ئەكادیمیستان بۆ پێشكەوتن و ئابووریی سەربەخۆی زانكۆكان، دەخوازن گرنگی بە توێژینەوەی قوتابیان بدرێت
لێكۆڵینەوەی زانستی (میتۆدۆلۆجیا) و توێژینەوەكانی قوتابیان لە قۆناغی خوێندنی باڵادا، وەك نەخشەڕێگە و پردی پەیوەندی سەیر دەكرێن، كە دەكرێت بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی باشتر و پێشكەوتووتر سوودی بەرچاویان لێ ببینین. زۆر جاریش هەر ئەو توێژینەوانە پڕۆژە و وەبەرهێنانی جۆراوجۆری لێ دەكەوێتەوە. بەڵام ئایا لە كوردستاندا تاچەند توانراوە سوود لە توێژینەوەكان وەربگیرێت؟ كە زۆرجار توێژینەوەكە زۆر باش و بابەتییانە بووە، بەڵام پشتگوێ خراوە. زانكۆ لە وڵاتانی پێشكەوتوو بەهۆی بەرهەم و توێژینەوەكانی سەرچاوەیەكی گەورەی داهاتە، زانكۆكان تەنیا ناوەندی فێربوون و لێكۆڵینەوە نین بەڵكو سەرچاوەی سەرەكی داهاتی نیشتمانین. ئایا ئۆباڵی ئەو گرفتە دەكەوێتە ئەستۆی كێ؟ سیستەم خەتابارە، یان زانكۆ، یانیش خودی قوتابی؟ چۆن دەكرێت ڕێكاری زانستی بۆ بایەخدانی زیاتر بەو توێژینەوانە بدۆزینەوە و چۆن دەتوانین بەپێزتر و بەهێزتریان بكەین، بۆ ئەوەی ببنە سەرچاوەی داهات و پڕۆژەی كاری گەورەیان لێ بكرێتەوە؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارانە دەدەنەوە.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. .شوان محەمەدئەمین تەها، سەرۆكی بەشی مێژوو، لە كۆلێژی ئاداب، زانكۆی سەڵاحەدین، سەبارەت بەم بابەتە هێما بۆ ئەوە دەكات كە» لە هەموو دونیادا زانكۆكان پارەی خەیاڵیان بۆ خەرج دەكرێت، بۆ نموونە ئەمریكا داهاتێكی زۆر لە زانكۆ گشتییەكان خەرج دەكات، لە هەموو وڵاتە پێشكەوتووەكان جگە لە پاڵپشتی دارایی حكومەت، لەلایەنی جیاجیا بەخشینی بەردەوام هەیە، هاوكات ئەو زانكۆ پێشكەوتووانەی گۆڤارەكانیان لە ئاستێكی بەرزی زانستی دایە، ئیمپاكت فاكتەر و سكۆپەسیان هەیە، داهاتێكی گەورە قازانج دەكەن لە توێژینەوەكان و وەبەرهێنانی گەورەی پێدەكەن، هەموو ئەو سەربەخۆ ئابوورییە هۆكارێكە بۆ پێشبڕكێی باس و توێژینەوەی زانستی ئاست بەرز، لە وڵاتان توێژینەوەكان ڕاسپاردە و چارەسەری كێشەكانی تێدایە، بۆیە لەلایەن حكومەت پاڵپشتی دەكرێت و بۆ چارەسەری گرفتەكان سوودی لێوەردەگرن، بەتایبەت پلانی دەوڵەت بۆ داهاتوو، توێژینەوەكان وەك بەشێكی سەرەكی دێتە ژماردن بۆ نەخشەڕێگەی دروستی وڵات.
