سوریای نوێ لە ناوەندگەراییەوە بەرەو فیدراڵیزمێکی ناچاری

سوریای نوێ لە ناوەندگەراییەوە بەرەو فیدراڵیزمێکی ناچاری

 

پرسی دۆزینەوەی مۆدێلێکی حوکمڕانیی گونجاو بۆ ئایندەی سوریا تەنها گۆڕینی دەسەڵاتدارەکان نییە، بەڵکو گەڕانە بەدوای سیستەمێکدا کە بتوانێت جێگەی هەموو پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییە جیاوازەکان بکاتەوە. هەر مۆدێلێک لەم وڵاتەدا پیادە بکرێت، ئەگەر بنەماکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و هاوبەشیی ڕاستەقینە لە دەسەڵاتدا لەبەرچاو نەگرێت، ناتوانێت ئاسایش و سەقامگیرییەکی بەردەوام دابین بکات.

لە نێو جەرگەی ئەم گەڕانەدا، دوو تێڕوانینی سیاسیی جیاواز بۆ داهاتووی ناوچەکە سەریان هەڵداوە. مۆدێلی یەکەم کە زیاتر لە ئەزموونی هەرێمی کوردستانەوە نزیکە، کار لەسەر بونیادنانی قەوارەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی "دەوڵەت-نەتەوە" و سیستەمێکی فیدراڵیدا دەکات. بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان، مۆدێلێکی جیاواز لەدایک بوو کە هەوڵ دەدات لە چەمکی کلاسیکیی دەوڵەت تێپەڕێت.

ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان کە کاریگەرە بە فەلسەفەی عەبدوڵا ئۆجەلان و تیۆرەکانی "کۆمەڵگەی ئیکۆلۆژی" و "شارەوانییە ئازادەکانی مۆرای بۆکچین، خودی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ئەم مۆدێلە کە بە "خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک" دەناسرێت، لەسەر بنەمای دیموکراسیی ڕاستەوخۆ و بەشداریکردنی کارای خەڵک بونیاد نراوە.

مۆرای بۆکچین، وەک تیۆریستی سەرەکیی ئەم دیدگایە، پێی وابوو دیموکراسیی نوێنەرایەتی (واتە تەنها دەنگدان بۆ نوێنەرێک) وردە وردە چینێکی سیاسیی نوخبە دروست دەکات کە لە بەرژەوەندییەکانی خەڵک دادەبڕێن. لە بەرامبەردا، ئەو بانگەشەی بۆ ئەوە دەکرد کە دەبێت دەسەڵات لە ناوەندە گەورەکانەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ گەڕەک، گوند و کۆمەڵگە بچووکەکان.

لە کورتەیدا، جیاوازیی بنەڕەتی لەوەدایە کە مۆدێلی یەکەم هەوڵی چاککردنی سیستەمی دەوڵەت دەدات، بەڵام مۆدێلی دووەم دەیەوێت سیاسەت بگەڕێنێتەوە ناو ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان. لەم مۆدێلەدا، مرۆڤ تەنها تەماشاکار نییە، بەڵکو خۆی بڕیاردەرە. بۆیە بۆ داهاتووی سوریا ئەم مۆدێلە دەبێتە تاقیکردنەوەیەک بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا کۆمەڵگە دەتوانێت بەبێ چەترە باوەکانی دەوڵەت، خۆی بەڕێوە ببات و ئاشتییەکی کۆمەڵایەتیی بەردەوام بەدی بهێنێت.

هەڕەشە بەردەوامەکانی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی لایەنگری و هێزەکانی سەر بە دیمەشق لە لایەک و شەڕی داعش  لە لایەکی تر وایکردووە لە ڕۆژئاوای کوردستان زۆرجار بڕیاری سەربازی پێش بڕیاری مەدەنی بکەوێت ، واتە ئەم مۆدێلەی ڕۆژئاوای کوردستان لەبەرئەوەی لە نێو جەنگ و گەمارۆدا بووە بۆیە نەتوانراوە وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت . ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە هیچ دەوڵەتێکی دەوروبەر و جیهانیش بە فەڕمی دان بەم مۆدێلەدا نانێن  و بە مەترسی بۆ سەر سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە دەبینرێت.

