زێلێنسکی پلانی ٢٠ خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا دەخاتە ڕوو

زێلێنسکی پلانی ٢٠ خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا دەخاتە ڕوو

 

 

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، لە دوایین خولی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە میامی، پلانێکی ٢٠ خاڵیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا داڕێژراوە.

ڕۆژی چوارشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، پلانێکی ٢٠ خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا لە میانی دوایین خولی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا لە میامی داڕێژراوە.

بە گوتەی ناوبراو، پلانەکە ڕەوانەی مۆسکۆ کراوە و بەرپرسانی ڕووسیا پێداچوونەوەی بۆ دەکەن.

زێلێنسکی زیادی کرد: پلانەکە گەرەنتی جددی بۆ ئاسایشی ئۆکرانیا لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕ لەخۆدەگرێت.

جەختیشی کردەوە کە پرسی ناوچە داگیرکراوەکانی ڕووسیا هێشتا چارەسەر نەکراوە و پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە.

سەرۆکی ئۆکرانیا هەروەها داوای کۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کرد، بۆ تاوتوێکردنی پرسە هەستیارەکانی پەیوەست بە خاکی ئۆکرانیا.

هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە ترەمپ ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنی بەشێک لە خاکی ئۆکرانیا بە ڕووسیا، بەڵام زێلێنسکی بە توندی ئەمەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئۆکرانیا ئامادە نییە خاکی ئۆکرانیا ڕادەستی ڕووسیا بکات.

شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە شوباتی ٢٠٢٢ دەستی پێکرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، ترەمپ چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە توانای کۆتاییهێنان بەم شەڕە هەیە، بەڵام هەوڵەکانی تا ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.

 

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

 

Top