توێژینەوە لە هەر بوارێكدا خزمەتە بەو كەرتە، زانكۆ بەشێوەیەكی سەرەكی بەشە زانستییە ڕووتەكان و بەشە زانستییە مرۆڤایەتییەكان دەگرێتەوە، زانكۆكانی كوردستان بە حكومی و ئەهلییەكانەوە، تا ئەمڕۆ هەماهەنگی چالاك و پتەو دروست نەبووە، بوونی ڕایەڵەك بۆ بەستنەوە و تێكەڵبوونی حكومەت و زانكۆ لە ئەمڕۆدا پێویستییەكی هەنووكەییە، كۆمەڵگە پێشكەوتووەكان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان داوا لە زانكۆ دەكەن توێژینەوە ئەنجامبدەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی زانستی هۆكار و ئەنجام و چارەسەری و ڕاسپاردە بخرێتە نێو كۆبوونەوەكان و هەنگاوی دروست بۆ داهاتوو بهاوێژن، ئیسڕائیل وڵاتێكی بچووكە بەڵام بەهێزە، هێزی ئەو وڵاتە لە ڕیزبەندی زانكۆكان و توێژینەوەكانی سەرچاوەی گرتووە، هەمیشە لە داهێنانی زانستی پێشەنگی وڵاتانن».
د. شنۆ ئەحمەد غەفوور مامۆستا لە زانكۆی كەركووك، سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «بابەتێكی گرنگتان هەڵبژاردووە، بەڕاستی جیاوازییەكی بەرچاو هەیە لە نێوان زانكۆكانی وڵاتانی پێشكەوتوو و كوردستان لە ڕووی دارایی و داهاتەوە. لە كاتێكدا زانكۆكانی وڵاتانی پێشكەوتوو بوونەتە سەرچاوەی گەورەی داهات بۆ دەوڵەت و كۆمەڵگە، زانكۆكانی كوردستان هێشتا بارگرانییەكی قورسن بەسەر بودجەی حكومەتەوە، بێ ئەوەی بتوانن داهاتی گونجاو دابین بكەن یان لە پێشخستنی ئابووری وڵات بەشدارییان هەبێت.
زانكۆكانی كوردستان لە ڕووی دارایییەوە بە تەواوی پشت بە بودجەی حكومەت دەبەستن، ساڵانە ملیاران دینار خەرجی بێ گەڕانەوەی دارایی دەكرێت بۆ مووچە و بەڕێوەبردنی ئاسایی، لە كاتێكدا پارە تەرخانكردن بۆ توێژینەوەی زانستی و نوێكردنەوەی ژینگەی خوێندن زۆر كەمە.
ئەم دۆخە وا دەكات قوتابیان بەخۆڕایی بخوێنن، بەڵام لە بەرامبەردا كوالیتی پەروەردە و ژینگەی خوێندن لە ئاستێكی نزمدایە. زانكۆكان ناتوانن وەبەرهێنان لە تەكنەلۆژیا و تاقیگە و كتێبخانە بكەن، هەروەها ناتوانن مامۆستایانی بەتوانا ڕابكێشن یان هاندانیان بدەن بۆ نووسینی توێژینەوەی زانستی. ئەنجامەكەی ئەوەیە كە قوتابیان بڕوانامە وەردەگرن بەڵام لە ڕووی توانا و شارەزاییەوە شایستەی بازاڕی كار نین، هەروەها زانكۆكان دوور دەكەونەوە لە ڕۆڵی ڕاستەقینەیان كە دروستكردنی زانست و داهێنانە.
بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە لە كوردستان، پێویستە هەنگاوی وردبینانە و لەسەر بنەمای ڕاستییەكانی كۆمەڵگاكەمان بنرێت. یەكەم هەنگاو ڕێگەپێدانە بە زانكۆكان كە هەندێك داهاتی سەربەخۆیان هەبێت. زانكۆكان دەتوانن كۆرسی كورتخایەن و ڕاهێنانی بەردەوام پێشكەش بكەن بە كرێیەكی مامناوەند، بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت شارەزاییەكی نوێ فێربن یان بڕوانامەیان نوێ بكەنەوە. چاپ و بڵاوكردنەوەی زانستی دەتوانێت سەرچاوەی داهات بێت، زانكۆكان دەتوانن گۆڤارە ئەكادیمی و كتێبی زانستی بڵاو بكەنەوە و بیفرۆشن، هەروەها دەتوانن خزمەتی وەرگێڕان و ڕێكخستنی كۆنفرانس پێشكەش بكەن.
