ئەندازیار زەردەشت عەبدوالخالق سەرسام بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر بۆ گوڵان: - لە شاری هەولێر بەدرێژیی زیاتر لە(3) ملیۆن مەتر ئاوەڕۆی قەبارە جیا جیا هەیە لە(7)دەرچەوە دەگەنە دەرەوەی شارو كارگەی ڕیسایكلینی ئاوی قورسی هەولێر

ئەندازیار زەردەشت عەبدوالخالق سەرسام بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر بۆ گوڵان: - لە شاری هەولێر بەدرێژیی زیاتر لە(3) ملیۆن مەتر ئاوەڕۆی قەبارە جیا جیا هەیە لە(7)دەرچەوە دەگەنە دەرەوەی شارو كارگەی ڕیسایكلینی ئاوی قورسی هەولێر

 

 

- بۆ بەرەنگاربوونەوەی لافاوو زیاتر جوانكردن و بەشارستانیكردنی شاری هەولێر لەسەر ڕاسپاردە و چاودێریی ڕێزدار مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین پڕۆژەی ئاوەڕۆی ستراتیژی و قەبارە جۆراوجۆر جێبەجێكراون

 

- پڕۆژەی ئاوەڕۆی ئاوەی قوڕسی هەولێر وەكو هەنگاوی یەكەم كارگەی چارەسەركردنەكەی لە(16/11/2025)لەلایەن سەرۆكی كابینەی نۆیەمی هەرێمی كوردستان بەردی بناغەی دانرا

 

- لەو گوند و ستیانەی لە ڕێگای وەبەرهێنانەوە دروستكراون تا ئێستا(27)شوێن وێستگەی چارەسەری ئاوی قورسیان داناوە و ستی و گوندەكانی دیكەش وێستگەكانیان لەژێر جێبەجێكردانن

 

هەموو شارو شارۆچكە و شوێنێكی نیشتەجێبوون پێویستی بە ئاوەڕۆ هەیە چ بۆ جوانی و ڕووی شارستانی چ بۆ پاراستنی شوێنەكە لە ئاوی پیس و بەرەنگاربوونەوەی لافاو، بێگومان شاری هەولێر یەكێكە لەو شارانەی لە ڕابردوو كەمترین درێژیی ئاوەڕۆی هەبووە، بەڵام لە دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە كارو بەرنامەو پلانی تۆكمە و بەردەوامی بۆ دروستكردنی ئاوەڕۆ لە ناو گەڕەك و شەقام و سەنتەری شار بۆ دانراوە و ژمارەیەكی زۆر لە شەقام و گەڕەكەكانی شاری هەولێر ئاوەڕۆی ستراتیژی و قەبارە جۆراوجۆیان بۆ كراوە، هەموو ئەو كارانە وایان كردووە، كە ئێستا هەولێر بەگشتی(3)ملیۆن مەتر درێژیی ئاوەڕۆی هەیە و هەر لەو كابینەیەش بە هەوڵی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كارگەی ڕیسایكلینی ئاوی قورسی هەولێریش بەردی بناغەی بۆ دابنرێت، وەكو گوڵان، بۆ وردەكاری زیاتر و كاریگەریی دروستكردنی ئەو ئاوەڕۆیانە بۆ كەمكردنەوەی مەترسیی لافاو دیمانەیەكمان لەگەڵ ئەندازیار زەردەشت عەبدولخالق سەرسام بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی هەولێر ئەنجامدا. 

·      ئایا ئەو پڕۆژە ستراتیژیی ئاوەڕۆیانە چین، كە لە كابینەی نۆیەمدا لە شاری هەولێر جێبەجێكراون، كە بوونەتە هۆكاری ئەوەی ڕێگری لە لافاو و كۆبونەوەی ئاو لەناو گەڕەك و سەنتەری شار بگرێت؟

