د.جەلال ئەحمەد ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: هەموو ساڵێ بە لێشاو خەڵكێكی زۆر دەخزێندرێتە نێو زانكۆكان و بە دەیان كەسی بێ كوالێتی دەكرێنە خاوەن بڕوانامەی باڵا
د.جەلال ئەحمەد، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لە بواری كۆمەڵناسی و مامۆستایە لە كۆلیژی ئەدەبیاتی زانكۆی سەلاحەددین/ هەولێر. لە گفتوگۆی ئەمجارەی «بازنەی گفتوگۆ»دا (خوێندنی باڵا و توانا زانستییەكانی نەتەوە)، بەم جۆرە دید و تێڕوانین و بۆچوونەكانی خستە ڕوو.
زستانی ساڵی 2005 و ئەو كاتەی كۆرییەكان لە هەولێر نەخۆشخانەیەكی سەربازییان هەبوو، خزمێكم وەرگێڕی ئەوان بوو، هەر لەوێش نەشتەرگەرییەكی ئەنجام دا، بەو بۆنەیەوە دەبوو بچمە سەردانی و هەندێ پێداویستیی هەبوو، بۆیم برد. لە پرسگەی نەخۆشخانەكە بەدەم دانیشتن لە نزیك سۆپایەكەوە، ماوەیەك لەوێ لە چاوەڕوانیدا مامەوە و، لەگەڵ یەكێك لە سەربازەكانی ئەوێ، كە هەردووكمان شڕە ئینگلیزییەكمان دەزانی، كەوتنینە گفتوگۆ، لەناكاو و دوای وەستانێكی ماوەكورت لە قسەكردن، سەربازەكە ڕووی لە من كرد و دەستێكی بۆ سۆپاكە درێژ كرد و بە ئینگلیزییەكی شڕ بەمنی گوت: «This is made in Korea» لەو كاتەدا هەڵوەستەیەكم كرد و زانیم دەیەوێ پێم بڵێت: ئەها كادیرە زانستییەكانی وڵاتەكەم چیان دروست كردووە! ویستی شانازی بە خۆی و وڵات و نەتەوەكەیەوە بكات و، لەڕێی كاڵایەكەوە پێم بڵێت: «من سەر بە نەتەوە و وڵاتێكم كە ڕۆڵەكانی چەندە بەتوانان و دەتوانن چی دروست بكەن»، ویستی نیشانی بدات كە ئەها ئێوە پێویستیتان بە یارمەتیی ئێمە هەیە و ئێمەش دەتوانین لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێوەدا بین، ویستی بڵێت تاوەكو وەك ئێمە ناكۆكییەكانتان بەلاوە نەنێن و وزەكانتان لە بیركردنەوەی لۆژیكی و عەقڵانیی داهێنەرانەدا سەرف نەكەن، هەر دەبێ چاوتان لە دەستی خەڵكی وەك ئێمەمانان بێت.. لێتان ناشارمەوە بڕێك ئیحراج بووم و وڵامێكی ئەوتۆم پێ نەبوو و، لە ناخەوە ڕۆچوومە بیركردنەوەیەكی قووڵ و داڕووخان، بەتایبەت كە ئەو كات هێندە ئاشنای بۆچوونەكانی ئەدلەری مەزن نەبووم، كە لە بەرانبەر تێزەكەی فرۆید سەبارەت بە داڕووخان (احباگ)، بە دەنگێكی بەرز هاواری كردووە «شكست، ناشێ هەر داڕووخان و خۆبەدەستەوەدان بێت، بەڵكو ئەگەر ئیرادە هەبێت، دەتوانێ بیكات بە خاڵێكی وەرچەرخان و هەستانەوە و چوونە پێش»، ئیدی كە تا ئەو كاتە بە ڕاددەی ئێستا ئەدلەرم نەدەناسی و، ئاشنای ئەمەش نەبووم، بە ناچاری بڕێك ستایش و وەسفی سۆبەكەم بۆ كرد، كە لەو سەرمایە چەند باشە بۆ خۆ گەرمكردنەوە و، پێم گوت: سوپاس، كە ئێوە دەستی ئێمەن، بەس لە ناخی خۆمدا ئەو قسەیەی پێشینانم كەوتەوە یاد، كە دەڵێت: «سواری ئەسپی خەڵكی، هەر پیادەیە، شەرابخۆر دڵی هەر لای بادەیە»!
