محەمەد دزەیی سەرۆكی تیپی هونەری میللیی كەركووك:یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی تیپی هونەری میللیی كەركووك ئەوەیە كە گوزارشت لە گشت پێكهاتەكانی شارەكە دەكات

محەمەد دزەیی سەرۆكی تیپی هونەری میللیی كەركووك:یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی تیپی هونەری میللیی كەركووك ئەوەیە كە گوزارشت لە گشت پێكهاتەكانی شارەكە دەكات

تیپی هونەری میللیی كەركووك لە ساڵی ٢٠٠٤ وەك تیپێكی سەربەخۆ دامەزرا و وەك یەكێك لە گرنگترین ناوەندە كلتووری و هونەرییەكان لە شاری كەركووك سەری هەڵدا. ئەم تیپە لەسەر بنەمای پاراستن و گەشەپێدانی هونەری ڕەسەنی میللی دامەزراوە، بەتایبەتی لە بوارەكانی سەمای فۆلكلۆر و مۆسیقای نەتەوەیی، بۆ ئاشنابوونی زیاتر بەم تیپە میللییە، گوڵان دیمانیەكی لەگەڵ هونەرمەند محەمەد دزەیی سەرۆكی تیپەكە ئەنجام دا.

*سەرەتا، چۆن بیرۆكەی دامەزراندنی تیپێكی هەڵپەڕكێ لە كەركووكی فرەڕەنگدا دروست بوو، ئامانجی سەرەكی لە دروستكردنی ئەم تیپە چی بوو؟

-من وەك خۆم خولیای هونەرم هەبوو، ئیتر لە ڕێگەی ئەو بوارە هونەرییەی كە خۆم هەڵمبژاردبوو، بەڕێز مامۆستا نەجات حەسەن، كە بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، هاوكاریی منی كرد و پاڵپشتم بوون. منیش ئەو گرووپەم لە 4/4/2004 وەك تیپێكی هونەریی سەربەخۆ دامەزراند، بەم شێوەیە بەردەوام بووین تا ڕۆژی 10/10/2025 و دواتر گۆڕا بۆ تیپی هونەری میللیی كەركووك و مۆڵەتی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكومەتی فیدڕاڵی وەرگرتووە.

محەمەد دزەیی سەرۆكی تیپی هونەری میللیی كەركووك:یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی تیپی هونەری میللیی كەركووك ئەوەیە كە گوزارشت لە گشت پێكهاتەكانی شارەكە دەكات

*بە لەبەرچاوگرتنی سرووشتی فرەنەتەوەیی كەركووك، ئەندامانی تیپەكەتان لە چەند نەتەوەی جیاواز (وەك كورد، عەرەب، توركمان، و كلدۆئاشووری) پێك هاتووە، دەكرێ باسێكی ئەوەش بكەیت؟

-بەڵێ، ئێمە لە (كورد، عەرەب، توركمان، و كلدۆئاشووری) پێك هاتووین، تایبەتمەندیی هەرە دیاری تیپی هونەری میللیی كەركووك، ڕۆڵە كاریگەرەكەیەتی لە گوزارشتكردن لە پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی شارەكە. لە شاری كەركووكی فرەنەتەوە و فرەئاییندا ئەم تیپە بووەتە سەكۆیەكی هونەری بۆ كۆكردنەوەی گەنجانی كورد، عەرەب، توركمان و پێكهاتەكانی دیكە، كە بە هەماهەنگی و یەكدەنگی نمایشەكانیان پێشكەش دەكەن.

*چۆن توانیوتانە هاوسەنگی و هاوئاهەنگی دروست بكەن لە نێوان كەلتوور و هەڵپەڕكێی نەتەوە جیاوازەكانی نێو تیپەكەدا؟