-       ڕۆژانە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر بەتایبەتی پێش وەرزی بارانبارین و زستان چەپەرو مەنهۆڵ و دەرچەی ئاوەڕۆیەكانی ناو گەڕەك و شەقام و سەنتەری شار پاك دەكرێتەوە و لە هەر شوێنێك كێشەو گرفت بەتایبەتی تەكنیكیەكان هەبێت چارەسەریان دەكەین و، دەتوانین بڵێین لەو كارو هەڵمەتانەی بۆ پاككردنەوەی ئاوەڕۆ ئەنجامدراون، لەم ساڵەدا لەگەڵ دەستپێكردنی بەرنامەی پاككردنەوەی ئاوەڕۆیەكان، ڕۆژانە زیاتر لە(20) تەن زبڵ و پاشماوە و تەنی نامۆ وەكو بلۆك و بەڕە و كومبار و تایەی ئۆتۆمبیڵ و . . .تاد، لە ناو مەنهۆڵ و چەپەر و ئاوەڕۆیەكان دەرهێنراوە، هاوكات بۆ زیاتر بەرەنگاربوونەوە و كەمكردنەوەی مەترسی و كاریگەریی لافاو، ساڵانە بەتایبەتی پێش هاتنی وەرزی بارانبارین و زستان ئەو كارانە و پاككردنەوەی ڕێڕەوی كەندە سروشتییەكان ئەنجام دەدەین تاوەكو ئاوی باران و كاریگەریەكانی نەبێتە هۆی كۆبوونەوە و گلدانەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، لە لایەكی دیكەوە لە دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمەوە گرنگیی زۆر و بایەخدار بە سێكتەری ئاوو ئاوەڕۆ درا و لە بواری ئاوەڕۆ چەندین پڕۆژەی گەورە و بەرچاو لە ناو شارو گەڕەكەكانی شاری هەولێر جێبەجێكران، كە بوونە هۆی ئەوەی شاری هەولێر بەگشتی لە مەترسیی لافاو بپارێزرێت و، ژمارەیەكی زۆر لە پڕۆژەی ئاوەڕۆ لە ساڵانی 2021 و 2022 و 2023 و 2024 و 2025 لەناو شاری هەولێر جێبەجێكراون، كە ئەو پڕۆژانەی هەولێری زیاتر بەرەو ئارامی و دوور لە لافاو برد، بەڵام وەكو خستنەڕوو بۆ هاووڵاتیان لە ساڵی 2025 زۆر پڕۆژەی ئاوەڕۆ بۆ شاری هەولێر جێبەجێكراوەن، كە تەنیا ئەو كارو پڕۆژانەی لەسەر بودجەی ئاسایی و تەنگەتاوی و بەرەنگاربوونەوەی لافاو خەرجكراوە(دووملیارو سێ سەد ملیۆن دینار) بوو كە ئەو بڕە پارەیەش بە گوژمەی جیا جیا بۆ هەولێر تەرخان كرابوو، لەوانە پڕۆژەی ئاوەڕۆی سندوقی بوو، بە درێژیی(460)مەتر و ئاوەڕۆی لوولەیی بە قەبارەی جیا جیا بە درێژیی(7500) مەتر و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆ بە قەبارەی جۆراوجۆر بە درێژیی(4600) مەترو دروستكردنی(180) مەنهۆڵ بە قەبارەی جیا جیا و دروستكردنی چەپەری وەرگرتنی ئاو زیاتر لە(400)دانە و خاوێنكردنەوەی حەوزی ئاوی وێستگەی ژێر پردەكانی ناو شار كە ساڵانە قوڕ و لیتە دەچێتە ناویان كە زۆر پێویست و گرنگە پێش بارانبارین پاك بكرێنەوە، هاوكات پشكنین بۆ ماتۆڕ و پەمپی ژێر پردەكانیش كراوە و، یەكێك لە كارەكانی دیكەمان لەم ساڵەدا پاككردنەوەی ئەو ئاوەڕۆ سندوقییەی تەیراوەیە، كە لە كۆڵانی زرارییان دێتە خوار بە درێژیی(500) مەتر كە نزیكەی(80) گەڵابە زبڵ و پاشماوەی تێدا دەرهێنرا و گوازرایەوە،  كە هەموو ئەوانە بۆ ئەوە بووە كە كاریگەری و ڕێژەی زۆری بارانبارین نەبێتە هۆی كۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو وەكو لە وەرزی بارانبارین و زستانی ئەم ساڵ، كە دیتمان تا ئێستا هیچ جۆرە كێشە و گرفت و كۆبوونەوەی ئاو لە ناو گەڕەك و سەنتەری شاری هەولێر ڕووینەداوە، كارو بەرنامە لە لایەن حكومەتی هەرێم بۆ زیاتركردن و باشتركردنی ئاوەڕۆ بەردەوامە و یەكێك لەو پڕۆژە ستراتیژیانەی كە ڕەزامەندی و دەرخستەی بۆ كراوە كە ئاوەڕۆیەكی بەرفران و ستراتیژی لە شەقامی(40)مەتری لە بازاڕی لەنگەوە دێتەوە ناو گەڕەكی گڵكەند و لەوێشەوە بۆ(60)مەتری و درێژدەبێتەوە بۆ ژێر پردی سیداوە تا دەگاتە سایلۆی سەر شەقامی(60) مەتری كە ئەو پڕۆژەیەی ئاوەڕۆیە سندوقیە و كێشەیەكی گەورەو بنەڕەی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر چارەسەر دەكات ، چونكە ئەوە ڕێڕەوی كەندی شاری هەولێرە و شادەماری ئاوەڕۆی شاری هەولێر دەگرێتەوە كە ئەو پڕۆژەیە پێویستی بە (17)ملیار دینارە.

