دەشنێ ئەحمەد: هاوژینەكەم لە هەموو بارودۆخێكدا پاڵپشت و یارمەتیدەرمە

دەشنێ ئەحمەد:  هاوژینەكەم لە هەموو بارودۆخێكدا پاڵپشت و یارمەتیدەرمە

 

 

دەشنێ ئەحمەد خانمە گەنجێكی چوست و چالاكی شاری سلێمانییە و بەهۆی هەوڵ و پێداگرییەكانی  و بۆ سەلماندنی تواناكانی لە ئێستادا خاوەنكاری خۆیەتی و ڕۆژانە لە دوكانەكەیدا سەرگەرمی فرۆشتنی كەلوپەلی جوانكاریی ئافرەتانە. دەشنێ ئەحمەد لە دایكبووی ساڵی 1991 ی شاری سلێمانییە و هەر لەو شارەش نیشتەجێیە، دەرچووی پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانی بەشی ژمێریارییە، ئێستاش خاوەنكاری سەربەخۆی خۆیەتی و لە بواری جوانكاریی ئافرەتان كاردەكات، لە گفتوگۆیەكدا بەمجۆرە باس لە چیرۆكی سەركەوتنی خۆی بۆ خوێنەرانی گۆڤاری گوڵان دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

«ماوەی چوار ساڵە ئەو كارە دەكەم، ئامانجیشم ئەوە بووە كە منیش بتوانم ڕۆژێك لەو بوارەی كە حەزم لێیەتی كار بكەم و خزمەت بكەم.

بێگومان هەموو كارێك كە دەستی پێ دەكەیت زەحمەتی خۆی هەیە و تووشی چەندین گرفت دەبیتەوە، بەڵام گرنگترین شت بۆ مرۆڤ ئەوەیە كە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی بەردەوام بێت و بەرەوپێشەوە بڕوات».

دەشنێ ئەحمەد سەبارەت بە پاڵپشتی كردنی خێزانەكەی دەڵێت: «ئەو كەسانەی كە لە دەستپێكی كارەكەمدا هاوكار و یارمەتیدەرم بوون خێزانەكەم بوون یەكەم كەس هاوسەرەكەم پاشانیش براكانم پشتگیرییان كردم.

ئەمڕۆش لە ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان كاری ماڵ و دایكایەتی و كاری دەرەوە زۆر بە باشی توانیومە سەركەوتوو بم، چونكە ئەگەر كەسێك هەبێت پشتی پێ ببەستیت كارەكان ئاسانن، ئەو كەسەی كە پشتی پێدەبەستم هاوژینەكەمە ئەو لە هەموو بارودۆخێكدا پاڵپشت و یارمەتیدەرمە».

ئەو خانمە خاوەنكارە سەبارەت بە بەرهەم و كەلوپەلی فرۆشگاكەی دەڵێت: «بەرهەمەكانم زیاتر بواری جوانكاریی خانمان لەخۆی دەگرێت، بەتایبەتی لە بوارەكانی پێست و قژ، ئەو بەرهەمانەی كە من دەیانخەمە بەردەست هەمووی بەرهەمی زۆرباشن وكوالێتییان زۆرباشە، سوپاس بۆ خوا بەكارهێنەرانی زۆر لێی ڕازین، تێكەڵەن لە بەرهەمی خۆماڵی و بەرهەمی دەرەوە، تاڕادەیەكی زۆرباش گرنگی بە بەرهەمی سروشتی دەدەین، چونكە بەرهەمی سروشتی پێكهاتەكانی هیچ ماددەیەكی زیانبەخشی تێدا نییە و وادەكات بەكارهێنەر ئاسوودە تر بێت».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا ئامۆژگاریت بۆ ئافرەتان چییە؟ چۆن و بەچ ڕێگەیەك دەتوانن بوونی خۆیان بسەلمێنن؟ ئەو گوتی: «داواكارم لە خانمان بە هیچ شێوەیەك گوێ بە قسەی كەس نەدەن و چاویان تەنیا ئەو ئامانجە ببینێت كە مەبەستیانە.

چونكە ڕاستییەك هەیە دەبێ هەموومان بیزانین ئەویش ئەوەیە كە ئافرەت زیاتر سەرنجی لەسەرە بۆیە زۆر گرنگە ئافرەتان بەوپەڕی متمانە بەخۆبوونەوە كارەكانیان ئەنجام بدەن و بە سەركەوتنەكانیان وەڵامی ناحەزانیان بدەنەوە، داواكارم لەو خانمانەی هەر ئارەزوویەكی شاراوەیان هەیە شەرم نەكەن و بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان هەوڵ بدەن، یان بە مانایەكی تر بۆ دەبێت ئافرەت چاوی لە دەستی كەسانی تر بێت، خۆشحاڵم بە بەرەوپێشچوونی ڕەوتی كاركردنی ئافرەتان لە كۆمەڵگەی كوردیدا، كە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك بە گران و سەنگینی لە پەیداكردن و دەستەبەركردنی بژێوی خێزان بەشدارن».

سەبارەت بە خەون و خولیای داهاتووی لە بواری كاركردندا دەڵێت: «بێگومان هەموو كەسێك بۆ ئامانجێك هەوڵدەدات، هەوڵ و ماندووبوونی منیش بۆ ئەوەیە كە بتوانم لەسەر پێی خۆم بوەستم و چاوم لە هاوكاری كەس نەبێت، پاشان زۆر خۆشحاڵ دەبم كە سوود بەكەسانێك بگەیەنم كە پێویستیانە، ئاواتی من ئەوەیە لە ئاییندەدا بڕاندێكی تایبەت بەخۆمم هەبێت و بتوانم لە ئاستێكی باڵادا شوێنێكی تایبەت بەكارەكەم بكەمەوە».

Top