راستیی كاربۆهیدراتەكان
كاربۆهیدراتەكان 3 جۆرن: شەكرەكان، نیشاستە، هەروەها ریشاڵ. شەكرەكان زۆر بە ئاسانی هەرس دەكرێن و هەڵدەمژرێن، نیشاستە درەنگتر لە شەكرەكان هەرس دەكرێت و دەگۆڕێت بۆ شەكر، كەچی ریشاڵ هەرس ناكرێت. كاربۆهیدراتەكان Carbs سەرچاوەی سەرەكی وزەن، بە پۆلێنكردنێكی تر، كاربۆهیدراتەكان دەكرێن بە 2 گروپەوە: كاربۆهیدراتە سادەكان Simple carbs و كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان Complex carbs. كاربۆهیدراتە سادەكان كە زۆربەی شەكرەكان دەگرێتەوە، بە ئاسانی لە لەشدا تێكدەشكێن بۆ وزە و هەڵدەمژێن، ئینجا ئاستی شەكری خوێن بە خێرایی بەرزدەكەنەوە هاوكات لەگەڵ زیادبوونی دەردانی هۆرمۆنی ئینسولین، بۆیە پێویستە كە بە بڕی كەم بخورێن. كاربۆهیدراتە ئاڵۆزەكان گەردیلەی ئاڵۆزن كە لە نیشاستە و ریشاڵدا هەن، كاتێكی زۆر و كارلێكی زیاتر لە لەشدا پێویست دەكات بۆ تێكشكانیان و بەكارهێنانیان بۆ وزە، بۆنموونە دانەوێڵەی تەواو، سەوزەكان یان پاقلەمەنییەكان كە بە پێچەوانەی شەكرەكان هەستی تێربوون بۆ ماوەیەكی زۆر دەهێڵنەوە و بەرە بەرە دەگۆڕێن بۆ شەكر واتە ئاستی شەكری خوێن بە خیرایی بەرز ناكەنەوە، هەروەها وزەیەكی بەردەوام بە لەش دەبەخشن.