·      ئایا ئەو پڕۆژەو كارانەی بۆ زیاتر جوانكردن و پاراستنی شاری هەولێر لە ڕووی ئاوەڕۆوە لە بەرنامە و پلانە چین؟

-       شاری هەولێر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرفرەوانی و ئاوەدانی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت، بۆیە لەلایەن ڕێزدار مسرور بارازنی سەرۆكی حكومەتی كوردستان پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان هەموو كات چاویان لەسەرە و دەخرێنە ڕێزی پێشەوەی كار و پڕۆژەكان، بەتایبەتی ئاو و ، لە ڕووی ئاوەڕۆوە لە ماستەرپلانێكی زانستی و ورد و شارستانی، چەندین پڕۆژەی ئاوەڕۆ بەتایبەتی بۆ ئەو گەڕەك و ئەو شوێنانەی پێویستن خراوەتەڕوو و هەر پڕۆژە و كارێكیش دەرخستە و بوودجەی تایبەت بەخۆی هەیە، بەپێی توانا و دابینكردنی پارە، پڕۆژەی ئاوەڕۆیەكان لە شاری هەولێر لە ساڵانی داهاتوو بەردەوامی دەبێت و شوێنێك نامێنێت كێشەی نەبوونی ئاوەڕۆ و كۆبوونەوەی ئاوی هەبێت، كە ئەمەش بەدواداچوون و جەختی بەردەوامی جەنابی سەرۆكی حكومەتی  هەرێمی كوردستانی لەسەرە. بێگومان چەندین پڕۆژەی ئاوەڕۆ هەیە لەبەر قەیرانی دارایی نەتوانراوە جێبەجێ بكرێت، بەڵام بە ئومێدی ئەوەین، كە لەو پڕۆژانە(16)ن، كۆمپانیا و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ ئەگەر بە قەرزیش بێت بتوانن جێبەجێیان بكەن، هەروەها ئێستا پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆی سندوقیی ستراتیژی لە ژێر كاركردنە كە لە شەقامی كەركووك لە نزیك شوقەكانی شەهیدان و گردەڕەشەی گەورە كە درێژ دەبێتەوە بۆ كەندی قەتەوی كە بودجەی تەرخانكراوی (شەش ملیار و دووسەد ملیۆن) دینارە كە درێژیی ئەو ئاوەڕۆیە نزیكەی (4) كیلۆمەترە كە ئەو پڕۆژەیە ئاوشۆڕكردنی گەڕەكی ژیان و شوقەكانی شەهیدان و تۆبزاوەی ئەحمەد و هەموو ئەو ڕووبەروو دەوروپشتەی كە دەكەونە نزیك ئەو ئاوەڕۆ سندوقییە گەورەیە ڕزگار دەكات، كە بەو پڕۆژەیە ئەو گەڕەك و ناوچانە لە لافاو دەپارێزێت، هاوكات ئاوەڕۆی سندوقی (2بە2) كە لە نزیك شەقامی (120) مەتری لەنزیك كەرتی 108)عەنكاوە، كە لە ساڵی 2014خراوتە كار، بەڵام كۆمپانیاكە نەیتوانی تەواوی بكات، ئەوە ئێستا ئێمە توانیمان بەدرێژیی(637) مەتر ئەو ئاوەڕۆیە جێبەجێ بكەین، لە لایەكی دیكە پڕۆژەی ئاوەڕۆیەكی ستراتیژی بۆ ئەو شەقامی (60) مەتریەی كە لەنێوان شەقامی (120) مەتری و (150) مەتری دروست دەكرێت بە درێژیی شەقامەكە كە بەشێكی ئاوەڕۆیەكە (2.5بە 2.5) مەترە بەدرێژیی(2400)مەتر، ئەو بەشەی ئاوەڕۆیە شاویس و پیرزین و دەوروبەرەكەی لە ڕووی ئاوەڕۆوە ڕزگار دەكات و، سێ ئاوبەری سندوقی(2بە2) بەدرێژیی(210) مەتر لە پڕۆژەكەدا هەیە، كە ئەو بەشی پڕۆژەیە لە ئێستادا جێبەجێكراوە و چەند بەشی دیكە لەو پڕۆژەی ئاوەڕۆیە تەواوكراون، بەتایبەتی بەدرێژیی شەقامەكە ئاوبەر و ئاوڕێژەكان هەیە كە ئەو پڕۆژەی ئاوەڕۆیە بەلای گوندی ئارام دادەچێت و گوژمەی(16)ملیار دینارە.

