سیاسهتی كاتی و خۆزگهرایی, لهپێش خۆڕاگری و ستراتیجی شكستی خوارد
پڕۆسەی هەڵبژاردنی جێگری سەرۆک پەرلەمانی عێراق لەم قۆناغەدا، تەنها پڕۆسەیەکی دەستوری نەبوو، بەڵکو بووە میدانی تێکچوونی بەرژەوەندییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان, لە ناو ئەم ئاڵۆزییەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان بووە ئامانجی گهلەکۆمەیەکی سیاسی و میدیایی کە ئامانجی ڕاستەقینەی بریتی بوو لە تەنازولپێکردن، سنووردارکردنی ڕۆڵی کورد و گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە عێراقدا.
یەکەم: بنەمای کەلەکۆمەی سیاسی – خوێندنەوەی هەڵەی دۆخ.
لە بنچینەدا ئەو هێزانەی گەلەکۆمەیان لەسەر پارتی دروست کرد، تووشی خوێندنەوەیەکی هەڵەی دۆخی گشتی و سیاسەتی نێودەوڵەتی بوون. ئەوان: قەبارە و کاریگەریی پارتیان کەمهەژمار کرد، وەک ئەوەبینیان کە پارتی دەتوانرێت بە فشاری کاتی ناچار بە تەنازول بکرێت!
ئەم خوێندنەوەیە نەک تەنها هەڵە بوو، بەڵکو نیشانەی نەفامیی قووڵی مێژوویی و سیاسی لە ڕێباز و ڕەوشتی پارتی بوو, چونکە پارتی لە مێژوودا زۆرجار لە فشاری قورستر و گەلەکۆمەی توندتر بهسەربەرزی دەرچووە.
دووەم: ئامرازەکانی گەلەکۆمە – سیاستی فشار، پڕۆپاگەنده و پێوانەکردن.
گهلەکۆمەکە تەنها سیاسی نەبوو، بەڵکو لە سێ ئاستدا جێبەجێ کرا:
ئاستی سیاسی: هەوڵ بۆ تێکدانی هاوسەنگی دەستوری و دروستکردنی بڕیار بێ کورد.
ئاستی میدیایی: پیشاندانی پارتی وەک هێزێکی ڕێگر، دژ بە “ڕێککەوتنی نیشتمانی”.
ئاستی نێودەوڵەتی: هەوڵی دروستکردنی فشاری دەرەکی بۆ سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی هەرێمی کوردستان.
ئەم ئامرازانە هەموویان لە بنچینەدا پشتیان بەبیرۆکەیەکی هەڵە بەستبوو: ئەوەی کە پارتی دەتوانرێت وەک یاریزانێکی لاواز مامەڵەی لەگەڵ بکرێت!
سێیەم: خۆڕاگریی پارتی و تێکشکاندنی پیلانی تەنازول.
پارتی دیموکراتی کوردستان لەم قۆناغەدا، بە هەڵسوکەوتێکی هێمن، بەهێز و حسابکراو، ئەم پیلانه هەڵەی تێکشکاند, خۆڕاگریی پارتی نەبووە هۆکاری داخستنی گفتوگۆ، بەڵکو بووە هۆکاری:
بەرزکردنەوەی پێگهی گفتوگۆ،
ڕێگری لە بێ بەشبوونی کورد لە بڕیارسازی و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی هێز بۆ شوێنی ڕاستی خۆی.
ئەم هەڵسوکەوتە نیشانیدا کە پارتی: هێشتا یەکێکە لە ستونەکانی سیستەمی سیاسیی عێراق، بە تەنازول ناچێتە ناو ڕێککەوتن و هیچ بڕیارێکی ستراتیجی بێ ڕازیبوونی کورد و پارتی ناتوانرێت بەردەوام بێت.
ڕەخنەی سەرەکی لەو هێزانەی گەلەکۆمەیان دروست کرد، ئەوەیە کە: سیاسهتیان لەسەر بنەمای خۆزگەرایی و بەرژەوەندی کاتی دانا،
مێژوو و ئەزموونی کوردیان پشتگوێ خست و نهیان توانی جیاوازی نێوان خۆڕاگری سیاسی و توندوتیژی سیاسی تێبگەن.
ئەم هەڵەیە نەک تەنها پیلانهكهیانی شکاند، بەڵکو باجی سیاسی بۆ هێنان,( لاوازبوونی باوەڕ، تێکچوونی هێز، پێویستی دووبارە بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەو هێزەی کە هەوڵیان دا لاوازی بکەن).
گەلەکۆمەی سیاسی دژ بە پارتی، لە بنچینەدا هەوڵێک بوو بۆ تەنازولپێکردنی ئیرادەی کورد. بەڵام ئەم هەوڵە، بەهۆی خوێندنەوەیەکی هەڵەی دۆخ و نەزانینی قەبارەی ڕاستی پارتی، گەیشتە ئەنجامێکی پێچەوانە.
پارتی دیموکراتی کوردستان دووبارە سەلماندی کە, گهلەکۆمە بۆ شکاندن، ئەگەر بە ئیرادەی سیاسی ڕووبهڕووی ببیتهوه، دەتوانێت ببێتە ئامرازێکی سەرکەوتن.

ئـــهحــمــهد گـــلــی