لە هیچ بارودۆخێكدا دایك دەستبەرداری منداڵەكانی نابێت

لە هیچ بارودۆخێكدا دایك دەستبەرداری منداڵەكانی نابێت

 

 

 

نەسرین ئافرەتێكی تەمەن 43 ساڵە و مامۆستای قۆناغی دواناوەندییە و وەك خۆی باسیدەكات، دایكی دوو منداڵی كوڕە و زیاتر لە 12 ساڵیشە لە هاوسەرەكەی جیا بووەتەوە. ئەو وەك هەموو دایكێك تەنیا شتێك كە مایەی دڵخۆشییەتی منداڵەكانیەتی و ئەوان پێكەوە لە ماڵێكدا دەژین.

 نەسرین لە دەستپێكی قسەكانیدا باسی ئەوە دەكات كە لە سەردەمی كچێتی، خوازبێنیكاری زۆر بووە و پاشان، لەگەڵ كەسێك هاوسەرگیری كردووە كە بە خۆشەویستی بووە و زۆری خۆشویستووە و خۆی گوتەنی قوربانی زۆری بۆ داوە، بەڵام هەمووی «بەفیڕۆ» چووە. نەسرین بەمجۆرە نهێنییەكانی ژیانی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان باسدەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

«من مامۆستا بووم، تازە دامەزرابووم، خزمان و تەنانەت بێگانەش كە زۆربەیان زەنگین و خاوەن موڵك و سامانی زۆر بوون هاتنە داوام، هەندێكیشیان مەرجیان ئەوە بوو ببمە ژنی ماڵەوە و واز لە پیشەكەم بێنم، بەڵام بە هیچیان ڕازی نەبووم چونكە هەمیشە ویستوومە لەسەر پێی خۆم بوەستم و دەستم لە گیرفانی خۆمدا بێت، كاتێك بنەماڵەكەی باوكی منداڵەكان هاتنە داوام و من ڕازی بووم، هەموو ئەندامانی خێزانەكەمان تووشی شۆك بوون، بەتایبەتی دایكم دەیگوت ئەو هەموو خانەدانانە هاتنە داوات، ڕازی نەبوویت، چۆن بەو ماڵە هەژارە و ئەو كوڕە لەحیمچییە ڕازی بوویت.

هاوسەرگیریمان كرد و لەگەڵ هاوسەرەكەم بڕیارماندا ماڵی جیا بكەین. چووینە ماڵی خۆمان و خانوویەكی دوو ژووریمان بە كرێ گرت، دوای سێ ساڵ لە هاوسەریمان دوانەیەكی كوڕمان بوو، تا ئەو ماوەیە هاوسەرەكەم نێوانی لەگەڵ من زۆر باش بوو، كە بوو بە باوكیش زۆر باشتر بوو و بە بوونی كوڕەكانمان زۆر دڵخۆش بوو، دوای ماوەیەك لەپڕ وازی لە كارەكەی هێنا و فێری حەب خواردنیش ببوو، مووچەكەی منیش بەشی ئەو هەموو خەرجییەكان و كرێ خانووی نەدەكرد، چەندین جار لێی پاڕامەوە، گوتم تۆ وەستای باشیت و كار بكەیت داهاتت دەبێت، بەڵام نەك هەر گوێی لێ نەدەگرتم، بەڵكو زۆر جار بە شەق و لێدان مووچەكەی لێ دەسەندم و كەس نەیدەزانی چی لێ دەكات، وای لێهاتبوو تەنانەت ئامادە نەبوو قوتوویەك شیری وشك بۆ كوڕەكان بكرێت، سەرباری ئەوەش بەردەوام خیانەتی لێدەكردم، زۆر شەویش بۆ ماڵەوە نەدەهاتەوە. خیانەتە بەردەوامەكانی ئەو و چاوپۆشییەكانی من، ژیانی خۆم و منداڵەكانی شێواندین، بەردەوام ماڵمان دۆزەخ بوو، شەڕ و لێدان و بێڕێزی و سووكایەتی بێزاری كردبووم، ئیتر گەیشتە گیانم و داوای جیابوونەوەم كرد، ئەویش زۆر بە بێ منەتی قبووڵی كرد، بەو مەرجەی من واز لە هەموو حەقی شەرعیم بێنم و داوای مارەیی و نەفەقە نەكەم. تەمەنم 31 ساڵ بوو بە ڕەسمی و بە حوكمی داداگا لە یەكتر جیابووینەوە. دوای ماوەیەك لەسەر فرۆشتنی ماددە و حەبی هۆشبەر لەگەڵ ئافرەتێك دەستبەسەر كرا و پاشان سزای زیندانی بۆ دەرچوو. دوای 5 ساڵ ئازاد كرا، دوای ئازادكردنیشی دەیان جار پاڕاوەتەوە كە دووبارە هاوسەرگیری بكەینەوە و پێكەوە بژین، بەڵام من لە ڕابردوودا دەرفەتی زۆرم پێدا و نەبوو بە پیاوێك كە شایانی ئەوە بێ باوكایەتی و هاوسەرداری بكات، ئیتر هیچ متمانەیەكم پیێ نەماوە، چونكە هەموو برینێك ساڕیژ دەبێت تەنیا خیانەت نەبێت.

بەداخەوە بەهۆی ئیهمالی و نابەرپرسیاری ئەو پیاوە ژیانی گەنجیم بەفیڕۆ ڕۆیشت، بە درێژایی ئەو ماوەیە بۆ پێگەیاندنی منداڵەكانم بە ڕووی سوورەوە هەموو كارێكم كردووە تەنیا بۆ ئەوەی موحتاجی دەستی كەس نەبین. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا بەردەوام دوعا دەكەم خوای گەورە هیدایەتی بدات».

 

Top