت ئێمە هەموومان پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان بەهێز بکەین، و دەبێت هەمیشە ئومێد بە پاشەڕۆژێکی گەش بۆ گەلی کوردستانمان هەبێت.
دیسان بەخێرهاتنەوەتان دەکەم، بەخێر بێن سەرچاوان.بژی کورد، بژی کوردستان
مەسعود بارزانی31ـی کانوونی دووەمی 2026