دیمەشق دەیەوێت لەسەر بنەمای دەوڵەتێکی ناوەندیی بەهێز و توندوتۆڵ کار بکات و هەموو بڕیارەکان (ئەمنی، سیاسی، ئابووری) لە پایتەختەوە دەربچن لە بەرامبەردا خۆبەڕێوەبەری دەیەوێت دەسەڵات دابەش بکرێت و بدرێتە دەست گوند و  گەڕەک و شارۆچکەکان بۆیە ئەمە لای دیمەشق وەک پارچە پارچە بوونی وڵات دەبینرێت. خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا باوەڕی بە "نەتەوەی دیموکراتیک" هەیە کە تێیدا کورد، عەرەب و ئاشووری وەک یەک مافی بڕیاردانیان هەبێت و زمانەکانیان فەرمی بێت ، ئەحمەد شەڕع و دەسەڵاتی نوێی دیمەشق هەرچەندە هەوڵ دەدەن وێنەیەکی میانڕەو و نیشتمانی نیشان بدەن چ لە ناوخۆی وڵات و چ لە جیهانیش بەڵام بنەماکەیان هێشتا لەسەر شوناسی ئیسلامی و هەندێک جۆر لە یاسای شەریعەت دامەزراوە  و پێکەوە گونجانی ئەم دوو سیستەمە لە ڕووی یاسایی و کۆمەڵایەتییەوە (بەتایبەت مافی ژنان و ئازادییەکان) زۆر قورسە و ئەوان لەوانەیە هەندێک مافی کولتووری بە کورد بدەن، بەڵام ڕۆژئاوای کوردستانیان وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ قبوڵ نابێت ناشیانەوێت قبوڵی ئەوە بکەن کە هێزێکی چەکداری وەکوو هەسەدەی هەبێت کە لە ژێر فەرمانی دیمەشق دا نەبێت و بەردەوام جەخت لەسەر شوناسی یەکگرتووی سوریا دەکەنەوە.

بەڵام دەسەڵاتی نوێی دیمەشق دەزانێت کە ناتوانێت وەک ئەسەد بە ئاسن و ئاگر حوکمی هەموو سوریا بکات بۆیە ڕەنگە جۆرێک لە ناوەندگەرایی کەمکراوە قبوڵ بکەن کە تێیدا ناوچەکان کاروباری خۆیان بەڕێوەبەرن ، ئەمە فاکتەرە یەکلاکەرەوەکەیە ، ئەحمەد شەڕع و ئۆپۆزسیۆنی سوریا پەیوەندییەکی توندیان لەگەڵ تورکیا هەیە و تورکیا مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری وەک هەڕەشەی نەتەوەیی دەبینێت بۆیە ئەحمەد شەڕع بۆ ئەوەی پشتیوانی تورکیا لەدەست نەدات، فشاری زۆری لەسەر دەبێت کە مۆدێلی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوا هەڵوەشێنێتەوە یان هەوڵی لاوازکردنی بدات .

لە هەمانکاتیشدا بۆ ئەوەی لە جیهان وەک تیرۆریست نەمێنێتەوە و گەمارۆکانی سەر سوریا لابدرێن، پێویستی بەوەیە هەوڵی پێکەوەژیان لە نێۆ پێکهاتەکانی سوریا بدات و هێرش نەکاتە سەر ناوچەکانی خۆبەڕێوەبەری چونکە بەو جۆرە ڕەوایی نێودەوڵەتی لەدەست دەدات .

ئەمریکا ساڵانێکی زۆرە هاوبەشی سەربازیی هەسەدەیە و بۆ واشنتۆن ئەم مۆدێلەی ڕۆژئاوا وەک "سەقامگیرترین ناوچە" لە سوریادا دەبینرا و ئەمریکا دەیەوێت لایەنی کوردی وەک هێزێکی سیاسی و سەربازی بمێنێتەوە تاوەکوو بە هۆیەوە هاوسەنگی هێز ڕاگرێت و وەک کارتێکی فشاریش بەرامبەر دیمەشق بەکاریبهێنێت و ئەمریکا هەسەدە بە باشترین هێز دادەنێ بە مەبەستی ڕێگری لە گەڕانەوەی داعش بۆیە فشار دەخەنە سەر ئەحمەد شەڕع کە نەبێتە هۆکاری تێکدانی ئەم سیستەمە.

وڵاتانی ئەوروپی بە تایبەتی فەرەنسا و ئەڵمانیا زیاتر لە گۆشە نیگای مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسییەوە سەیری مۆدێلی ڕۆژئاوا دەکەن و بە بەربەستێکیشی دادەنێن لە دژی توندڕەویی ، بەڵام پشتگیری ئەوان زیاتر ترسە لە شەپۆلی کۆچبەران ، ئەوروپا دەترسێت ئەگەر پێکدادان لە نێوان دیمەشق و خۆبەڕێوەبەری ڕووبدات شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران ڕوو لە ئەوروپا دەکات بۆیە هەوڵ دەدەن نێوەندگیری بکەن بۆ جۆرێک لە فیدراڵیزم .

لە کۆتاییدا ، ئەگەر دەستووری سوریا بگۆڕدرێت و سیستەمی وڵات ببێتە فیدراڵی وەک عێراق ئەوا شوێنێک بۆ خۆبەڕێوەبەری دەبێتەوە ، دیمەشق تا ئێستا بە توندی ئەمە ڕەت دەکاتەوە بەڵام لەوانەیە لە ڕووی پراگماتیکی (بەرژەوەندی کاتی) بگەنە ڕێککەوتنێکی شێوە فیدراڵی، کە تێیدا ڕۆژئاوا دەسەڵاتی خۆجێیی خۆی بپارێزێت بە مەرجێک بچێتە ژێر ئاڵایەکی نیشتمانی هاوبەشەوە و لە هەمانکاتیشدا پێویستە  نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەو لایەنانە لەبەرچاو بگیرێت کە لە چوارچێوەیەکی جیۆپۆلیتیکیدا لە فیدراڵیزم دەترسن.

Top