·      ئایا پڕۆژەی كارگەی ڕیسایكلینی ئاوی قورسی هەولێر بەچی گەیشتووە؟

-       پڕۆژەی كارگەی ڕیسكلینی ئاوەڕۆی قورسی شاری هەولێر، كە پڕۆژەیەكی زۆر گرنگ و ستراتیژییە و خەونی چەند ساڵەی خەڵكی شاری هەولێرە لە كابینەی نۆیەمدا لە لایەن جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگی پێدراوە و كارو هەوڵێكی زۆر و بەردەوامی بۆ كردووە، كە ئەمەش وایكرد لە(16/11/2025) بەردی بناغەی بۆ دانا، هاوكات دەبێت ئێمە بزانین لە شاری هەولێر ژمارەیەكی زۆر ئاوەڕۆی تیرە و قەبارەی جۆراو جۆر هەیە، كە لە ئێستادا درێژیی هەموو ئەو ئاوەڕۆیانەی هەیە زیاتر لە (3) ملیۆن مەترە كە هەموو ئەو ئاوەڕۆیانە لە هەولێر بە (7) دەرچە دەردەچێت بۆ دەرەوەی شار، لەگەڵ پڕۆژەی كارگەی ڕیسایكلینەكە هەموو ئەو دەرچانە ژێرخاك دەخرێن و دەگەینرێنە كارگەی چارەسەركردنەكە و، كارگەكە تا(30) ساڵ خزمەت بە شاری هەولێر دەكات كە بڕی ئەو ئاوەی چارەسەری دەكات لە پشتێنەی سەوز و پارك و باخچەكان و چەندین بواری دیكە، دەتوانرێت بەكاربهێنرێت و لەو كاتەی هەموو قۆناغەكانی پڕۆژەی كارگەكە تەواو دەبێت كە(16) بەشە ئەوە ڕۆژانە دەتوانێت بڕی(840)هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ ئاودانی سەوزایی و پارك و هەندێ كارگەی پیشەسازی بەرهەم بێنیت و ئەو بەشی كارگەی ڕیسایكلینەی ئێستا دەبێت كاری لەسەر بكرێت، (4) بەشی  لە(16) بەشەكە لە لایەن كۆمپانیا ناوخۆیەكە و بەشێكیشی لە لایەن جایكاوە، واتە بە هەردوو لا(5) بەشی لە(16)بەشەكە جێبەجێ دەكەن، كە لەو قۆناغەدا بە هەر دوو لا بڕی زیاتر لە(262)هەزار مەتر سێجا ئاو پاك دەكەنەوە، بێگومان ئەو بەشەی كۆمپانیا ناوخۆیەكە جێبەجێی دەكات لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕی(580) ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانكراوە و، بەشەكەی جایكاش كە لەسەر قەرزی وڵاتی ژاپۆنە بڕی(195) ملیۆن دۆلاری بۆ دانراوە و ئەو پڕۆژەیە لە قۆناغی سەرەتایی ئەنجامدانە.   

·      وەكو لە هەموو لایەك ئاشكرایە لە سنووری ماسستەرپلانی شاری هەولێر چەندین گوند و ستیی نیشتەجێبوون دروستكراون و ئاوەدانن، ئایا بیر لەوە نەكراوەتەوە كە ئەو شوێنانە چارەسەری ئاوی بەكارهاتووی ماڵەكان و ئاوی قورسی ئەو شوێنانە بكەن؟

-       لە لایەكی دیكەوە بۆ پاك ڕاگرتنی شارەكەمان و هاتنەدی ڕووی شارستانیی زیاتر و باشتر ئەوە بە نووسراو گوند و ستییەكانی لە ڕێگای وەبەرهێنانەوە دروستكراون، ئاگاداركراونەتەوە كە وێستگەی چارەسەرێكی ئاوی ئاوەڕۆ تایبەت بە گوند و ستییەكانیان دروست بكەن و، لەو ئاوەی دەستیان دەكەوێت لە سەوزایی و پاركی ستی و گوندەكان سوودی لێوەربگرن و، لە ئێستادا لەو شوێنە نیشتەجێبوونانە (27) شوێن وێستگەی چارەسەركردنی ئاوی قورسیان دروستكردوە و هەندێكیشیان لە دروستكردنی ئەو وێستگەیەدا لە قۆناغی جێبەجێكردنن، كە لە كۆتاییدا هەموو ئەو شوێنانە، كە بۆ سوودی خۆشیانە دەبنە خاوەن وێستگەی چارەسەری ئاوی قورسی تایبەت بە شارەكانیان.                      

 

                                                              

 

Top