ئەگەرچی نابێ وا هێندە بێناز بڕوانینە خۆمان، چونكە لێرە و لەوێ كەسانێكمان بە كردار ناویان چووە نێو ناوەندە زانستییە جیهانییەكانییەوە، لەوێنەی كۆچەر بیركاری بلیمەت لە بواری ماتماتیك، كە دەتوانم وەك باڵیۆزی كورد لە بواری زانست ناوی بهێنم، هاوكات ئەو خەڵاتەی پۆشكینیش، كە سەرۆك پۆتین بەخشییە مامۆستای گەورەمان بەڕێز د. ڕەشاد میران، ئەمانە گەواهین لەسەر ئەوەی خەڵكانێكمان هەن خۆیان سەلماندووە و، ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە كە ئەم سەدەیە، سەدەی مانەوەیە بە ئەفراندن و نیشاندانی تواناو داهێنانە زانستییەكان.. هەر نەتەوەیەك لەو بوارەدا بتوانێ ئەسپی خۆی تاو بدات، ناوەكەی بە زیندوویی دەمێنتەوە و، بەرداشی گڵۆباڵیزەیشن و سستێمی نیۆلیبڕاڵیزمی جیهانی و بازاڕی ئازاد، بە ئاسانی ناتوانێ بیهاڕێت، بەڵام قسە و هەڵوەستەی من لەسەر ئەدای سستێمی ئەكادیمی و پەرەپێدانی سەرچاوە و سەرمایەی مرۆییە. ئەو بەڕێزانەی، كە ناومان هێنان و چەندانی دیكەی وەك ئەوانیش، دوای گەیشتنیان بە ناوەندە زانستییەكانی وڵاتانی دیكە توانیویانە تواناكانیان بەرەوپێش ببەن و بە ئەنجامێكی شایستەوە دەربكەون. پرۆسەی خوێندنی باڵا لە هەرێم لە ڕووی بەرزكردنەوەی توانا زانستییەكانی نەتەوەییمان، لە ئاستێكی باشدا نییە و نامەوێ بە ژمارە و چەندایەتی بخەڵەتێم و، بەرەوپێشچوونی ئەم كەرتە بە كردنەوەی ژمارەیەكی زۆری زانكۆ و پەیمانگە و، بەناو پێگەیاندنی هەزاران كادری زانستی و ئەو هەموو هەڵگرەی بڕونامەی ماستەر و دكتۆرا و پڕۆفیسۆرانە ببەستمەوە، بەڵكو با ئەوە بكەین بە پێودانگ كە بۆچی بەشی هەرە زۆری دەرچووانی زانكۆكانمان لە چاوپێكەوتنی كۆمپانیاكاندا دەرناچن و زۆربەیان بێكار ماونەتەوە، بۆ نەمانتوانیوە وا پێیان بگەیەنین و ئینتیمای نەتەوەییان لەوەدا بەرجەستە بكەین كە ئیدی زانست باشترین ئامرازی خەباتی نەتەوەییە، ئێ بێگومان نەمانتوانیوە و ناشتوانین، لەبەرئەوەی زانكۆكانمان بوونەتە پاشكۆی كۆمەڵگە و لە بەرهەمهێنانی مەعریفەدا هێندە گەڕاونەتەوە دواوە كە وێنا ناكرێت! ئاخر نە هەموو كەس هی ئەوەیە لە زانكۆ بخوێنێ، نە هەموو كەسیش هی ئەوەیە ببێتە مامۆستای زانكۆ، هەموو ساڵێ بە لێشاو خەڵكێكی زۆر دەخزێندرێتە نێو زانكۆكان و بە دەیان كەسی بێ كوالێتی دەكرێنە خاوەن بڕوانامەی باڵا، زۆربەشیان بە خاتر و ختور و ئەو لاو ئەملا بوونەتە مامۆستا و، شوێنی خەڵكی شیاویان زەوت كردووە و، كارەكەیان لە خەڵكی سەرڕاست و جددییش شێواندووە، بارودۆخێكیان لە زانكۆكاندا دروست كردووە كە مامۆستا دەبێ بەپێی ئاستی قوتابی وانە بڵێتەوە، لە كاتێكدا دروست ئەوەیە كە مامۆستا دەبێ ئاستی زانستیی قوتابی بەرز بكاتەوە لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی بڕی ئەو مەعریفەیەی هەیەتی، بەڵام بارودۆخێك لە زانكۆكاندا دروست كراوە هەر مامۆستایەك بیەوێ لە ئاست ئەركەكەی دابێت و بە دروستی مامۆستایەكی زانكۆ بێت، مامۆستایەكی خوازراو نییە و ئیدارەی زانكۆكانیش بە مایەی سەرئێشەیان دەزانن.
بە داخەوە لە واقعێكی وەك ناوچەكەی ئێمە، ئامادەسازی و میكانیزمی پڕكردنەوەی پێداویستییەكان بەو جۆرە ڕێك نەخراون كە قوتابی بكرێتە سەنتەری فێربوون و مامۆستا ڕۆڵێكی لاوەكیی هەبێت. لێرە كە قوتابی كراوەتە سەنتەر، بەڵام بە قسەی قوتابی پێویستی بە هیچ نییە و حەز ناكات وانەیەكیشی پێ بڵێیت، لە كاتێكدا لە وڵاتانی دیكە پێداویستییەكانی بازاڕی كار، قوتابی ناچار دەكات، ڕۆژانە بەتەنگ فێربوونی زانیاریی تازەوە بێت لە مامۆستاكەی، ئەگەر دەستی نەكەوێت، سكاڵای دەبێت، كەچی لێرە قوتابی سكاڵای لەو مامۆستایە هەیە كە ماندووی دەكات و زانیاریی پێ دەبەخشێت! كەواتە دەبێ هەماهەنگییەك لە نێوان بازاڕی كار و پرۆسەی خوێندنی باڵا و ناوەندە ئەكادیمییەكاندا دروست بكرێت، ئەویش بە ڕێكخستنەوەی هەردووكیان و لە جیاتی زۆری و بۆری، خەڵك بەپێی قابیلییەت و پێداویستییەكانی بازاڕ دەرفەتی خوێندنی باڵایان پێ بدرێت، كۆنتڕۆڵی جۆریی زانكۆكان بەشێوەیەك كارەكانی خۆی بكات، كە دیاریی بكات كێ شیاوی ئەوەیە بەشێك بێت لە ستافی ئەكادیمیی زانكۆكان. ئیدی كاتی ئەوە هاتووە زانكۆكانمان و خوێندنی باڵا بدەینەوە دەست خەڵكانێكی تەكنۆكرات و بوێر، كە خەمی گەورەیان پێگەیاندنی سەرمایەیەكی مرۆیی نەتەوەیی بێت و، كەس بە هیچ پاساوێك نەتوانێ دەست بخاتە كاروبارەكانیانەوە.