پێویستە هاوبەشی بەهێز دروست بكرێت لە نێوان زانكۆ و كەرتی تایبەت، كۆمپانیا و كارخانەكان پێویستیان بە توێژینەوە و گەشەپێدان هەیە، بەڵام زۆرجار نازانن كە زانكۆكان دەتوانن یارمەتییان بدەن، ئەگەر یەكەی تایبەتمەند بۆ هاوكاری لەگەڵ پیشەسازی دروست بكرێت لە زانكۆكان، ئەوا دەتوانرێت پڕۆژەی هاوبەش جێبەجێ بكرێت كە زانكۆ توێژینەوە دەكات و كۆمپانیا كرێ دەدات.
زانكۆكان دەتوانن خزمەتگوزاری ڕاوێژكاری و تەكنیكی پێشكەش بكەن بە دامەزراوە حكومییەكان و تایبەتەكان. مامۆستایانی زانكۆ شارەزایی زۆریان هەیە كە دەتوانرێت بەكار بهێنرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی كۆمەڵگە و ئابووری. بۆ نموونە، بەشی ژینگەناسی دەتوانێت ڕاوێژكاری بدات دەربارەی پاراستنی ژینگە، بەشی ئابووری دەتوانێت لێكۆڵینەوە بۆ بازاڕ بكات، بەشی وەرزێڕی دەتوانێت ڕاهێنان بدات لەسەر تەكنیكی نوێی كشتوكاڵ.
بەڵام هەموو ئەمانە دەبێت لەژێر سیستەمێكی شەفاف و چاودێریدا بێت. سەربەخۆیی دارایی واتای ئەوە نییە كە زانكۆ بتوانێت هەرچی بیەوێت بیكات، بەڵكو واتای ئەوەیە كە لە چوارچێوەی یاسادا ئازادی بڕیار هەیە. پێویستە زانكۆكان ڕاپۆرتی ساڵانەی وردی گشتی بڵاو بكەنەوە، هەموو سەرچاوەكانی داهات و خەرجییەكانیان ڕوون بكەنەوە، هەروەها ئامانجی بەكارهێنانی داهات دیاری بكەن».
تەرزە محەمەد حوسێن مامۆستا لە پەیمانگەی تەكنیكی كارگێڕی هەولێر:
زانكۆكان لە وڵاتانی پێشكەوتوو خەریكی توێژینەوە و گەیشتنن بە دەرئەنجامێكی گرنگ و ڕێگەچارەسەری هەمیشەیی، كاتێك توێژینەوە لە بوارێك یان سێكتەرێك دەكرێت دەرئەنجامەكەی بە دەوڵەت یان لایەنی پەیوەندیدار دەبەخشێت. بەڵام لە كوردستان ناتوانین بڵێین بارگرانین بەسەر حكومەتەوە بەڵكو شێوازی كاركردنی ئێمە لەگەڵ وڵاتان جیاوازە، تاكو ئێستا هەنگاوی زۆر جددی و باش نراوە بۆ ئەوەی قوتابیان و مامۆستایان لە بوارە جیاوازەكان خزمەت بكەن، تاوەكو ببنە داینەمۆی پێشكەوتن و چارەسەری كێشەكان چەندین ئاڵنگاری هەیە كە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لە سەرووی هەموویانەوە سیستەمێكی مەركەزی نییە، كە زانكۆكان ببنە بەرهەمی داهێنان و پێشكەوتنی كوردستان هۆكاری جیاواز و ڕوانگەی تر هەیە، ئێمە لە كوردستان خاوەنی چەندین گەنجی بە توانا و لێهاتووین كە لە بوارە جیاوازەكان دەتوانن بە پڕۆژە و توێژینەوە و بیرۆكەكانیان بەرهەمی جوان پێشكەش بكەن و لە ئاستی زانستی و ئەكادیمی جێ دەستیان دیار بێت، لە ئێستا و ساڵانی ڕابردوو هۆكارەكانی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان