هیندستان: زیاتر لە 200 هیندی لە سوپای ڕووسیا دامەزراون
وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ڕایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە ٢٠٢ هاووڵاتی هیندستان لە سوپای ڕووسیا دامەزراون، لانیکەم ٢٦ کەسیان کوژراون و ٧ کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی کیێڤ ئیندیپێندنت، ئەمڕۆ شەممە 20ی کانوونی یەکەمی 2025 ، وەزارەتی دەرەوەی هیندستان ڕایگەیاند، لە ساڵی 2022ەوە تا ئێستا 202 هاووڵاتی هیندستان خراونەتە ناو سوپای ڕووسیا، لانیکەم 26 کەسیان کوژراون و 7 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو کەسانە شانبەشانی هێزەکانی ڕووسیا لە شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا خزمەتیان دەکرد.
تا ئێستا 119 کەس ئازاد کراون و 50 کەسیش هێشتا لە سوپای ڕووسیادان.
هیندستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ مۆسکۆ بۆ ئازادکردن و گەڕانەوەیان.
وەزارەتی دەرەوەی هیندستان هەروەها ڕایگەیاند: کە تەرمی ١٠ سەربازی هیندستان گەڕێنراونەتەوە وڵاتەکانیان و دوو سەربازی دیکەش لە شوێنی ڕووداوەکە سووتێنراون.
نمونەی دی ئێن ئەی لە بنەماڵەی 18 کەس کە کوژراون یان بێسەروشوێن بوون ڕەوانەی ڕووسیا کراون بۆ ناسینەوەی ناسنامەكانیان.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕووسیا بە هاندانی دارایی و ئۆفەری کار و بەڵێنی هاووڵاتیبوون هانی هاووڵاتیانی بیانی دەدات، لەنێویاندا هیندییەکان، بۆ خزمەتکردنی سەربازی خۆی.
گوڵان: سەردار خەلیل