-بە هاوكاریی مامۆستاكانم، یەكەم مامۆستای گرووپی هەڵپەڕكێ لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٦ مامۆستا ئاراس حەسەن بوو، لە دوای ئەو بوو بە مامۆستا ئالان ئازاد و لە دوای ئەویش خوا لێی خۆش بێت، مامۆستا هاوكار عومەر بوو. ئەو بەشەی كە ئەو هەڵی گرتبوو درایە مامۆستا محەمەد تاریق، مامۆستا محەمەدیش لەبەر ئەوەی گرووپەكەمان لە هەر چوار نەتەوە پێك هاتووە، پەرەی پێ دا و محەمەد فوئادی كرد بە یاریدەدەری خۆی، خۆشبەختانە تا ئێستا كارەكانمان بەردەوامە. تیپی ئێمە بەگشتی لە ٧٥ كچ و ٧٥ كوڕ پێكهاتووە لە هەر چوار نەتەوەكە. ئەو ٧٥ كوڕ و كچە پێك هاتوون لە بەشی هەڵپەڕكێی هەر چوار نەتەوەكە، كە هەر نەتەوەیەك بە جلوبەرگی خۆیەوە كار دەكات، جگە لە هەڵپەڕكێ چالاكیی دیكەشمان هەیە وەك: شانۆ، مۆسیقا، كۆرس.

محەمەد دزەیی سەرۆكی تیپی هونەری میللیی كەركووك:یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی تیپی هونەری میللیی كەركووك ئەوەیە كە گوزارشت لە گشت پێكهاتەكانی شارەكە دەكات

*ئەو تابلۆ و سەمایانەی كە تیپەكەتان پێشكەشی دەكات، زیاتر هی كام نەتەوە و كەلتوورن، ئایا بە تەنیا هەڵپەڕكێی كوردی پێشكەش دەكەن، یان سەمای نەتەوەكانی تریش دەگرێتەوە؟

-لەم تیپەدا فۆلكلۆری هەر نەتەوەیەك بەشێوەیەكی تایبەت نمایش دەكرێت، بەڵام بە شێوازێك كە وێنەیەكی گشتی و یەكگرتوو لە پەیوەندی و برایەتیی نێوان خەڵكی كەركووك دەخاتە ڕوو. جلوبەرگە نەریتییە جۆراوجۆرەكان، هەڵپەڕكێی میللی و گۆرانییەكان، بەڵگەن بۆ ئەو فرەیی و دەوڵەمەندییە كلتوورییەی كە كەركووكی پێ ناسراوە.

سەرەڕای ئەو ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییانەی كە شارەكە بەخۆیەوە بینیویەتی، تیپی هونەری میللی كەركووك بەردەوام بووە لە چالاكییەكانی، چ لە ناوخۆی كەركووك و چ لە بۆنە نیشتمانییەكان، و هەمیشە هەوڵی داوە كە هونەر بكاتە پردێك بۆ تێپەڕاندنی ناكۆكییەكان و جەختكردنەوە لەسەر بەها هاوبەشەكانی مرۆڤایەتی و یەكڕیزی.

*ئایا جگە لە هەڵپەڕكێی ڕەسەن و فۆلكلۆری، هەوڵی داهێنان و پێشكەشكردنی سەمای نوێ، یان تێكەڵكراویش دەدەن؟

-بەڵێ، لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی بابەتی تازەین كە لە دەرەوەی وڵات پێشكەشی بكەین.

*كێ هاوكاریی ئەم تیپە دەكات؟

-لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاس و پێزانینم ئاراستەی ئەم كەسانە بكەم كە بەردەوام هاوكارمان بوون لەوانە «بەڕێزان شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كاك دلێر تاهیر، كە هەمیشە خەمخۆر و هاوكاری تیپەكەمان بووە، پارێزگاری كەركووك، عەبدوڵڵا میروەیس، فەرهەنگ غەفور، هیمداد لەشكری» ئەم بەڕێزانە هاوكارمان بوون كە ئێمە ببین بە تیپی هونەریی میللیی كەركووك.

*تا ئێستا تیپەكەتان لە چەند فێستیڤاڵ یان بۆنەی ناوخۆییدا (لە كەركووك و ناوچەكانی تری كوردستان/عێراق) بەشداریی كردووە؟

-لە چەندین پارێزگای عێراق و كوردستانی عێراق بەشداریمان كردووە.

*ئایا تیپی هەڵپەڕكێی كەركووك بەشداریی لە فێستیڤاڵ و بۆنەكانی دەرەوەی وڵاتیشدا كردووە، ئەگەر بەشدارییان كردبێت، گرنگترینیان كامانە بوون؟

-لە وڵاتی توركیا لەبەر ئەوەی ئێمە ئاڵای كوردستانمان بەرز ڕاگرت، ئەوان ڕێگرییان كرد لەوەی كە ئێمە نمایش بكەین، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە نمایشی خۆمان ئەنجام دا.

Top