ڕووسیا دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا دەخاتە خوارەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 22/١٢/٢٠٢٥، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی 41 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیای لە ناوچە جیاجیاکانی ڕووسیا خستووەتە خوارەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی بەرگری ڕووسیا، لە کۆی 41 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، لە ناوەڕاستی شەوی ڕابردوو، شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا لەلایەن بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لەناوبراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی کراسنۆدار و دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی دەریای ڕەش و فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی برایانسک خراونەتە خوارەوە.
ناوەندی قەیرانەکانی ناوچەی کراسنۆدار بڵاویکردەوە، لەگەڵ کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەكی بێفڕۆکەوان زیان بەر بۆرییەک لە تێرمیناڵی ڤۆڵنا كەوتووە، بەڵام هیچ کەسێک بریندار نەبووە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپایی و هێشتا دانوستانەکانی ئاشتی نەگەیشتوونەتە ئەنجامێکی کۆتایی.
گوڵان: سەردار خەلیل