ڕۆڵیان هەبووە لە دواكەوتنی زانكۆ، شوێنی هەڵكەوتەی جوگرافیای كوردستان وایكردووە كە نەتوانن وەك پێویست ڕۆڵی خۆیان ببین، دەكرێت ئەم بابەتە دوو ڕەهەندی جیاواز لەخۆبگرێت بەشێكیان هۆكاری جیاوازی كوردستان بێت بەشێكیشیان زانكۆكان خۆیان بن. گەشەسەندن و بنیاتنانی هەر وڵاتێك لەسەر ئاستی پێشكەوتنی زانكۆكان دەوەستێت بەتایبەت لە ڕووی ئابووری ودارایی، گەرچی لە كوردستان تا ڕادەیەك هەنگاو نراوە بۆ داهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە میكانیزمی جیاواز بگرێتەبەر چونكە زانكۆكانی ئێمە لە ئاستی توێژنەوە و پێشكەوتنەكان هیچیان لە زانكۆكانی وڵاتان كەمتر نییە، ئەگەر نیەتی بەردەوامی و كار هەبێت دەتوانرێت ببنە بنەمای ژێرخانی ئابووری بەهێزی كوردستان».
پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. بەهزاد تاهیر سەلیم، دكتۆرا لە كارگێری داهێنان و بازاڕگەری زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر، لەمبارەیەوە دەڵێت: «لە زۆرێك لە وڵاتانی پێشكەوتوو زانكۆكان تەنیا ناوەندی فێربوون و لێكۆڵینەوە نین بەڵكو سەرچاوەی سەرەكی داهاتی نیشتمانین. دامەزراوە بەناوبانگەكان لە ئەمریكا و ئەوروپا و بەشێك لە ئاسیا ساڵانە ملیاران دۆلار لە ڕێگەی یارمەتی توێژینەوە، پاتێنت، ڕاوێژكاری، هاوبەشی لەگەڵ پیشەسازی و وەرگرتنی خوێندكارانی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنن. هێزی داراییان ڕێگەیان پێدەدات بەردەوام بەرهەمی توێژینەوە فراوان بكەن، بەهرەمەندە جیهانییەكان ڕابكێشن و بەشداری بكەن لە ئیكۆسیستەمی داهێنانی نیشتمانی.
لە بەرامبەردا زانكۆكانی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەیەكی بنەڕەتی جیاوازدا كاردەكەن، لەبری ئەوەی ببنە لایەنی خۆبژێو یان داهات دروستكەر، زۆر پشت بە بودجەی حكومەت دەبەستن. ئەم وابەستەییە بووەتە هۆی ئەوەی كە تێڕوانینێكی بەرفراوان هەبێت كە زانكۆكان بارگرانییەكی دارایین لەسەر بودجەی گشتی، نەك بزوێنەری گەشەپێدانی ئابووری و زانستی.
پارتە سیاسییەكان زۆرجار كاریگەرییان لەسەر دانانی بەرپرسەكانی بواری خوێندنی باڵا هەبووە و گرنگیان بە توانا و لێهاتوویی كاندید نەداوە، لە ئەنجامدا زۆرێك لە پۆستەكان لەسەر بنەمای دڵسۆزی سیاسی و پەیوەندیی دۆستایەتی و خزمایەتی دانراون نەك شایستەیی پیشەیی، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی حوكمڕانی دامەزراوەیی و سنوورداركردنی ئۆتۆنۆمی و كەمكردنەوەی توانای زانكۆكان بۆ پلاندانان بە شێوەیەكی ستراتیژی یان پاراستنی ستانداردە ئەكادیمییەكان.
