ڕووسیا هەناردەی غازی شلی بۆ ئەفغانستان دوو هێندە زیاد کردووە

ڕووسیا هەناردەی غازی شلی بۆ ئەفغانستان دوو هێندە زیاد کردووە

 

 

بەگوێرەی زانیارییەکان، ڕووسیا ناردنی غازە شلەکەی لە ئەوروپاوە بۆ شوێنەکانی دیکە گواستووەتەوە و هەناردەکردنی غازیش بۆ ئەفغانستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.

میدیا نێودەوڵەتییەکان ئەمڕۆ دووشەممە 29ی کانوونی یەکەمی 2025،  بڵاویان کردەوە، کە ڕووسیا بارکردنی غازی شلاوی لە ئەوروپاوە بۆ شوێنەکانی دیکە گۆڕیوە و هەناردەکردنی غاز بۆ ئەفغانستان و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست نزیکەی دوو هێندە زیادی کردووە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە ئەم کارە دوای ئەو سنووردارکردنانەی کە لە لایەن وڵاتانی ئەوروپییەوە سەپێنراون گیراوەتەبەر.

باس لەوە دەکرێت کە ئێستا هەناردەی غاز بۆ ئەفغانستان و هەروەها قەزاقستان و قرغیزستان و تاجیکستان و ئۆزبەکستان لەسەدا ٣٦ی کۆی هەناردەی غازی شلکراوی ڕووسیا پێکدەهێنن.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٢٤دا نزیکەی ١٩% بووە.

ئەفغانستان گەورەترین کڕیاری غازی سروشتی شلکراوی ڕووسیایە لە ناوچەکەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دابینکردنی غازی شل لەلایەن ڕووسیا بۆ ئەفغانستان، لەنێویاندا لە گازرۆسگازەوە کە کۆمپانیایەکی هاوبەشە لەگەڵ قەزاقستان، لە ماوەی 11 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 1.5 هێندە زیادیکردووە و گەیشتووەتە 418 هەزار تۆن.

بازرگانان ڕایانگەیاندووە، زیادبوونی غازی شل لە ڕووسیا بۆ ئەفغانستان بەشێکی لەسەر حیسابی کەمبوونەوەی هەناردەکردنی ئێرانەوە بووە، کە وڵاتێکە لەلایەن ئەمریکاوە سزای بەسەردا سەپێنراوە.

 

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top