هەروەها نەبوونی كوالیتی ئەكادیمی لە نێوان بەشێك لە مامۆستایانی زانكۆدا، لە كاتێكدا لە هەرێمی كوردستان ڕێژەیەكی باش شارەزا و مامۆستا و توێژەری ئاست بەرز هەن، بەڵام ژمارەیەك لە وانەبێژ بە كەمترین شارەزایی یان كەمترین پێشینەی توێژینەوە چوونەتە ناو خوێندنی ئەكادیمی، لە هەندێك حاڵەتدا مامۆستایان بڕوانامەی بەرزیان بەدەستهێناوە بەبێ ئەوەی زانیاری زانستی و میتۆدۆلۆژی پێویستیان بەدەست هێنابێت یان شایستەی ئەو بڕوانامەیە بن. ئەم بۆشاییە لە لێهاتوویی بەشداری كردووە لە لاوازی كوالیتی وانەوتنەوە، سنوورداربوونی بەرهەمهێنانی توێژینەوە و ژینگەیەكی ئەكادیمی كە تێیدا بڕوانامەكان هەمیشە ڕەنگدانەوەی شارەزایی ڕاستەقینە نین.
هاوكات گەیشتن بە سەربەخۆیی دارایی بۆ زانكۆكان تەنیا ئامانجێكی ئابووری نییە و بۆ بەرزكردنەوەی ستانداردە ئەكادیمییەكان زۆر گرنگە، كاتێك زانكۆكان تەنیا پشت بە پشتیوانی حكومەت دەبەستن، داهێنان خاو دەبێتەوە و پێشكەوتنەكان قورس دەبن.
پێویست دەكات وەبەرهێنان لە تاقیگە و كتێبخانە مۆدێرنەكان و بە سیستەمی دیجیتاڵی بكەن، ڕاكێشان و ڕاگرتنی توێژەری بەتوانا، كێبڕكێكردن بۆ یارمەتییە نێودەوڵەتییەكانی توێژینەوە، دامەزراندنی سەنتەری داهێنان و دەزگاكانی تەكنەلۆژیا، دابینكردنی سكۆلەرشیپ بۆ ئەو خوێندكارانەی كە ئاستێكی بەرزیان هەیە، فراوانكردنی پڕۆگرامەكانی دوای تەواوكردنی خوێندنی باڵا كە ڕاستەوخۆ بەشدارن لە گەشەپێدانی نیشتمانی.
بۆ گۆڕینی زانكۆكان لە بارگرانییەكی گشتیەوە بۆ وەبەرهێنانێكی ستراتیژی، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە زۆر گرنگن:
پێدانی سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕی بە زانكۆ حكومییەكان، ڕێگەیان پێبدات سەرچاوەكان بەڕێوەببەن و داهات بەدەستبهێنن و هاوبەشی ستراتیژی بنیات بنێن.
بەهێزكردنی هاوكاری زانكۆ و پیشەسازی لە كەرتەكانی وەك وزە، كشتوكاڵ، تەندروستی و تەكنەلۆژیا.
دامەزراندنی سەنتەری توێژینەوە و داهێنان كە گرنگی بە پێداویستییە ناوخۆییەكان و ئەولەویەتە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان بدەن.
هاندانی بازرگانیكردنی توێژینەوە لە ڕێگەی پاتێنت و پاڵپشتیكردنی ستارتاپەكان (پڕۆژەی بچووك) و خزمەتگوزاری ڕاوێژكاری.
ڕاكێشانی خوێندكارانی نێودەوڵەتی بە باشتركردنی پرۆگرامە ئەكادیمییەكان و فێركردن بە زمانی ئینگلیزی.
پەرەپێدانی خوێندنی بەردەوام و بەرنامەی ڕاهێنانی پیشەیی كە داهات دابین دەكات لەكاتێكدا خزمەت بە بازاڕی كار دەكات.
پێشخستنی كلتووری ئەكادیمی لەسەر بنەمای ئەنجام كە پاداشتی توێژینەوە و داهێنانی كوالیتی بەرز بداتەوە».
